زانستی دەرونی تەنیا سێكس و هاوڕەگەزبازی نیە!

23/02/2021

یادگار ئیسماعیل
هەندێ پزیشكی دەروونی و پسپۆڕی كۆمەڵایەتی هەبوون ماوەیەك بۆ بابەتی سێكس و هاوڕەگەزخوازی، زۆر خۆیان گەرم كردبوو ڤیدیۆ لەسەر ڤیدیۆ و چاوپێكەوتن لەسەر چاوپێكەوتنیان ئەكرد بۆ ڕوونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتانە. بەڵام لە پڕێكدا ئەوان بێدەنگبوون و  هیچ ڤیدیۆ و چاوپێكەوتنێكی تریان نەكردۆتەوە!

دەستیان خۆش بێت هەموو كات بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری بابەتەكانی سێكس و پەیوەند بەوەوە، ڕوونكرنەوە و ڤیدیۆی باشیان كردووه. بەڵام خۆ بابەتەكانی پزیشكی و بابەتە دەروونی و كۆمەڵایەتیەكان هەر سێكس و هاوشێوەكانی نین! دنیایەك بابەتی تر و كێشەی ترمان هەیە لەو كۆمەڵگایە، ئەی بۆ لەسەر ئەوانەش لایڤ و ڤیدیۆ و چاوپێكەوتن ناكەن؟!
یانی لای ئەوان هەر ئەو دوو بابەتە بابەتی دەروونی و كۆمەڵایەتی بوون؟! تەواو؟ هیچ بابەتی تر نەماوە؟! یان هیچ بابەتێكی تر جگە لە بابەتی سێكس لە بازنەی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا نیە؟!

هیوادارم بەزووترین كات دەست بكەن بە دەركردنی ڤیدیۆ و چاوپێكەوتنی تر لەسەر زۆر بابەتی تر كە هەر پێویستی كۆمەڵگەن و هێشتا ئەوان لێی بێ ئاگان، ئەگەر ئەوان تەنها زانیاریان لەو دوو بوارە هەیە با ناونیشانی خۆیان لە پزیشكی و پسپۆڕی دەروونی و كۆمەڵایەتیەوە بگۆڕن بۆ دكتۆر و پسپۆڕی بواری سێكس و پەیوەند بە سێكس، كە ئەم ئیختیساسەش زۆر ئاساییە و لە زۆربەی ووڵاتانی پێشكەوتوو هەن. بەڵام كە پسپۆڕ بوویت لە پزیشكی دەروونی و جەستە و پسپۆڕی كۆمەڵایەتی، دەبێت لە زۆر بواری تری پەیوەست بە پسپۆڕیەكەت زانیاری و ڤیدیۆ پەخش بكەیت و بە تەنها لە گۆشەیەكی پسپۆڕیەكەت نەئاڵێیت و نەوەستیت.

ئەگەر بیانوو ئەوەیە كێشەی كۆمەڵگەی كوردی تەنها سێكس و بابەتەكانی پەیوەست بە سێكسە، ئەوا وانیە بیانویەكی تەواو نامەنتیقیە چونكە زۆر كێشە و قەیرانی تری دەروونی و كۆمەڵایەتی بەرۆكی ئەو كۆمەڵگایەی گرتووە، بەڵام بێدەنگیتان لە سەر زۆر بابەتی تر پەیوەند بە پسپۆڕیەكەتان، نیشانەی پرسیار لەسەر خۆی دائەنێت!