شەڕی یاساناسان

2 مانگ پێش ئێستا

حاكم قوباد
 دوای ئەوەی دادگای تاوانی هەولێر سزای 5 تۆمەتباریدا بە زیندانی كردنی هەریەكێكیان بۆ ماوەی  6 ساڵ ، ئیدی یاساناسان و پارێزەران و دادوەران و داواكارانی گشتی وهەڵگرانی بڕوانامەی لیسانس لەقانون ، بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد.

  بەرەیەكیان كە هەواداری پارتین و سەر بە زۆنی زەردن،  پێیان وایە هەر لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییەوە تا دادگایی كردن و بڕیاردان ، دادگا تاوانی هەولێر لەسەداسەد یاسای پیادە كردووەو بڕیارەكەش هیچ هەڵەیەكی یاسایی و شكڵی و هیچ خەوشێك لە پایدەكردنی یاسادا نییە. تۆمەتبارانیش تیادا جاسوسیان كردووەو  تیكدەرن ، لەسونگەی ئەو بەڵگە مادی و نامادییانەی لە كەیسەكەدا خڕكراونەتەوە جگە لە دانیانانی تۆمەتبارەكان _ گوناهبارەكان-خۆیان.

بەرەی دوەم كە زیاتر هەواداری یەكێتین و سەر بەزۆنی كەسكن و خۆیان بەڕكەبەری دەسەڵات دەزانن _دەسەڵاتی پایتەخت- ، پێیان وایە كەیسەكە لێوان لێوە لە هەڵەی یاساییو خەوشی شكڵی و بڕیارەكە بڕیارێكی سیاسییەو پەلەی تێدا كراوەو تۆمەتبارانیش لە كەیسەكەدا ئەسڵەن  تەنیا رۆژنامە نوسن و چالاكوانی  مەدەنیین و تۆمەتیان بۆ تەلفیق كراوەوە بێتاوانن.. تەیا لەسەر ئەوە سزادراون كە ئازادانە ڕایخۆیان بەرامبەر گەندەڵی دەسەڵات دەربڕیوەو هاواری قوتی خەڵكیان كردوەو  پێشیان وایە ڕادەربڕینیش مافێكە دەستوورو یاسا بۆی فراهەم كردوون. ئیدی نە جاسوسن و نەتێكدەر .

من وەك دادوەر و شارەزا لە كەیسی جنائی ، تا تەواوی دوسیەكە بەوردی و نەخوێنمەوەو بەڵگەكان نەبینم و هەڵیان نەسەنگێنم ناتوانم هیچ بڵێم. ڕای من وەك دادوەر وەك ڕای رۆژنامەنوس و حیزب و چالاكوانی مەدەنی نییە، هەر رایەك دادوەر لەدەرەوەی بینینی دوسیەكە بیدات ، وەك ئەوەیە تفەنگ بەتاریكییەوە بنێ.

  بەپێی یاسا  هیچ دادوەرێك بۆی نییە لەهیچ ڕیكخراوێكی سیاسیدا ئەندام بێت.. دیارە من هیچ كامێك لە دادوەرانی ئەم كەیسە ناناسم و نازانم داخۆ سەربە چ حیزبن  یان بێلایەنن..دادوەری دادپەروەر خۆی لە حیزبان بەدوور دەگرێ نەبادا  لە داگایی كردندا ،بەلای حیزبەكەیا  تەرازوی عەدالەت لار بكاتەوە!
  بڕیاری سزادانەكە بنبڕ نێیەو بە فلتەری دادگای جیاكاریدا (تەمیز) تێپەڕ دەبێت.

   بەلای منەوە دابەشبوونی دادوەران و یاساناسان و داواكارانی گشتی و پارێزەران و چالاكوانانی مەدەنی ، لەمەڕ كێشەی سزادراوانی  بادینان ، بەسەر دووبەرەدا ،بەلای منەوە زۆر خەتەرناكترە لە شەڕی براكوژی !؟