پــــارەی پەرەپێدانـــی پارێزگاكان

2 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس*
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەدانیشتنی 23 ی شوبات، لەگەڵ پارێزگاری پارێزگاكان و بەرپرسی ئیدارەسەربەخۆكاندا، بڕی پارەی پەرەپێدانی پرۆژەكانی پارێزگاكانیان، بۆ ساڵی 2021 دیاری كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەر 4 پارێزگاكە بڕی(349 ملیارو 702 ملیۆن) دینار تەرخان دەكرێت، لەداهاتی بەردەستی هەرێم.

لەم بڕیارەدا، پشكی شێر بۆ هەردوو پارێزگای هەولێری پایتەخت و پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە، تەرخانكراوی پایتەخت بە( 128ملیارو 352ملیۆن) دینار و بڕی (114 ملیار و350 ملیۆن) دیناریش بۆ سلێمانی.
هەرچی پارێزگای دهۆكە، بڕی (77ملیار) دینارو پارێزگا تازەكەی هەرێمیش، تەنها بڕی (30 ملیار )دیناری بۆ دیاری كراوە.

ئەوەی كە لەم بڕیارەدا گرنگە، دەستەڵاتی تەواو دراوە بە خودی پارێزگاكان، بۆ جێ بەجێ كردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیان، واتە وەزارەتەكان پەیوەندیان بەم تەرخانكراوانەوە نی یە، لایەنی پەیوەندیدار خودی پارێزگاكان خۆیانن.

ئەم هەنگاوە، جۆرێكە لەدابەزاندنی دەستەڵاتی دارایی و كارگێڕی، بۆ پارێزگاكان بەشێوەی نیمچە لامەركەزی، لەجێ بەجێكردنی پرۆژەكان.
گرنگ ئەوەیە، پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەپلانی تۆكمەی زانستی و واقعی، ئەو پرۆژانە بكەن بە سەرمەشقی كارەكانیان كە زۆرترین سوود بە كۆمەڵانی خەڵك ودانیشتوان بگەیەنن، لەڕووی ئابوری و كۆمەڵایەتییەوە.
بێ گومان، نابێت پرۆژەكان تەنها ناوەندی پارێزگاكان بگرێتەوە، بەڵكو ئەوەی كەپێویستە و گرنگە، قەزا وناحیەكان و گوندەكانن،بۆ ئەوەی ئەو شاروشارۆچكانە، لەخزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی و ئابوری بێ بەش نەبن،پێویستە ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت.

لەڕاستیدا، ناتوانین بڵێن دابینكردنی ئەم بڕانە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، مانای كۆتایی هاتنی قەیرانی ئابوری هەرێمە، بەڵام هەنگاوێكە، بەئاراستەی نزیكبوونەوە لەتێپەڕاندنی قەیرانەكە.
ئەوەی كە زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ ئەو لایەنانەی كەداوای لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دەكەن، وەك هەنگاوێكی سەرەتایی لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەم تەرخانكراوانە، بۆجێ بەجێكردنی پرۆژەكانیان، هەر بۆیە زۆر گرنگە حكومەتەخۆجێیەكان، تاڕادەیەكی باش بەشەفافی هەڵسوكەوت بكەن، لەڕووی دەركردنی تەندەری پرۆژەكان و دابەشكردنی پرۆژەكان بەپێی جوگرافیا و یەكسانی ناوچەكانیان.
لەلایەكی ترەوە، ئەمە دەبێتە ئەزمونێكی بەردەست بۆ ڕای گشتی، سەركەوتنی ئەم هەنگاوە، پاڵپشتی لایەنگرانی پرۆسەی لامەركەزییەكە بەهێزتر دەكات، پێچەوانەكەیشی هەر ڕاستە.

هەرچەندە، بڕی تەرخانكراوەكان، بەپێ ی خواستی پارێزگاكان پێویستیەكانیان نین، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی بێ بودجەیی و كەمبونەوەی داهاتەكانی حكومی، بەهەنگاوێكی ئەرێنی دەبینرێت، كە ئومێدەوارین، لەكۆتایدا ئامانجەكانی بەدەستهێنا بێت.
جێ بەجێكردنی پرۆژەكان، دوور بێت لەگەندەڵی و بەهەدەردان.هەروەها لەدەستی لیژنەیەكی دەستپاك و خاوەن ئەزموندا بێت، لەژێر چاودێری كردنی هەموو لایەك بەگشتی و ڕاگەیاندنەكان بەتایبەتــــی..

*ئابوریناس