میدیای ئابروچون و ئابروچونی میدیا!

2 مانگ پێش ئێستا

شێنێ
ماوەیەكی كەم نیە، كار و ئیشی میدیای كوردی بۆتە كاركردن لەسەر:
یانەكانی شەوانە
مۆدێلەكان
هاورەگەزخوازەكان
ڤلۆگەر و ڤاینەر و چالاكەكانی سۆشیال میدیا
روداوەكانی كوشتن و دەستدرێژی
چەندینی تر
ئێمە گرفتاری دەستی میدیاین، بە میدیاكارانیەوە، چونكە ئەگەر میدیایەكی راستەقینەمان هەبوایە، لەبری ئەم سواڵكردنی (لایك و فۆڵۆ و ڤیو)وە، كاری لەسەر هوشیاری دەكرد، بە مانایەكی دیكە، میدیا هێندەی خەریكی خستنەڕوی ئەو حاڵەتانەیە، هێندە خەریكی چارەسەری هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو حاڵەت و دیاردانە و فشارخستنە سەر دەسەڵات نیە بۆ رێگرتن لێیان.

ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر كردوە، تەنها میدیا نیە، بەڵكو نەبونی دیدگا و ستراتیژێكی دورمەودا و تەنانەت كورت مەودایە لەلای حزبەكان و حكومەت، سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵە كردنی میدیا و كاركردنی لە بوارە جیاجیاكان، ئەگەرچی گومانیش نەماوە كە سیستمی سیاسی كوردستان، بە دەسەڵات و حزبەكانەوە، ئەم جۆرە میدیای ئابروچونەیان دەوێ، نەك میدیایەكی راستەقینە!
چونكە نەك تەنیا بڵاو كردنەوەی ئەو پەیامانە، بەڵكو میدیاكان بونەتە بازاڕێك بۆ ساغ كردنەوەی هەرچی بابەت و دراما و فیلمی توركی و عەرەبی و هندی و كۆری یە، كە بەشێكیان هانی لادانەكان دەدەن و ئەو جۆرە حاڵەتانە برەو پێدەدەن بەرەو دیاردەیەكی بڵاو.

كەسێك شارەزای ئەم كۆمەڵگەیە نەبێت و سەیری میدیاكانی ئێمە بكات بە تەلەفزیۆن و وێبسایتەكانەوە، ئەو تێگەیشتنەی لا دروست دەبێت كە كوردستان تەنیا ئەو جۆرە كەسانەی تیا دەژی و جۆری تری مرۆڤ بونی نیە.
ئەم جۆرە حاڵەتانە، بونی یانەی شەوانە و هاورەگەزخوازی و مۆدێل و چالاكەكانی ناو سۆشیال میدیا، لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا هەیە، بەڵام كەم وڵات هەیە رێگە بدات كە میدیاكەی بە ئازاد و دەوڵەتی یەوە ببێتە بازاڕ بۆ ئەو كەسانە. بەڵام لێرە میدیا و میدیاكارانی تێنەگەیشتوو لە كاریگەری پەیامە میدیاییەكان، لەبری چارەسەر، بونەتە هاندەر، بگرە وێنە و شوێن و ناو و هەموو زانیاریەكی تایبەت بەو شوێن و كەسانە بڵاو دەكەنەوە و دەبنە رێنماییكار بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر روی تێبكات!
بەدرێژایی چەندین دەیە، دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق خەریكی تێكدانی فەرهەنگ و سیستمی كۆمەلایەتی ئێمە بوە، سێ دەیەشە حكومەتی خۆماڵی كوردی، بەناوی پێشكەوتنەوە هەموو كاڵا و ئاكارێكی دەرەكی لەم كۆمەڵگەیەدا دەچێنێت بەبێ ئەوەی زەمینەسازی بۆ بكات، بۆیە تادێت كاریگەری یە خراپەكانی لەسەر كۆمەڵ رەنگدەداتەوە و میدیاش بۆتە بزوێنەری خێراتر بونی ئەو خراپیانە.

گشت ئەوانە وای كردوە، لادان و حاڵتەكان ببێتە ناسنامەی بەشێك لە میدیاكان، كە ئەگەر لە رابردودا رۆژنامە و میدیای زەرد هەبوبێ، ئەوا ئێستا ئێمە بوینەتە خاوەنی جۆرێكی تری میدیا كە ئەویش میدیای سكانداڵ و ئابروچونە و ئابڕوی میدیا و میدیاكارانیشی بردوە! بۆ رێكخستنەوەشی ئیرادەیەكی دەوێت كە زۆر گەورەتر و بەهێزتر بێت لە ئیرادەی بەرەنگاری و بەرخودان و ئیرادەی روبەروبونەوەی ئەو گەندەڵیەی هەموو سێكتەرەكانی ئەم وڵاتەی گرتوە، چونكە ئەم میدیایە و پەیامەكانی زیاتر لە گەندەڵیەكان و كردە سیاسیەكان و تەنانەت خاكفرۆشی و ناپاكیش، كۆمەڵ بەرەو هەرەس و داروخان دەبات!