مەكتەبی سیاسی و مەلها

2 مانگ پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج 
1
تۆ بڕوانە میلەتێك ئومێد لە سەر خەڵكانێك هەڵبچنێ‌ كە لە حزبدا دەبنە مەكتەبی سیاسی و پیاوی ئاوەزمەند، كەچی كاری ئەو كردنەوەی یانەی شەوانەو خانەی لەش فرۆشی بێت، ئاخر دەبوو مەكتەبی سیاسی پڕۆژەو بەرنامەی هەبا بۆ كێشەو ئاڕیشەكان، دەبوو بەردەوام قسەو هەڵوێستی هەبوایە لە سەر بارودۆخ و رێگە چاری گرفتەكانیشی زانیبا، نەك لە چین و ماچینەوە كچانی بەد بەخت بێنێت و لێرە داهێنان لە كەڵەكە كردنی دۆلاردا بكات .
2
بروسكەوسەرە خۆشی لێدان بۆ مەرگی موستەشار و شینگێڕی بۆی هەمان لاسایكردنەوەیە كە موستەشار بە شەهید لە قەڵەم دەدرێت و لە تەنیشت ناوی ئارام و ئازاد هەورامی و زۆری دیكەوە شەهیدانەی بۆ دەبڕێتەوە، حزبگەلێك دایكانی ئەنفال لە بەردەم بانكەكان وەك سواڵكەر رابگرن و دیوەخانانە بۆ موستەشارو جاشەكان ببڕنەوە، هەرگیز ئومێدی هیچتان پێیان نەبێت لە نەهامەتی و وێرانی زیاتر .
3
چوون بۆ لای مناڵی گیراوەكانی بادینان و لە ئامێز گرتنیان، لاسایی كردنەوەی بانگكردنی ئامەد و شیرین ئەمین  و دایكی كاوەی جوانەمەرگ و ماچكردنی ئامەدە و ئەمەش درێژكراوەی هەمان ململانێی مەلایی و جەلالیە، لە بری ئەو چیرۆكانە ئەو قۆناغە  تێپەڕێنن و چیتر ئەو هەموو سوكایەتیە بە مرۆڤی كورد مەكەن .
4
درێژەدان بە گرتن و راوەدوونانی دەنگە ئازاد و جیاوازەكان، هەر بۆ كپكردنی ئازادی و لێسەندنەوەی مافی ووتن و نووسین نیە، بەشێكیشە لە سوكایەتی بەو هەموو كونسڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانەی كە لە هەرێم كراونەتەوەو بۆ داكۆكی لە ئازادی خەڵك هیچیان لە باردا نیەو خەڵك گومان لە داخزان و داڕزانیان دەكات .
5
هەمووتان ببنە شاهید و گەواهیدەری رۆژگارێك تێیدا خائین و گەندەڵ و ستەمكارو چەتە ئاسودە و بڕیاربە دەستن و نیشتمان پەروەرو قوربانی و ئازادیخوازان پەراوێزخراو، رۆژگارێك كەڕەنگە وەها تاریكتر نەبووبێ‌ .