تۆ مرۆڤی نەك بوكی باربی!

2 مانگ پێش ئێستا

عەتا شەمێرانی
چەند گوناهن ئەو ئەو ئافرەتانەی شەوو ڕۆژ خەریكی خۆڕازاندنەوەن بۆ ڕازیكردنی دڵی خزم و كەسوكار و هاوڕێكانی زانكۆیان!
چەند جێگای بەزەیین ئەو ئافرەتانەی كە هەمیشە ژیانی خۆیان تەرخان ئەكەن بۆ جوان دەركەوتنی ڕووخسار و قەد و باڵایان!

بۆ ئەستوركردن و گەورەكردنی لێوی، ئەچێت لێوی ئەخاتە بەردەستی پزیشكێكی چاوچنۆك و ئەویش بە دەرزی (فیلەر) شین و مۆری ئەكاتەوە، بۆ ئەوەی تۆزێك ڕوومەتی گەوورە ببێ، ئەچێت (بۆتۆكس)بەكار ئەهێنێت!

شەو و ڕۆژ سەرقاڵی تێكەڵكردنی سەدان جۆر داوودەرمانە بۆ ئەوەی تۆزێك ڕووخساری بدرەوشێتەوە، خۆی تووشی ئەو هەمووە ئازارە ئەكات و لەژێر ئەو هەمووە ئاگری لەحیمەیا ئەمێنێتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بەرامبەرەكەی پێی بڵێ؛ تۆ زۆر ناسك وجوانیت!
بەرگەی ئازاری ئەو هەمووە درزی ئاژنە ئەگرێت، كەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی وون ئەكات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی كەسی بەرامبەر.

خاتوونی بەڕێز ؛
ژیری و ئاوەز، تێگەیشتن و هۆشیاریت بەسە بۆ ئەوەی ببیتە جێگای سەرنجی دەوروبەرەكەت، زۆر ئاساییە گرنگی بدەیت بە جوانی وڕێكپۆشیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بخوێنەرەوە و گرنگی بە عەقڵیشت بدە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت كەتۆ خاوەنی كەسایەتی خۆتیت و تەنها جەستە نیت!
بیرت نەچێ تۆ مرۆڤیت نەك بووكی باربی!