ئایا ئێمە هاوڵاتین یا ڕەعیەت؟

2 مانگ پێش ئێستا

مەریوان وریا قانع – ئاراس فەتاح
س: درەو 
یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی جیاكردنەوەی كۆمەڵگا هاوچەرخەكان لە كۆمەڵگا سونەتیی و تەقلیدییەكانی ناو مێژوو، بریتییە لە تێگەیشتنی هەریەكێكیان لە چەمكی یاسا و لەو پێگەیەی دادگا لە كۆمەڵگادا هەیەتی. لە كۆمەڵگا هاوچەرخەكاندا یاسا بریتییە لە سیستەمێك لە بەها كە گرێنەدراوە بە خواست و ئیرادەی حوكمڕانانەوە، دابڕاوە لە ئەمر و نەهییەكانی ئەوان، خودی حوكمڕانان خۆشیان كەسانێك نین لەدەرەوە و لە سەرەوەی یاساكانەوە بن. 
یاسا لەم كۆمەڵگایانەدا وەك ئامرازێكی بەهێز بەدەستی كۆمەڵگاوەیە، بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە گشتییانەی دەیەوێت پێیانبگات و بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی ناو ئەو جیهانەی دەیەوێت دروستیبكات و تیایدا بژیی. كاری یاسا لەم كۆمەڵگایانەدا بریتیە لە پاراستنی تاكەكەسەكان لەیەكتر و لە دەزگاكان و لەوانەی ئەو دەزگایانە بەڕێوەدەبەن. 

ئامانجی سەرەكیی یاسا لە كۆمەڵگا هاوچەرخەكاندا بریتییە لە سەرلەنوێ داڕشتنەوە و باشتركردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی ئارام و هێمن و قابیلی ژیان، دروستكردنی ژینگەیەكی كۆمەڵایەتیی كە هەڵاوێردن و بێڕێزیی و پێشێلكردنی مافەكانی تێدانەبێت. لە زۆر شوێنیشدا خودی مافەكانی مرۆڤ دادەبەزنە ناو هەموو ئەو بوارانەی ترەوە كە پێویستیان بە ڕێكخستنی یاسایی هەیە و پێویستە یاسا تیایاندا دەستبەكاردەبێت. 

تاكەكەس لەم جۆرە كۆمەڵگا هاوچەخانەدا هاوڵاتییە، هاوڵاتییش بوونەوەرێكی یاسایی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتییە. بەم مانایە یەكەی سەرەكیی ناو یاسا لە كۆمەڵگا هاوچەرخەكاندا هاوڵاتییە، یاسا دێت بۆ ڕێكخستنی پەیوەندیی هاوڵاتیان لەگەڵ یەكتریدا، لەگەڵ دەوڵەت و دەزگاكان و دەسەڵاتداراندا. یاسا لە هەموو ئەم دۆخانەدا یاسایەكی گشتییە و بەسەر هەموواندا و بەبێ جیاوازیی پیادەدەكرێت. بەڵام لە كۆمەڵگا سونەتییەكاندا یاسا تا ڕادەیەكی زۆر، تەعبیرە لە ئیرادەی حوكمڕان، لە خواستی سەروەر و لە ویستی ئەمیر و سوڵتانەكان. چەمكی سەرەكیی ناو ئەم جۆرە كۆمەڵگایە هاوڵاتیی نییە، بەڵكو ڕەعیەتە. ئەگەر لەپاڵ چەمكی هاوڵاتییدا ماف و بەرپرسیارێتیی سەروەربێت، لەپاڵ چەمكی ڕەعیەتدا گوێڕایەڵیی و ئیتاعەت سەرەوە. 

ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینن هەواڵدانێكی بەردەوامی دەسەڵاتدارانە بۆ گەڕاندنەوە بۆ چەمكی ڕەعیەت لە شوێنی چەمكی هاوڵاتیی و سەپاندنی خواستی حوكمڕانە بەناوی یاسا و لەڕێگای یاساوە بەسەر میللەتدا، میلەت كە وەك ڕەعیەت مامەڵەدەكرێت. ئەگەرچی كۆمەڵگای كوردیی لەمڕۆدا و لە زۆر ڕووەوە كۆمەڵگایەكی تەقلیدیی نییە، بەڵام دەسەڵاتدارەكانی بە لۆژیكی سەردمە كۆنەكان مامەڵەی دەكەن.“


چەند پەرەگرافێك لە نووسینێكی هاوبەش بەناوی: یاسا و بێیاسایی لە هەرێمی كوردستاندا
ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع