لە جەنگی جیهانی دووەمدا، سەربازە ئەڵمانییەكان چییان بەكار دەهێنا؟

2 مانگ پێش ئێستا

د.كۆیار شێركۆ
لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا، كاتێك سەربازە ئەڵمانییەكان لە پێشڕەویدا بوون. توانا و وزەیان زیاد لە پێویست بوو بە جۆرێك بووبووە جێی سەرسوڕمانی هێزەكانی بەرامبەریان. بەڵام لە ڕاستیدا، سەربازەكان لە.ژێر كاریگەری دەرماندا بوون. ئەو كات مێپئەپفیتامنینێكیان بەكار دەهێنا كە پێیان دەگووت، پێرڤیتین. 

یەكە تەندروستییەكانی هەر دوو بەرەی جەنگ بەرپرس بوون لە دابەشكردنی ئەم دەرمانانە بۆ ئەوەی سەربازەكان بەهێزتر بن، كەمتر بخەون و كاریگەرییە لاوەكییەكانی جەنگ و مەرگ و ترس كەمتر لەسەر دەروونیان دەربكەوێت. 

ئەوەی بۆ سەركردە ئەڵمانییەكان گرنگ بوو، توانا و وزەی سەربازەكان بوو لە كاتی جەنگدا. تاكە شت كە بیریان لێدەركردەوە، سەركەوتن بوو لە جەنگەكاندا و بیر لە زیانە دوورمەوداكانی ئەم دەرمانانە لەسەر سەربازەكان نەدەكرایەوە. 

ئەمفیتامینەكان (كە گروپێكی دەرمانن و مێپئەمفیتامینیش لە خۆ دەگرن) كۆمەڵێك دەرمانن كە كار دەكەنە سەر ناوەندە كۆئەندامی دەمار و جۆرێك لە دڵخۆشی لە ڕادە بەدەر و وریایی زۆر لە بەكارهێنەرەكەدا درووست دەكەن و وا دەكەن خواردن و خەویشی كەم بكات. هاوكات مێپئەمفیتامینەكان، كاریگەرییان زیاتر دەمێنێتەوە و زیانی لاوەكیشیان زیاترە لەسەر كۆئەندامی مێشك و دەمار.

جەیمس هۆڵاند، مێژوونووس و شارەزای بەڵگە دۆكیومێنتییەكانی جەنگی جیهانی دووەم، دەڵێت كە ساڵی ١٩٣٠ پێرڤیتین درووستكراوە و زاناكان ویستوویانە لەسەر خوێندكاران تاقی بكەنەوە و بزانن تا چەند دەتوانن بە خەبەر بمێننەوە و لە تاقیكردنەوەكاندا نمرەی باش بە دەست بهێنن. واتە بە بازاڕكردنی دەرمانەكە، پێش جەنگی جیهانی دووەم بووە.