چەقۆ وەشێنەكان چییان دەوێت؟

2 مانگ پێش ئێستا

نیاز عەبدوڵا
- مانگێك لەمەوبەر چالاكوانی مەدەنی هاوڕێ كوردی لەلایەن  سێ كەس له شاری ‌هەولێر رێگری لێكرا و لەگەڵ ئەشكەنجەدانی هەڕەشەی زمانبڕینیان لێكرد، مۆبایل و جزدانیان لێبرد، دوای ئەشكەنجەدانی هاوڕێ بە ژمارەیەكی نەناسراو تەلەفۆن بۆ یەكێك لەبراكانی دەكەن و پێی دەڵێن هاوڕێ سێ گوللەی لێدراوە.

 -  16ی شوبات پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بادینان بەناوی بەدیهێنانی دادپەروەری، لە رێگای دادگای هەولێرەوە‌ تۆڵەیان لێكرایەوە لەبەرامبەر نووسین و كارە مەدەنییەكانیان كە ناڕەزایی تێدابوو بەرامبەر بە حكومەت و پارتەكانی، ئێستاش دەیان رۆژنامەنووس و چالاكوانی دیكە لە زیندانن یان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.

 -  26ی شوباتیش له شاری سلێمانی پەرلەمانتار د. غالب محەمەد لە پێش ماڵەكەی خۆی بەر قەچۆدرا و تاوانبار رایكرد، ئەو بەرپرس و حیزبانەی سەركۆنەیان كرد خۆیان زۆرترین تاوان و پیشێلكاری ئاشكرای رۆژانەیان هەیە بەرامبەر پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی و هاووڵاتی خۆپیشاندەر.

-  سەدان دۆسییە هەن لە هەرێمی كوردستان كە رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی و پەرلەمانتار، بەرچەقۆی یاسا یان بەرچەقۆی حیزبەكان و حكومەت و پەرلەمان كەوتوون، لە دۆخێكدا دەتوانین بڵێن لەو دۆسییانەدا تاوانباران بە رەهایی دەربازیان بووە لە سزای یاسایی.

-  ئەو هەڕەشە و تاوانانەی لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و پەرلەمانتاران دەكرێن، ئامانجەكەی كۆتاییهێنانی ئەو دەنگانەیە كە راستییەكان دەخەنەڕوو بە شێوازێكی مەدەنیانە، بۆیە پەیامەكە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستانە و ئەوەی راستی بڵێت لە هەرێمی كوردستان ژیانی لەمەترسیدایە، تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان (سۆرانی مامە حەمە، عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) بەڵگەی ئاشكرای دۆخە پڕ كارەساتەكەن.