قەیرانی نیوەی تەمەن چییە؟

2 مانگ پێش ئێستا

كوردۆ شابان
نیوەی تەمەن، دەستەواژەیەكە بۆ تەمەنێكی دیاریكراوی مرۆڤ كە ئیدی هەست دەكات خاڵی وەرچەرخان و قۆناغبڕییە، تێیدا زۆر كەس پێی دەڕووخێن و هەندێكیش بە تەمەنی پێگەیشتن باسی دەكەن. ڤیكتۆر هۆگۆ دەڵێ: "مرۆڤ لە چل ساڵیدا، گەنجی پیرە، لە پەنجا ساڵیدا دەبێتە پیری گەنج".

هەڵبەت دەستەواژەی نیوەی تەمەن، ڕێژەیییە و پێوەستە بە كەسەكانەوە و ئەگەری هەیە نیوەی تەمەنی یەكێك 15 ساڵ بێت و یەكێكی تر 50 ساڵ بێت، بەڵام بە گشتی كاتێك دەگوترێ نیوەی تەمەن، لە 40 بۆ 50 ساڵی دەگرێتەوە. ئەو تەمەنەی مرۆڤ هەستی كۆتاییهاتنی لا دروست دەبێت و كۆمەڵێ داڕووخانی دەروونی یەخەی دەگرێ، ئەمەش شتێكە زۆرینەی خەڵكی بڕوایان پێیەتی و وا هەست دەكەن ئیتر دوای تەمەنی 50 ساڵی، ئیتر بەرەو قۆناغی تەنگژەكان دەڕۆن.  ئایا ئەمە لە ڕووی زانستییەوە ڕاستە؟

ئەوەی كە ڕاستە و حاشاهەڵنەگرە، لەو تەمەنەدا مرۆڤ هەستی ڕازیبوون بە خۆی كەم دەبێتەوە.
لە توێژینەوەیەكی مەیدانیدا كە لێكۆڵینەوە لەسەر ژنان و پیاوان كراوە، ئەوە ئاشكرا بووە، لەو تەمەنەدا لە شتەكانیان ڕازی نین و هەستی شانازیكردنیان بە تەواوی لاواز دەبێ. ڕاپرسییەكی ئوسترالیش دەری دەحات، ئەو تەمەنەی كە مرۆڤ بە تەواوی هەست بە ڕازینەبوون و بێ توانایی خۆی دەكات، بریتییە لە 45 ساڵی، هەر بۆیە خەڵكی تەمەنەكانی 45 بۆ 54 ساڵی، لە خەڵكیی هەر تەمەنێكی تر زیاتر شوێنكەوتەی ئایینن.

خەڵكی ئەو تەمەنە، خۆیان یەكتری دەترسێنن و وای كردووە هەمیشە لەو بێهیوایییەدا بن، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی بەهێزی زانستی ئەوە ناسەلمێنێ كە ئەو تەمەنە ئیتر مرۆڤ دەپوكێتەوە و شایستەی ئەو بێهیوایییە بێت. ئەگەر هەندێ پاشەكشەش لە تواناكانی مرۆڤ هەبێ، ئەوا بایی ئەو هەموو داڕووخانە نییە كە بە گشتی خەڵكی لەو تەمەنەدا تووشی خۆیان دەكەن.

تەمەنی بێهیوایی لە كەیەوە دەست پێ دەكات؟
هۆكار زۆرن وا لە مرۆڤ بكەن هەست بە ناڕازیبوون لە ژیان و بێهیوایی بكات بكات بە تایبەتی كاتێك دەگاتە ئەو تەمەنانە، بەڵام ئایا ئەمە دەیكاتە تەنگژەیەكی ڕاستی؟ یان قۆناغێكە بە خەیاڵی خۆمان دروستی دەكەین و دواتر خۆمانی لێ دەرباز دەكەین؟ بەپێی توێژینەوەیەك، ئەوانەی تەمەنیان لە خوارترە، پێیان وایە نیوەی تەمەن لە 30 ساڵی دەست پێ دەكات و تا 50 ساڵی دەخایەنێ، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە، پێیان وایە كۆتایییەكانی 30 و نزیك لە 40 ساڵی دەست پێ دەكات تا دەگاتە 55 ساڵی و بۆ سەرەوە.
لە توێژینەوەیەكی ئەمەریكیدا هاتووە، سێیەكی ئەوانەی لەو وڵاتە تەمەنیا لە سەروو 70 ساڵییە، پێیان وایە لە نیوەی تەمەنیاندان. هەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنێ، بابەتی نیوەی تەمەن ڕێژەییە و پێوەستە بەو تەمەنەی مرۆڤ هەست بە بێهیوایی و بێزاری دەكات و لە دۆخەكان ناڕازییە.

خەڵكی لە نیوەی تەمەن بیر لە چی دەكەنەوە؟
ئیلۆت جاك توێژەری دەروونی كە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1965 دەستەواژەی "تەنگژەی نیوەی تەمەن"ـی دانا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: ئەو تەمەنە مرۆڤ تووشی هەستی نزیكبوونەوەی مردن دەبێ و پێی وایە لە بەردەمیدایە، لە كاتێكدا ئەو تەمەنە لووتكەی گەیشتنە بە ژیان. هەروەها نووسیویەتی: ئێستە مردن بووە بە شتێكی كەسی، لەجێی ئەوەی دەستەواژەیەكی گشتی بێت. 
جاك ڕوونی دەكاتەوە، مرۆڤ لەو تەمەنەدا، لە بۆچوونەكانیشیدا بێهیوایی و ڕەشبینی دەبینرێ و هەست دەكەی خۆی بەدەستەوە داوە، بەڵام كاتێك ئەو قۆناغە دەبڕین و دەست بە بەرەنگاربوونەوەی هەستی مردن دەكەین و چالاك دەبینەوە، لەو قۆناغە دەرباز دەبین.

كارل یۆنگ، زانای دەروونناسیی سویسری و دامەزرێنەی سایكۆلۆژیای شیكاری، بۆچوونێكی جیاوازی هەیە و دەڵێ، نیوەی تەمەن ئەو كاتەیە كە مرۆڤ هەموو لایەنەكانی دەروونی بە تەواوی پێ دەگات و دركی بۆ شتەكانی چواردەوری دەگاتە لوتكە، پیاو دەتوانێ لایەنی ژنانە لە نەستی خۆیدا بگەڕێنێتەوە كاتێك لە گەنجێتیدا پێی سەرسام بووە و ژنانیش دەتوانن خۆیان لەلایەنی پیاوانەی شاراوە تیایاندا بزر بكەن.

بەپێی بۆچوونی ئایینەكانیش، مرۆڤ لە تەمەنی سەروو 40 ساڵیدا ئینجا بە تەواوی گەشە دەكات و تواناكانی هزریان دەگاتە لووتكە، هەر بۆیە پەیامهێنەكانیش لە دوای ئەو تەمەنەوە نزایان بۆ هاتووە و توانیویانە بانگەشەی بڕواكەیان بدەن بە گوێی خەڵكیدا.

ئەم ڕایەی ئایین، زانستیش پشتڕاستی كردووەتەوە و لە توێژینەوەیەكدا دەیسەلمێنێ، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان 43 بۆ 52 ساڵە، حەز دەكەن كەمترین پشتبەستیان بە خەڵكی بێت و كەمترین ڕەخنەش لە خۆیان بگرن و زۆرتر هەست بە متمانە و بەرپرسیارییەتی دەكەن.

لە توێژینەوەیەكی تریشدا ئەوە هاتووە، گۆڕانكارییەكانی لە نیوەی تەمەندا بەسەر مرۆڤدا دێ، ئەرێیین نەوەك نەرێیی، چونكە زیاتر مرۆڤ درك بە دەوروپشتی دەكات و باڵانسی خۆی دەپارێزێ و لە شڵەژاویی گەنجێتی دوور دەكەوێتەوە و لۆژیكییانەتر بیر لە هەموو شتێك دەكاتەوە و بۆچوونەكانی سەبارەت بە ژیان ڕاستترن.

بۆ ڕزگاربوون لە گرفتەكانی نیوەی تەمەن و ئەو هەستانەی مرۆڤ تووشی خۆی دەكات، پێویستە سەرەتا ڕازیبوون بگەڕێنێتەوە و خۆشەویستیی بۆ ژیان هەبێ و كۆتاییش هەر بە گوتەیەكی ڤیكتۆر هۆگۆ دەهێنین، دەڵێ: زۆر جوانە كاتێك كەشخەیی و چرچیی پێست پێكەوە لە كەسێكدا دەبینی.