ئازادی زۆر و ئازادی كەم!

2 مانگ پێش ئێستا

هاوڕێ توانا
كێشەی ئێمە نەبوونی ئازادی نیە، بەڵكو كێشەی ئێمە كێشەی (تەوزیعی) ئازادیە، واتا چۆن كێشەی هەژاری و نەداری ئێمە پەیوەندی بە هەژاری نەداری وڵاتەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە جۆری ئیدارەدان و دواجار تەوزیعی داهاتەوەیە هەرواش پرسی ئازادی لە وڵاتی ئێمە، پەیوەندی بە نەبوونی ئازادیەوە نیە، بەڵكو درووست پەیوەستە بەو دابەشكاریەی ئازادی.
 
هەر ئەوانەن كە ئیدارەی وڵات ئەدەن هەر ئەوانیش ئیدارەی بەهاكان ئەدەن، هەر ئەوانەی تەوزیعی داهات دەكەن، هەر ئەوانیش تەوزیعی ئازادی دەكەن.
كاتێك ئەمەش هاوكێشەكە بێت، چۆن كێشەی نادادی لە پرسی دابەشكردنی داهات ڕوو دەدات، هەرواش پرسی نادادی لە مومارەسەی ئازادی ڕوودەدات، جا ئەمەكڕۆك و جەوهەری بوون و نەبوونی ماف و ئەركە لەم هەرێمە.

ڕامێنن لێرە كەمینەی دەسەڵات بەدەست داهاتی زۆرینە دەبات و دەدزێت ئەمە بریتیە لە زۆری ئازادی، زۆرینەش ئازادی ئەوەی نیە بڵێت بۆ دەدزی ئەمەش بریتیە لە ئازادی كەم، یان ڕوونتر بڵێین لێرە "دز" ئازادە دزی بكات، بەڵام لێدزراو مافی نیە بە دز بڵێت بۆ دەدزیت!