كەسێكی بەهرەدار، بەلام مرۆڤێكی سەخیفە

2 مانگ پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو
هەندێك لە كەسانی نوخبەی رۆشنبیری كۆمەلگا، بەجیاوازی پیشەكانیانەوە، زۆر سەركەوتوون و، هەندێك لەو دەستبژێرانە ئەوەندە بەهرەدارن كە داهێنان لە كارەكانیان دەكەن، كە گوێت لە قسەكانیان دەبێت، یا بەرهەمەكانیان دەبینیت یا دەیخوێنیتەوە، بەدەست خۆت نیە خۆشت دەوێن، بەلام كە هەندێك شتیان لەسەر باسدەكرێت یا لێیان نزیك دەبیتەوە، رەفتاری چروك و قێزەوەنانەی وا لەچەشنی پردانی سێكسی و نیفاق و درۆ و راپۆرت نووسین لەسەر ئەم و ئەو- یان لێدەبیستی یا دەبینی، لەبەرچاوت دەكەون و، بۆت دەردەكەوێت كە كەلێنێكی گەورە لەنێوان وێنەی كەسە رۆشنبیرە خۆشەویستەكە و، راستی هەیە... هەموو كەسێك لەو دەستبژێرە بەهرەمەندە، مرۆڤێكی نەجیبزادە و رەسەن و رەفتار دروست نیە، بەرهەمەكانیان لووتكەی جوانی و مرۆڤایەتی و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و مافی ژنە، بەلام كە هەندێك شتیان لەسەر دەبیستی یا لێیان نزیك دەبیتەوە، «دۆزەخ»ێكن دەبیت لێیان هەلبێیت و، بێزت لەخۆت دەبێتەوە وەك مرۆڤ...بەلام ئەوەشت بۆ روون دەبێتەوە، كە بەرهەمەكانیان شتێكە و، هەقیقەتی ئەوانە شتێكی ترە.

 بۆ هەلسەنگاندنی بەهرەمەند یا داهێنەر، پێویستە مرۆڤ و هونەرمەند لێكجودابكرێنەوە...تاوانی وا هەیە كە بە پێشكەوتن ناكەوێت، هەروەها بە مردنی داهێنەرەكەش كۆتایی نایەت، بۆ نموونە:« پاپلۆ نیرۆدا» ی شاعێری گەورەی تشیلی، كە« گابرایل گارسیا ماركیز» بە گەورەترین شاعێری سەدەی بیستەم بە هەموو زمانەكانی دانا، لە سالی«٢٠٠١»دا پەرلەمانی تشیلی پرۆژە یاسای ناونانی فرۆكەخانەی« سانتیاگۆ»ی پایەتەختی تشیلی بە ناوی پاپلۆ نیرۆدا پەسندكرد، بەلام رێكخراوەكانی ئافرەتان ئەمە چارەمین جارە و «٢٠» سال زیاترە زۆر بەتووندی رەتیدەكەنەوە كە بەناوی ئەو بنرێت، چونكە تاوانی بەرانبەر مافی ژن كردووە، هەتا كچەكەی كە بە نەخۆشی لەدایك بووبو ئامادەی تەرمی باوكی نەبوو، «نیرۆدا» دوای مردنی لە یادەوەریەكانیدا، دان بەوە دەنێت، كە كاتێك دبلۆماتكار بووە لە سریلانكا دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر ئەو كچە سریلانكیەی كە خزمەتكاری بووە و، كچەكە مومارەسەی سێكسی لەگەلیدا رەتكردۆتەور، بەلام نیرۆدا بەتۆپزی ناچاریكردووە مومارەسەكەی لەگەلیدا كردووە.... نیرۆدا خەلاتی نۆبلی بەدەستهێنا، دادوەرانی خەلاتەكە تەجاوزی تاوانەكایان كرد، بەلام ئافرەتانی تشیلی لێی خۆش نەبوون.

 (رۆمان بولانسكی» دەرهێنەری ناوداری فەرەنسی بە نەژاد پۆلەندی، كە ئێستا تەمەنی«٨٨» سالە و، ئیستاش پێگەی لەسەر شاشە و ڤیستیڤالەكاندا هەیە، لە فیلمی ئەم داویەیدا«جاكیوز» بە خەلاتی لێژنەی گەورەی دادوەری لە ڤیستیڤالی« ڤینیسیا) سەركەوت، ئەو خانمەی كە سەرۆكی لیژنەی دادوەری بوو، رایگەیاند كە« ئەو» چەپلەی بۆ لێنادات بۆ بردنەوەی خەلاتەكە، بەلام رێگەی ئەوەشی لێناگرێت كە دەنگی پێنەدات، واتە خانمەكە وەك مرۆڤ رەتیكردەوە، بەلام وەك هونەرمەند نەیتوانی رەتیكاتەوە.
جێی باسە« بولانسكی» لەلایەن دادگاوە داواكراوە و، ناتوانێت بگەرێتەور ئەمەریكا، چونكە تاوانبارە بەوەی كە «٤١» سال لەمەوبەر دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر مێردمندالێكی بێسەرپەرشتیار و، هەر كاتێكیش لە هەندێك ڤیستیڤالەكان ناوی بۆ رێزلێنان تەرح دەكرێت، زۆربەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەیكەنە هەلا و، عادەتەن رێزلێنانەكە دەكێشنەوە.

 جا كاتێك تۆ هەندێك لەو كەسایەتیانە، كە لە دوورەوە وەك قەدیسێك سەیرت دەكرد و، خۆت پێیان دەناساندن و لێیان نزیك دەبوویەوە، لەبەرچاوت دەكەوت و، پەشیمانی لەوەی كە ئەوت ناسیووە، بەلام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە سەرسام نەبیت بە بەرهەماكانیان و، لێیان دابرێیت و، لەزۆربەی جاردا ژیانی هونەرمەند یا شاعێر.. هتد پەیوەندی بە هونەرەكەیەوە نیە.

 لەوانەیە خەلك لێبووردن لە هەندێك هەلەی شەخسی، وەك خواردنی موخەدەرات و، هەتا ساختەكردنیش هەبێت، بەلام تاوانەكانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن و خیانەتكردن لە نیشتیمان، ئەمانە هاتا دوای مردنیش لە كۆل ئەنجامدەرانی نابێتەوە، ئەمەیە ئازاری قەبر.