كێتان بە قۆپێ پەروەردەنەبووە با یەكەم بەردی تێبگرێت!

2 مانگ پێش ئێستا

بەهمەن تاهیر نەریمان
خاتونێك زینای كردبوو، ئامادەیان كردبوو سەنگەساری بكەن،  كە مەسیح گەشتە سەر ڕوداوەكە، چوە پێشەوەو وتی:(كێ گوناهەی نەكردوە با یەكەم بەرد ئەو بیهاوێت!). كەسی لێنەما تا بەردێكی تێبگرێت، هەموو چۆڵیان كرد، چونكە هەموویان گوناهباربوون(ئەو ساتە ساتی پەردەهەڵماڵین بوو لە گوناهباریی هەموان).

سیستمی پەروەردەی ئێمە بەرپرسە لەو بەرپرسەی دزیی دەكات، بەرپرسە لەو مامۆستا زانكۆییەی نە هونەری بیركردنەوەی ئازاد دەزانێت، نە ڕێش دەدات خوێندكارەكانی ئازادانە بیربكەنەوە، بەرپرسە لەو بازرگانە تاڵانچییەی قۆڵمان دەبڕێت، بەرپرسە لەو دوكاندارەی بەسەرچومان بەنرخی نوێ دەرخوارددەدات، بەرپرسە لەو پزیشكەی، وەك قەساب، تەنها بۆ لێكێشانەوەی پارە هەڵمان دەدڕێت، بەرپرسە لەو مەلا ئاینییەی ئەوەی دەی ڵێت خۆی كاری پێناكات...

مامۆستایەك، خۆی دانی بەوەدا ناوە قۆپێی كردووە، ئەوەتا هەمووی خەریكی ڕەجمكردنی ئەون، دەی كێمان لە خوێندن فێری قۆپێ نەبووین با یەكەم بەردی تێبگرێت، منیش ئەو گوناهەم كردووە.
ئەو ساتەی ئەم خاتونە دان بە پەروەردە پڕ تەزویرەكەیدا دەنێت، ئەوە ساتی ڕاستگۆییە، ئەها هەموان خەریكی ڕەجمكردنی ساتێك لە ڕاستگۆین! ئەم ڕەجمكردنەی ئێمە بۆ ئەو خاتونە، ساتی ساختە و دەمامكپۆشینی هەموانە، با ئێمەش دەمامك لابدەین و بڵێین منیش قۆپێم كردوە، با ساتێك مەسیحانە ڕاستگۆبین.

 ئەگەر ئەو خاتونە ناڕاست بوایە و بی وتایە: (هەر بە هەوڵی خۆم دەرچوم و هەرگیزیش قۆپێم نەكردووە)، ئەم درۆیە ئەوی لە ڕەجمكردن دەپاراست، درۆ، لە كۆمەڵگەی پەروەردەی قۆپێچیدا، ئێمە گەورە دەكات، ساتێ ڕاستگۆیی بەر نەفرەتمان دەخات، ئەوەی توكی لێدەگرێت؛ شەڕ لەگەڵ قۆپێكردنەكەیدا ناكات، شەڕ بۆ لەدەستچونی پەروەردە ناكات، شەڕ لەگەڵ ئەو ساتە لەڕاستگۆیی دەكات، ناخود ئاگایانە، ئەم خاتونەی تێدەكەوێت، شەڕ لەسەر ئەوە دەكەن ئەگەر پەردەی سەر پەروەردە هاوبەشە مەكتەبلییەكەمان لادرا، هەموان وەك قۆپێچی دەردەكەوین، شەڕ دژی ڕاستگۆیی دەكەین، نەك شەڕ دژی ساختە و تەزویر، شەڕ بۆ پەردەپۆشكردنی ساختەیی خۆمان دەكەین، نەك شەڕ دژی قۆپێچییەك.

 با ساتێك ڕاستگۆبین، كێمان قۆپێی نەكردووە، قۆپێی نەدیوە كە كراوە و لێی بێدەنگ نەبووە، با یەكەم بەردی تێبگرێت و مێشكی بپژێنێت.