با قسەكان لەسەر سیستەمەكە بێت، نەك قۆپیەكەی ئاشنا خان

1 مانگ پێش ئێستا

دلێر عەلی
ئاشنا خان، ئەو خاتونەی لەیەكێ لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەكان لە چەند ڕۆژی پێشوو، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە دوای دووی ناوەندیەوە كۆی پڕۆسەی خوێندنی بە قۆپی بڕیوە، بۆتە باسی ڕۆژ، لە پێگەكانی شۆسیال میدیا هەریەكەمان لە گۆشەنیگایەكەوە قسە لەسەر ئاشنا و كەسایەتی دەكەن، لە كاتێكدا دەبوایە سەرنج و قسەكە لەسەر سیستەمەكە و پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بوایە، كە دەرفەتی ڕەخساندوە قوتابی كۆی پڕۆسەكە بە قۆپی ببڕێت، نەك هەموومان سەرنجەكەمان لەسەر خودی ئاشنا بێت وەك تاوانبار و قۆپیچی.

لە دنیادا قوتابخانە و زانكۆ شوێن و كایەكی زانستی و مەعریفیە، ئەركی بەرهەمهێنانی هۆشیاری و هزر و قوتابی زانستخواز و تێگەیشتووە، بۆ ئەوەی ببێتە هاوڵاتیەكی هۆشیار بەبوونی خۆیی و كۆمەڵگەكەی، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان پڕۆسەكە پێچەوانەیە، بەتایبەت زانكۆ وەك ناوەندێكی ئەكادیمی دەبێت پرسیار دروست بكات، هزری فێرخواز بجوڵێنێت بۆ داهێنان، شیكردنەوەی بۆ گۆڕانكاریەكان هەبێت و لێكدانەوە بۆ كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگە بكات، بەم پڕۆسەیەی زانكۆش دەوترێت بەرهەمهێنانی ئاگایی یا زانیین لای قوتابی، بەڵام ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكان لە كوردستان فێرخواز قڵپ دەكاتەوە لە ئاگایی و هزر و زانین، ئاڕاستەی دەكات بەرەو لادان، لەدواجار قوتابی بڕوانامەی هەیە، بەس خاڵی لە زانین !!

گرفتەكە حیزبە، كە هۆكاری وێرانی ناوەندەكانی خوێندنە تا زانكۆ، لە كوردستاندا هاوكێشەكە پێچەوانەی هەموو جیهانە، ئەوەندەی حیزبە سیاسیەكان و كلتوری حیزبی خێڵ و بنەماڵەی سیاسی باڵادەست كاریگەریان هەیە لەسەر زانكۆ، زانكۆ نیەتی، بۆیە هێڵێك نابینی لە نێوان بۆچوونەكان و لێكدانەوەكانی باوی كۆمەڵگا بەگشتی و بیركردنەوەی ناوەندێكی ئەكادیمی وەك زانكۆ، ئەمە بەو مانایە نیە بمەوێ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمیەكان بێ ڕۆڵ بكەم، بەڵكو دەبوایە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ بەتایبەت خاوەن گوتار و ڕاڤەكردنی خۆی بێت، كە نیەتی!

لە ئێستادا ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ لە كوردستان بەشێوەیەكە كە دەستەپاچەیە لەبەرامبەر ڕووداوو و گۆڕانكاریەكاندا، بۆیە هەمیشە زانكۆش وەك جەماوەرە نائەكادیمەكە چاوەڕوانی دەرەوەی جەستەی خۆیەتی بۆ لێكدانەوە و وڵامدانەوەی ڕووداوو و گۆڕانكاریەكان، ئەمەش پێمان دەڵێت زانكۆ لە خاڵی چەقبەستن و پیربوندایە لە بەرهەمهێنانی ئاگایی و زانین و داهێنان!

ئەگەر بمانەوێ زاكۆكانمان قوتابی هۆشار بەرهەمبهێنێت دەبێ قسەمان لەسەر سیستەم و چۆنێتی و چەندێتی پەروەردە و فێركردن و زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمەكان بێت، ئەویش بە دەرهێنانی دەستی حیزب لەناو ئەم ناوەندە گرنگ و باڵایە.
قۆپیەكەی ئاشنا خان دەرخەری ئەو ڕاستیە تاڵەیە، كە ناوەندەكانی خوێندن و ناوەندەكانی زانكۆی لە كوردستان ناتوانن ڕێپیشاندەری زانستی و عەقڵی و ئاگایی كۆمەڵگەكەمان بكەن، تەرزێكی نوێی بیركردنەوەی زانستی و عەقڵانی بەسەر كۆمەڵگەدا بسەپێنن، یان مۆدیلێكی نوێی ژیانكردن و بیركردنەوە و پلاندانان بەرهەم بێنن، تاكو ناچاری خۆ گۆڕینمان بكەن، چونكە زانكۆی ئێمە پێشڕە و ڕەچەشكێن نیە، لەبەر ئەوەی مامۆستاكانی ئەندامە بێ كار و ئیشەكانی حیزبن بە تەزكیە لەوێ دانراون، بۆیە لێك تێگەیشتن و بەشداری كردن و ڕاوێژكردن لە نێوان قوتابی و مامۆستا تا ڕادەیەكی زۆر بونی نیە لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكاندا، بەداخەوە ڕەوشی كوردستان واقعێكە بەئاسانی بۆ گۆڕان خۆی نادا بەدەستەوە، بۆیە ئەم واقیعە و ڕەنگدانەوەكەی تا ئەوپەڕی مەترسیدارە لەسەر ئایندەی ئاگایی و زانین و ناوەندە ئەكادیمیەكانمان .