بۆچی دەبێت قۆپیكارەكە سزا بدرێت و بچێتەوە بۆ یەكی ناوەندی

1 مانگ پێش ئێستا

ئیسماعیل حەمەئەمین
ئەمجارە وەك نوسەرێك نانوسم، بەڵكو وەك تایبەتمەندێك لە بواری دەروونزانی و زانستەكانی پەروەردە. دەڵێم دەبێت ئەم خانمە لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە بخرێتەوە پۆلی یەكی ناوەندی:
یەكەم: بەدەمی خۆی دانیپێدانی كردووە، لەژێر فشاری دەروونی و جەستەیدا نەبووە. دانپێدانانیش گەر لەژێر فشاردا نەبێت و ئارەزوومەندانە بێت شای بەڵگەكانە. خۆی دەڵێت؛ لە دووی ناوەندییەوە قۆپیەی كردووە تاوەكو كۆتایی خوێندنی. لێرەوە دەبێت نەك بڕوانامەی زانكۆ بەڵكو بڕانامەی سێی ناوەندیشی لێ بسەنرێتەوە و بچێتەوە یەكی ناوەندی. چونكە بەكالۆریای سێی ناوەندی بە مافی خۆی بەدەست نەهێناوە و لێرەوە قۆناغەكانی دواتریش بەتاڵ دەبێتەوە تاوەكو بەكالۆریۆسەكەی.

دووهەم: گەر بڵێت من بۆ خۆشی ئەوەم گوتووە و حەزم كردووە خۆم هەڵبكێشم، ئەوا هەر دەبێت بڕوانامەكەی لێ بسەنرێتەوە. چونكە شانازیكردن بە قۆپیە لای مامۆستا، پسپۆڕی پەروردە، وەك ئەو ئەفسەری پۆلیس یان دادوەرە وایە شانازی بە دزییەوە دەكات. وەك ئەو پزیشكە وایە مردنی نەخۆشەكەی دەكاتە نوكتە و گاڵتە. وەك ئەو شا؛یرە وایە گاڵتەی بە شیعر دێت. لێرەوە (ڕەوایەتی) لەدەستدەدات. هەر پیشەیەك خاوەنەكەی ڕەوایەتی لەدەست دا، چیتر ناتوانێت خاوەنی بێت. 

سێهەم: گەر وەزیری پەروەردە بەو حونجەتە خۆی دەپاڕێنێتەوە كە گوایە ئەو زانكۆ و پەیمانگەیە سەر بە حكومەت نییە، هەربۆیە ناتوانین لەڕووی زنجیرەی پلەبەندییەوە سزای بدەن. ئەوا مانای ئەوەیە حكومەتی هەرێم لە فەوازیەكی گەورەی بەهای وەزارەت و كۆنترۆڵدا دەژی و دەبێت ئەم كابینیە كۆتایی پێ بێت. بەسادەیی؛ وەزارەتی پەروەردە دوكانی شت فرۆشتن نییە، هەر لێپرسراو بێت لە دوكان و كۆمپانیەكەی خۆی و لێپرسراو نەبێت لەو (بەها پەروردە) یانەی كە هەڵیگرتووە. وەزارەتەكان لێپرسراون بەرامبەر هەموو شتێك تایبەت بێت بە ئەوانەوە و تایبەتمەندی ئەوانەوە لەو وڵاتەدا. یاساكان و بەهاكانی وەزارەتەكە بەسەر كۆمپانیای ئەهلیدا وەك حكومیدا دەچەسپێت. گەر وانییە، كەواتە وەزارەتی پەروردە مافی لێپرسینەوەی قوتابخانە ئەهلی و پەیماناگا و زانكۆكانی نەبێت، كەواتە ئەوان وەزارەتێكن لەناو وەزارەتێكدا. وەكو یاساش ئەمە جێگەی قبوڵ نییە. 

چوارەم: گەڕانەوەی ئەم قۆپچیە بۆ پۆلی یەكی ناوەندی سزای تەواو و دادپەروەرانەیە. تۆیەك كە لەدووی ناوەندیدا بە مافی خۆت دەرنەچووبیت كەواتە كۆی بڕوانامەكە لەسەر بۆش دامەزراوە. وەك ئەو باڵاخانەیە وایە لەسەر زەوی زەوتكراو بینا كرابێت، دادگا گوێ لەو كەسە ناگرێت چەند ملیۆن دۆلاری داوە بە دروستكردنی باڵاخانەكە ، كۆی زەوی و باڵاخانەكە مافی خاوەن زەویەكەیە. هەموو شتێك لەسەر هەڵە دروستكرابێت، هەڵەیە. وەك فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەدرۆنۆ دەڵێت ؛ لەناو هەڵەدا ڕاست بوونی نییە.