لایەنی سینەماتۆگرافی فیلمی (The Godfather)

1 مانگ پێش ئێستا

 مەتین حەمە ڕەحیم
 بەرای من ئەم فیلمە ئەوەندە گرنگە كە دەكرێت لەسەر هەر یەكێك لە بەشەكانی لێكۆڵینەوە بكرێت نەك تەنها گفتوگۆو كۆمێنتێكی فەیسبوك.  
لەزۆربەی كۆمێنتە جدیەكاندا باس لەوەكرا كە یەكێكە لە باشترین فیلمەكانی سەدەی رابردوو.
منیش هەوڵدەدەم بەپێی بوارەكەی خۆم ولەچوارجێوەی تێگەشتنی خۆمدا كورت وپوخت پێت بڵێم بۆچی بەلای منەوە گرنگە!
 
من جگەلەوەی وەك بینەرێك چێژم لێبینیوە دەمەوێت هەندێك سەرەقەڵەمت سەرپێییانە دەربارەی سینەماتۆگرافیی گادفازەردت پێبڵێم. 

بێگومان فیلمگرتنی دیمەنە تاریكەكان یەكەم زەحمەتییە كە روبەڕوی هەرسینەماتۆگرافەرێك دەبێتەوە لەهەر یەكێك لەو دیمەنانەی وێنەی دەگرێت، بەڵام گۆردۆن ویلیسی سینەماتۆگرافەری گاد فازەر زۆر زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ تاریكی و روناكیدا كردوە، هەرئەوەندەش نیە، بەڵكو بەزەقی تاریكی وروناكی دژ بەیەك بەكارهێناوە، لەكاتێكدا بەشێوازێكی گشتی لە سینەماتۆگرافیدا و لە هەرگرتەیەكدا هەمیشە ڵایتێكی سوفت بوونی هەیە، دەتوانم بڵێم هەمیشە بەرامبەر هەر هارد ڵایتێك، فیڵ ڵایتێك بەكاردێت، بەڵام لە زۆربەی دیمەنەكانی ئەم فیلمەدا ئەم ستانداردە شكێنراوە و زۆربەی هەرەزۆری كاراكتەرەكان ڵایتێكی هاردیان بێ فیڵ ڵایت لەسەرە. بەمەش بەردەوام هەستێكی نادیارو شاراوە لای بینەر بەرامبەر كارەكتەرەكە دروستدەكات. 

بۆ نموونە دەموچاوی ئەلپاچینۆ لەسەرەتای فیلمەكەدا بەردەوام روناكە وسۆفت ڵایت و هارد وفیڵەكەش دەبینین هەتا ئەو كاتەی جڵەوی خێزان دەگرێتە دەست ودەستدەكات بەتۆڵە سەندنەوە، چیتر ئەو شێوازە ڵایتینگە گۆڕانی بەسەردا دێت وبەردەوام یەك لای دەموچاوی دەبینین! ئەم شێوازە لەسینەماتۆگرافیدا پێیدەوترێت هونەر تاریكی وسێبەر The art of the shadow and underexposer بەمە سینەماتۆگرافەر توانیویەتی راستەوخۆ بەرجەستەی رۆحێكی شەرەنگێزی لە كارەكتەرەكانی فیلمەكەدا لەلایەكەوە بكات و لەلایەكیتریشەوە هێز بەكارەكتەرەكان ببەخشێت. خاڵێكیتری گرنگی هونەری سینەماتۆگرافی لەم فیلمەدا كەبۆتە هۆی ئەوەی چەندین لێكۆڵینەوەی ئەكادیمیی لەسەر بكرێت بەجۆرێك هەندێك لە لێكۆڵەرەكان ناچار بوون گرتە بەگرتەی دیمەنەكان شی بكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەریان بدوێن وبتوانن ئەوە بسەلمێنن كە سینەماتۆگرافەر شێوەكارانە گرتەكانی نەخشاندووە كە دەكرێت بڵێین هەریەكێك لە فرەیمەكانی ئەم فیلمە دەكرێت وەك تابلۆیەك بەدیواردا هەڵبواسرێن. چەندین لێكۆڵینەوە بەس لەوە دەكەن كە سینەماتۆگرافەری ئەم فیلمە كاریگەری راستەوخۆی داڤینشی و رامبرانت و كاراباجێیۆی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی كارابەجیۆ كە یەكێكە لەو شێوەكارانەی مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ رۆناكییدا لەسەرجەم تابلۆكانیدا كردووە. خاڵێكیتری زۆر سەرنجراكێش بۆ من ئەوەیە ئەوەیە كەكاتێك گاد فازەر بۆ ١١ خەڵاتی ئۆسكار كاندیدكراوە، سینەماتۆگرافی تێدانەبوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات كەلەو زەمەنەدا بەهۆی شكاندنی رێچكە ستانداردو باوەكانی سینەماتۆگرافیەوە قبوڵكراو نەبووە، بەڵام دواتر و هەتا ئێستاش چەندین لێكۆڵینەوەی ئەكادیمیی لەزانكۆكانی دنیادا لەسەر دەكرێت، خۆش بەختانە من بینەر و خوێنەری یەكێك لەو لێكۆڵینەوانە بووم كە  هاوپۆلێكم كردبوی كاتێك لەزانكۆ بووم. 

دواجار پێمخۆشە بە تۆو هەركەسێكیتر كە ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە بڵێم، گەر دەتەوێت هەست بە جیاوازی ئەو رەنگانە بكەیت كەباسمكرد ئەوا فیلمەكە لەسەر شاشەی سینەمایەكی ستاندارد ببینە، چونكە دەگمەن شاشەی تیڤی ئاسایی دەتوانێت ئەو رەنگانە دەربخات.