نهێنییەكانی پشتی نەشتەرگەریی جوانكاریی

1 مانگ پێش ئێستا

پۆلا سەعید
س: كوردستان 24      
وێڕای كۆمەڵێك كێشەی سیاسیی و ئابووریی، كە بەرۆكی ئێمەی لە باشووری كوردستاندا گرتووە، كۆمەڵێك كێشەی كۆمەڵایەتییش بووە بە ئەركێكی قورس بەسەر شانمانەوە. یەكێك لەوانە كێشەی نەشتەرگەریی جوانكارییە. جوانكاریی لە خۆیدا بەشێكە لە ژیانی هەموو بوونەوەرەكان، كە بە بەردەوامیی سەرقاڵیی جوانكردنی خۆمانین، لە مارمێلكەیەكەوە بیگرە هە‌تاوەكوو فیلێك. لێ هەموو ئەمانە پرۆسەیەكی سروشتیین.

هەنێك بوونەوەر زمان بەكاردەهێنن بۆ خۆپاككردنەوە و خۆڕێكخستن، وەك پشیلە و سەگ، هەندێك بوونەوەر دەنووك، وەك باڵندەكان، بەشێكی گەورەش ئاو بەكاردەهێنن، بۆ خۆخاوێنكردنەوە، لە باڵندەكانەوە هە‌تاوەكوو مرۆڤ.  خودی بەراز كە مرۆڤ پێیوایە ئاژەڵێكی پیس و پۆخڵە، لێ بەراز بۆ خۆپارێزیی خۆی لە قوڕ و لیتە هەڵدەكێشێت. پێستی بەراز، پێستێكی ناسكە و بەرگەی تیشكی خۆر ناگرێت، هەربۆیە بۆ خۆپارێزیی خۆیان لە قوڕهەڵدەكێشن، ئەمەش وەك كرێمی دژ بە خۆر بەكاردێنن. خاڵێكی تر ئەوەیە، كە بەراز ئارەق ناكاتەوە، وەكوو سەگیش لە ڕێگای لیكی دەمەوە، ئاوی زیادەی لەش فڕێنادەنە دەرەوە، بەمشێوەیە لەشی بەرزار گەرم دادەگەڕێت، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاوییندا. خاڵێكی تر، بریتییە لە خۆپارێزیی دژ بە پێوەدانی مێش و مێشولە و ئینسێكتی تر. هەموو ئەمانە بەشێكن لە سروشتی بوونەوەرەكان، لێ هیچ بوونەوەرێك بە چەقۆ بەرنابێتە خۆی، مرۆڤ نەبێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی، كە مرۆڤ بوونەوەرێكی بیركەرەوەیە و خاوەنی مێشكێكی جیاوازترە وەك لە بوونەوەرەكانی تری سەر زەویی.

لێ نەشتەرگەریی جوانكاریی چارەسەری كێشەكانمان ناكات. چونكە لە پشتی نەشتەرگەییەكانەوە كۆمەڵێك كێشەی دەروونیی هەیە، لەوانە ترس، دێپرێسیۆن "خەمباریی"، تێكچوونی خۆراكخواردن، تێكچوونی خۆراكخواردنیش بریتییە لە تێكچوونی هەڵسوكەوت و مامەڵە. ICD-10 كە كورتكراوەی پۆلێنكردنی نێونەتەوەیی شێواندنەكانە (شێواندنە دەروونییەكان، نەخۆشییە دەروونییەكان)، تیشك دەخاتە سەر شەش جۆر لە تێكچوونی خۆراكخواردن. كە زۆتریین بڵاوبوونەوەیان بریتییە لە ئەنۆرێكسیا نێرڤوزا (Anorexia nervosa)o و (Bulimia nervosa) بولیمیا نێرڤوزا. لە هەبوونی ئەنۆرێكسیا نێرڤوزا مرۆڤ زۆر كەم خواردن دەخوات، لە ترسی ئەوەی قەڵەو نەبێت، یان كە دەشخوات، خێرا خۆی دەڕشێنێتەوە لە ترسی قەڵەو بوون. لە بولیمیا نێرڤوزا مرۆڤ بە هیچ تێرنابێت، وەك ئەوەی مرۆڤ بییەوێت و ئامادە بێت گایەك بخوات. لە پشتی هەر یەكێك لەمانەشەوە ترس و خەمباریی بناغە و هۆكاری ئەم لێكەوتنەوانەن.

نەشتەرگەریی مەمك دیاردەیەكی بەربڵاوی ناو كچان و ژنانە بە گشتیی لە جیهاندا. لە دە ساڵی ڕابووردیشدا بوو بە بەشێك لە ژیانی كچان و ژنانی كورد لە باشووردا. ئەم ژنانە لە پێش نەشتەرگەر‌ییەكانیاندا خەمباربوون بە هەڵكەوتەی مەمكیان بەوشێوەیەی، كە سروشت پێیداون. ئەمانە لەدوای نەشتەرگەریی ئاسوودە بوون، لێ بەختەوەرنەبوون. چونكە كەموكورتیی تریان لە خۆیاندا دەدۆزییەوە. لەوانە لێو، چرچی دەوری چاوەكان، لوت، قەڵەویی ...هتد. لە ڕاستییدا ئەركی وەزارەتی تەندروستیی و كۆمەڵایەتییە، كە هەڵبستێت بە پشكنینێك بۆ بەدەستهێنانی ئامارێك لەسەر ئەوەی، كە چەندی دانیشتوانی هەرێم نەشتەرگەریی جوانكاریی دەكەن، چ جۆرێك دەكەن، چەند پارەی تێدا خەرجدەكەن. چەندی لە دەرەوەی وڵات دەكەن ....هتد. هەتا لەم ڕێگایەوە چاودێریی ئاماری نەشتەرگەرییەكان بكەین، ئامانجیش تێیدا چاودێریی تەندروستیی هاووڵاتییانە چ دەروونیی و چ سۆماتیی (فیزیكیی).

كێشەی دەروونیی ڕەگی سەرەكیی هەموو نەشتەرگەرییەكانی جوانكارییە. ڕەگی بەشێك لەم كێشانە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی پێشینەی منداڵیی و بەشێكی تریش لە قۆناغی هەرزەییەوە، بەهۆی كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستپێدەكات. كێشەی كۆمەڵایەتیی دەربڕینێكی ئاڵۆزە، دەربڕیینێكی كۆمپلێكسە، چونكە لە مێشكی زۆرینەی ئێمەدا، وێنەیەكی حەیا و حورمەرت و سێكسوال دروستدەكات. بەڵام ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، ئەم هەڵەیەش لە ڕێگای میدیای كوردییەوە بەرهەمهاتووە و هاووڵاتییانیش فێری بوون. كێشەی كۆمەڵایەتیی تێزێكی گشتگیرە، بۆ نموونە مۆب و پەسەندنەكردن لە كۆمەڵدا، ترس لە پەسەندنەكردن لە كۆمەڵدا، پێنەدانی نرخ لە كۆمەڵدا ....هتد. بەشێكن لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان.

بەمشێوەیە تاك ژیانێك دەژیی، كە ژیانی خۆی نییە، داوایەكی لە خۆی هەیە، كە داوای خۆی نییە. تاك ئیگۆی هەڵیدەسوڕێنێت و "خود"ی ژێردەستەی ئیگۆ دەكات. تاك بەردەوام بەبێ پشوو لە بیركردنەوەدایە، هێشتا برینەكانی نەشتەرگەرییەكی چاكنەبوونەتەوە، بیر لە نەشتەرگەرییەكی تر دەكاتەوە. كاتێك پرسیار لە تاك دەكرێت، كە ئاخۆ بۆچی ئەم كارە دەكات، وەڵامێكی ناڕاست دەداتەوە، كە بریتییە لە، چونكە لە توانامدا هەیە بیكەم، چونكە پارەم هەیە، چونكە دڵنیام هەر كەس پارەی هەبێت، ئەویش وەك من حەز دەكات نەشتەرگەریی جوانكاریی بكات ....هتد. هەموو ئەمانە بەرهەمی ئیگۆن، كە بۆ پارێزگارییكردن لە كردەكانی وەك ئارگومێنت بەكاری دەهێنێت.

فیل سیمبوڵێكی گرنگیی دەروونناسییە، ئەویش بەهۆی وەبیرهاتنەوەی بەهێزیەوە، بەهۆی كۆمەڵایەتییبوونیەوە، بەهۆی زیرەكییەوە. لێ مرۆڤ فیل دیل دەكات، كە دواجار ناوی دەنێین ماڵییبوون. ماڵییبوونی فیلێك و كۆترێك یان مریشكێك یان كەوێك، كە ئازاد لە باخەكەتدا دێت و دەچێت جیاوازە. چونكە فیلێك ئاژەڵێكی گەورەیە و دەتوانێت زیان بخاتەوە. هیندییەكان فیل زۆر ماڵیی دەكەن، بەناو گووند و شارەكاندا دەیانگێڕن. بۆ ئەوەی ئەم فیلە زیان نەخاتەوە دارێكی گەورەی دەدەنێ هەتا هەڵیبگرێت. ئەو سوارەشی، كە فیلەكە بەڕێدەكات، بەبێ كێشە بەناو گووند و شارەكاندا دەڕوات، بەبێئەوەی ترسی لەوە هەبێت، كە فیلەكە زیان بخاتەوە.

ئەم دیمەنە چیمان پێدەڵێت؟  ئە‌م دیمەنە پێماندەڵێت، كەی دەستبەرداری بیركردنەوە بوویت، ئەو كات كەمتریین زیان دەخەیتەوە یان زیان ناخەیتەوە. ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بیر لە مەمكی نەكاتەوە، ئەوا نەشتەرگەریی ناكات، بیر لە لێوی، چرچی دەمووچاو، قەڵەویی ....هتد. نەكاتەوە نەشتەرگەریی ناكات. بەمشێوەیە خود ئازاد دەبێت و ئیگۆش دەستبەرداری ئەوە دەبێت، كە خود دیلی خۆی بكات.

فاكتۆرێكی تری نەشتەرگەرییەكانی جوانكاریی بریتییە لە هەبوونی كەڕاكتەرێكی نارسیست. لە دە ساڵی ڕابوورددا سۆسیال میدیا بە گشتیی لە جیهاندا كاریگەرییەكی زەبەلاحی لەسەر كۆمەڵ دانا. بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نییە، كە وەك بەڵگە یان ئارگوومێنت بەكاریبهێنین، چونكە كەڕاكتەری تاك ڕۆڵێكی گەورە لەم پرۆسەیەدا دەبینێت. سۆسیال میدیا تەنها ڕێژەی كەڕاكتەرە شێواوەكان ئاشكرا دەكات. بەو ئازادییەی، كە تاك لە سۆسیال میدیادا هەستی پێدەكات، ئازادانەتر چ دەنووسێت، چ دەدوێت و چ بڵاویشدەكاتەوە. تاك پێویستی بە پەسەندێتیی و پیاداهەڵدان و دەستخۆشیی لێكردنە. هەموو ئەمانە لە ژیانی ڕۆژانەی تاك یان بوونی كەمە یان هەر نییە. هەموو ئەمانە لە گەشەی پێشینەی منداڵییدا یان بوونیان دەگمەن بووە یان هەر نەبووە. تاك لە تەمەنێكدا، كە تەمەنی تەنها یەك ساڵە و بەس، فێردەبێت هەرچی خۆشەویستیی خۆی هەیە، كە دەیدات بە دایك و دایك لە ئاگاییدا بێت یان لە نائاگاییدا وەریناگرێت، دەیگێڕێتەوە بۆ خۆی. ساوا تەماشای دایك دەكات و پێدەكەنێت و خۆشەویستیی نیشاندەدات، لێ دایك تەماشای ساوا ناكات و سەرقاڵە بەشتێكی ترەوە. تاك لێرەدا بناغەی نارسیستی خۆی لێدەدات و لەگەڵ گەشەكردنیدا نهۆم لەدوای نهۆم لەسەر ئەم بناغەیە دروستدەكات. ئیمڕۆش سۆسیال میدیا، بەتایبەت ئینستەگرام ڕۆڵێكی گەورە لە دەرخستنی تاكە نارسیستەكاندا دەبینێت. تاكی نارسیستی ئەم سەدەیە، تاكێكی بەردەوام لەسەر مێزی نەشتەرگەریی جوانكاریی كەوتووە، بەبێ تێربوون، بەبێ ڕاوەستان و بەبێ بەس بوون. ئەم تاكە تووشی گرفتێكی گەورەتر دەبێتەوە كاتێك تەمەنی لە چل ساڵیی نزیكدەبێتەوە، ترسێكی گەورەی پیربوونی لێدەنیشێت، ترسێك كە ئارامبوونەوەی گەلێك سەخت دەكەوێت لەسەری. كاتێكیش دەگاتە چل ساڵیی تووشی گرفتێكی تری نوێ دەبێت، كە پێیدەڵێن قەیرانی ناوەڕاستی ژیان (Midlife Crisis) . لێرەدا تاك هەوڵدەدات، كە هەروەكوو گەنجە جوانەكەی جاران دەربكەوێت، ئەمەش نەشتەرگەریی لەدوای نەشتەرگەریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. تا ئەو سنورەی، كە تەندروستیی تاك چیدی ڕێگا بە هیچ نەشتەرگەرییەكی تر نەدات.

ماوەتەوە لە دەمی بودداوە بڵێم، ڕابردووت هەرچەندە سەخت و ناخۆش بووبێت، تۆ هەمیشە دەتوانیت سەرەتایەكی نوێ دەستپێبكەیت.