لە یادەوەرییەكانی یەشار كەمال

1 مانگ پێش ئێستا

ئۆڕاڵ چەڵشلار
و لە توركییەوە: هێژا دڵشاد
شەش ساڵ بەسەر كۆچی دوایی یەشار كەمال تێپەڕیووە. بەو پەڕی خۆشەویستییەوە بیری ئەو دەكەین. دەمەوێت نوسینەكەم بە یادەوەرییەكی یەشار كەمالەوە دەسپێبكەم:
جارێكیان دەربارەی یڵماز گونەی پرسیارم لە یەشار كەمال كرد. هەردووكیان بە رەچەڵەك خانەوادەكەیان خەڵكی ئەدەنەن و مناڵی خانەوادەی كورد بوون كە دواتر بۆ شوێنیتر كۆچیان كردووە. 
ئەم دوو كەسایەتییە ناسراوەی توركیا خۆڕاگر و سەربەز بوون، لەم وڵاتە بەرامبەر بە زۆر شت سەربەرز و مەردانە وەستاونەتەوە. بە رای من هەردووكیان كەسایەتی و هونەرمەندی جیهانیی بوون. 
لە وەڵامی پرسیارەكەم یەشار كەمال دەربارەی هونەرمەند یڵماز گونەی وتی" بۆ یەكەمجار یڵماز گونەی هاتەلای من، ئەوكات لە رۆژنامەی جمهورییەت كارم دەكرد. كاری من ئەو ناما‌نەم دەخوێندەوە كە رۆژانە بۆ رۆژنامەكە دەهات. هەوەها رۆپۆرتاژم ئامادەدەكرد، چیرۆكم دەنوسی. ئەوەندە سەرقاڵی كارەكەم بووم، بەجۆرێك دڵگران دەبووم كە هیچ كەسێك سەردانی نەدەكردم. بە هاوپیشەكانم وتبوو تەنها ئەوانەی خەڵكی ئەدەنەن رێگەیان پێبدەن بێنەژوورەوە و سەردانم بكەن. 
رۆژێك گەنجێكی ئەسمەر و رەقەڵە سەردانی كردم بۆ رۆژنامەی جمهورییەت، ئەوكات لە زانكۆ لە ئیستانبوڵ خوێندكاری بەشی دارایی و ئابووری بوو، پێیان راگەیاندم كە ئەو گەنجە پێویستی بە پارەیە و بۆ دۆزینەوەی كارێك هاتووە بۆ لام. لە رۆژنامەكەمان دەرفەتی كار بۆ ئەو نەبوو. 
منیش لێم پرسی كە لە ئەدەنە چ كارێكی كردووە. ئەویش ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئەدەنە كاری لە سینەماكانی شارەكە كردووە، كاسێتی بەكرەی بۆ سینەماكان گواستۆتەوە. لەو سەردەمەدا سینەماكانی ئەدەنە لەشێوەی سینەمای كراوە بووە.
منیش لەو كاتەدا بوو كە فیلمی "مناڵەكانی ئەم نیشتیمانە" م تازە نوسیبوو، وە بە كۆمپانیای Dar م فرۆشتبوو. ئاتیف یڵماز كە خاوەنی كۆمپانیای فیلمەكە بوو، منی وەك كارەكتەری سەرەكی فیلمەكە دیاری كردبوو. بەڵام من ئەو كارەم بەدڵ نەبوو. چوار بۆ پێنج مانگ بەسەر ئەمە تێپەڕی بوو. رۆژێك تەلەفۆنم بۆ عارف كرد و بەم جۆرە چیرۆكەكەم بۆ باس ‌كرد: عارف من چوم بۆ ئەدەنە و لەوی كەسێكم دۆزیوەتەوە خەڵكی ئەدەنەیە، گەنجێكی قۆزە و‌ ئارەزوو و قابیلیەتی زۆری بۆ نواندن و سینەما هەیە. عارف وتی زۆر چاكە و مادەم وایە بینێرە بۆ لام.

یڵماز هەموو شتێكی بەباشی تێدەگەیشت. ئەوەبوو لەگەڵ كۆمپانیای فیلمەكە گرێبەستێكیان مۆر كرد. دواتر فیلمی "مناڵەكانی ئەم نیشتیمانە" یان وێنەگرت.  ناوی من لە سیناریۆی ئەو فیلمەدا ئاماژەی پێنەدراوە. ناوی ئازمی كوتوڤاڵ نوسراوە، لەبەرئەوەی ئەگەر بهاتایە ناوی من بنوسرابایە، ئەوا لەلایەن دەزگای سانسۆرەوە رێگەنەدەدرا سیناریۆكە بكرێتە فیلم و دواتر نمایش بكرێت. كوتڤاڵ دواتر بەو سیناریۆیەی من پارەی باشی دەسكەوت. 
لە پاش ئەوە سیناریۆی فیلمی (Alageyik) م نوسی. لەگەَڵا عارف وا رێككەوتین كە رۆڵی سەرەكی بدرێت بە یڵماز گونەی. بەمەش یەكەم فیلمی یڵماز ‌‌بوو كە رۆڵی سەرەكی تیا گێڕا و ناوبانگی باشی دەركرد".

سەرچاوە: رۆژنامەی پۆستە
26/2/2021