پارلەمانی داهاتوو

1 مانگ پێش ئێستا

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
بەشی زۆری ڕەخنە و توانجی هاووڵاتییان لە پەرلەمان و خودی پەرلەمانتاران و ئەدای دامەزراوەكە بە گشتی، بۆ ئەو ناعەدالەتییە گەورەیە لە پێدانی مووچە بە پەرلەمانتاران و ئەو خەرجییە زۆرەی دامەزراوەكە دەگەڕێتەوە، ئاخر داهاتی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك، لەوەیە بگاتە دە ملیۆن دینار و لێرەولەوێش شتی دەست دەكەوێت، كەچی لە بەرانبەردا مووچەی فەرمانبەرێك حەوتسەد هەزار تا ملیۆنێك دینارە، واتە بە یەك مانگ تەنیا پەرلەمانتارێك مووچەی یەك ساڵ و بگرە دوو ساڵی فەرمانبەرێكی ئاسایی وەردەگرێت.
ئەمە ئەوپەڕی نادادپەروەرییە و خەڵكیش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون، كە بەشی زۆری ئەو پەرلەمانتارانە بۆ مووچە زۆرەكە چوونەتە ئەو دامەزراوەیە، ئەگینا حەزیان بۆ پیشەكە نییە.

جوان سەرنجیان بدەن، لە سەروەختی كاندیدبوون و دواتر كە دەچنە پەرلەمانیشەوە، لە دیدی هەندێك پەرلەمانتار، پەرلەمان ڕۆڵ و گرنگێتی خۆی لەدەستداوە و لەبری ئەوەی دامەزراوەیەكی چاودێر و یاسایی بێت، بووەتە كۆمپانیایەك و پارەی لێ پەیدا دەكرێت، ئەمە تۆمەت نییە، دەی تاقی بكەوە یان لێكۆڵینەوەی لەسەر بكە، هەر پەرلەمانتارێك لە ماوەی یەك خولدا دەتوانێ چەندین خانوو و شوققە و سەیارە بكڕێت و گەشتیی وڵاتان بكات و ناوماڵیشی بۆ دەڕازێندرێتەوە و شوققەی خۆڕایی دەدرێتێ، دڵنیام بەنزین و زۆر شتی دیكەشی لەسەر دەوڵەتە، ئێ خەڵكیش ئێستا وەرەقەی سپی دەخوێننەوە و لەودیوی دیوارەوە شت دەبینن، بۆیە دژی پەرلەمان دەوەستنەوە و متمانەیان بەو دامەزراوە نیشتمانییە لاواز بووە، بە جیدی پەرلەمان پێویستە بەو جۆرە بمێنێتەوە؟

لەپێناو گەڕانەوەی ڕێز و شكۆ بۆ پەرلەمان و دووبارە بەدەستهێنانەوەی متمانەی حیزبەكان و هاووڵاتییان بە دیاریكراوی بۆ دامەزراوەكە، خودی پەرلەمان پێویستە لە خولەكانی داهاتوودا بەشێوەیەكی دیكە خۆی ڕێك بخاتەوە و هەندێ یاسا و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی و ئەندامەكانی هەموار بكاتەوە، بە جۆرێك كە دامەزراوەكە نەبێتە قوربانی مووچە و ئیمتیازاتی چەند سەد كەسێك، بۆ نموونە ئەگەر پەرلەمانتار مووچە و ئیمتیازاتی زۆری نەبێت، ئەوكات ئەو دامەزراوەیە لە دیدی خەڵك و كاندیدەكاندا، نابێتە كۆمپانیایەك و ڕەش و سپی و گەجەروگوجەر، توندڕۆی ئیسلامی و مەلا و بەندبێژ و شایەر و وەرزشوان و نازانم چی و چیتریش شەڕی گەیشتن بە پەرلەمان ناكەن و جێی كەسانی شایستە و ئارەزوومەند ناگرن، بەڵام كاتێك پارە و ئیمتیازاتی زۆری لێیە، ئیدی هەمووی دەیەوێت ببێتە پەرلەمانتار و بۆ رێگەخۆشكردنیش لەپێناو گەیشتن بە پەرلەمان، لە شاشە و سۆشیاڵمیدیادا دەست دەكەن بە هەراوهۆریا و چەواشەكاری تا دەنگ بهێنن، خۆ ئەگەر مووچە و ئیمتیازاتی كەم بێت، خەڵكێك كە بەڕاستی حەز بە كاری پەرلەمانتاری دەكات و كارەكتەری سیاسی و یاساییە، بە شەوقەوە بەشداریی كارای پەرلەمان دەكەن و وەك پەرلەمانتار شایستەی ئەو شوێنە دەبن، تۆ دیقەت لە نووسین و بۆچوونی هەندێك پەرلەمانتار بدە، ئینجا دەزانیت وڵات دووچاری چ ماڵوێرانییەك بووەتەوە و قوڕی بەسەر بووە كە هەندێك كەسی تێدا بوونەتە پەرلەمانتار، نەك هەر شایستەی ئەو شوێنە نین، بەڵكوو نابێ بە میوانیش پێ بنێنە پەرلەمانەوە.

پەرلەمانتارێك كە پێشتر فەرمانبەر بووە یان بە هەر جۆرێك مووچەخۆری دەوڵەتە، كاتێك خولەكە تەواو دەبێت، باشترە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی و ئەوانەیشی فەرمانبەر نین، دەكرێ وەك فەرمانبەری ئاسایی لە فەرمانگەیەكی حكوومەت دابمەزرێنرێن، هەروەها مووچە و ئیمتیازاتیان كەم بكرێتەوە و وەك هەر فەرمانبەرێكی دیكە، ئەوانەی خانوویان نییە، لە خانووی كرێدا نیشتەجێ ببن، واتە شوققەیان پێ نەدرێت كە خەرجییەكی زۆر لەسەر دەوڵەت دەكەوێت، ئەمانە و زۆر خاڵی دیكەش دەكرێ چاكسازی تێدا بكرێت و ببنە هۆی گەڕانەوەی ڕێز و شكۆ بۆ پەرلەمان لە خولەكانی داهاتوودا، ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستاش بەردەوام بێت، ئەو دامەزراوەیە بە تەواوی متمانەی خەڵك لەدەست دەدات و تەنانەت كاریگەری لەسەر ڕێژەی بەشداری هاووڵاتییانیش لە هەڵبژاردندا دەكات.

نووسەر، پەرلەمان بە دامەزراوەیەكی نیشتمانی دەبینێت و رقیشم لە هیچ پەرلەمانتارێك نییە، ئەم وتارەش كە زیاتر لە پێشنیاز دەچێت لە بەرئەنجامی خەمخۆرییە بۆ دامەزراوەكە و بۆ ئەوەی چیتر پەرلەمان ڕۆڵە ڕاستەقینەكەی خۆی لەدەست نەدات و كەسانێك لەپێناو پارەدا جێگەی كەسانی شایستە نەگرن.