لە ناوەوە گەورە دەبی

1 مانگ پێش ئێستا

كوردۆ شابان
جوانیی شێركۆ بێكەس لەوەدا بوو، لە كورسییەكەوە مێژووی سلێمانی دەنووسییەوە، لە ملوانكەیەك و سووراو و تەوقەی ناو جانتای كچێكەوە، خەمی خانمانی دەهۆنییەوە. نەجیب مەحفووز، تا گەیشت بە خەڵاتی نۆبڵ و دواتریش، لە گەڕەكە هەژارنشینەكانی قاهیرە و كۆڵانە تەسكەكانی ئەسكەندەرییە و تولەڕێكانی ئەسیوت دەرنەچوو. 
نزار قەببانی، گلەیی لە ئەدۆنیس دەكات، دەڵێ: ئەو بە ئاسمانەوە سەیری كێشەكان دەكات، من زوومێكم بە دەستمەوە گرتووە، ئەو بایەی كەزیی كچێك ئاڵۆز دەكات، لای من مانشێتی سەرەكییە. موحەممەد ماغووت پێی دەگوت: تۆ خۆت بە شتی بچووكەوە خەریك دەكەیت. قەببانی وەڵامی دایەوە: "مرۆڤ لە ناوەوە گەورە دەبێ".

فەریكە ڕۆژنامەنووس و نووسەرە تازەپێگەیشتووەكان، بۆ ئەوەی گەورە دەركەون، باسی شتی زل و بابەتی زەبەلاح دەكەن، ئاخر نەیانبیستووە، ئۆدیسۆ ئیلتیس، شاعیری یۆنانیی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، هەرگیز باسی شتێكی نەكرد لە دەرەوەی كۆمەڵگەی ئەسینا بێت، بەڵام لە دونیا دەنگی دایەوە. نووسەری ئێمە، هیچ پێشبینییەكی بۆ داهاتووی كۆڵانەكەیان نییە، پێشبینی قۆناغی دوای ترەمپی كردووە!

دیواری كۆڵانەكانی فەیسبووك، هەمووی بابەتی گشتگیرە، خوازیاری كەسێك پۆستێك بكات كە شتێكی دانسقە بێت و لەگەڵ شەپۆلدا نەبێ، شتێكی ورد و سەلیقەیەكی تایبەت بێت تا چێژی لێ بكەین، سوودی لێ وەربگرین. لەناو دەیان بابەت، تا دانەیەك دەدۆزینەوە، ماندوو دەبین. 

چەند خۆشە كاتێك هەندێك بابەت دەبینین، ئەزموونی تایبەتی كەسێكە و دەزانین ئەگەر ئەو باسی نەكات، لە شوێنی تر دەستمان ناكەوێ.

هەیە پێی وایە، ئەو دەرفەتەی بۆ كەسێكی ئەورووپایی هەڵكەوتووە، بۆ ئەمیش هەبوایە، دەیتوانی كاری باش و بەرهەمی جوانی هەبێ، لە كاتێكدا ڕێك پێچەوانەكەی ڕاستە. مرۆڤ لە زۆنگاودا دەتوانێ درەوشانەوەیی خۆی نیشان بدات. 

هێمن موكریانی لە مەینەتی و ڕۆژانی زبردا، شیعری ناسكی نووسی.
ئایا دەزانی، ڕۆماننووسە گەورەكان، كاتێك دەیانەوێ بەرهەمێكی نوێ بنووسن، سەرەتا بەناو گەڕەك و كۆڵانە میللییەكاندا دەگەڕێن تا مێشكیان پڕ بكەن لە وشەی بازاڕ و دەچن لە گوندێكی دوور، دەست بە نووسینەكەیان دەكەن! فیۆدۆر دۆستۆیڤسكی كە گەورەترین ڕۆماننووسی دونیایە، تا نەكرایە زیندانەوە و پەتی سێدارە لە ملی نەدرا و لەناو هەژاران نەژیا، ڕۆمانی "هەژاران"، "برایانی كرامازۆف"، "تاوان و سزا" و "قومارچی"ـی نەنووسی.
گابریل گارسیا ماركیس، وەرگری خەڵاتی نۆبڵ و نووسەری "سەد ساڵ تەنیایی" لە چیڤارا و كاسترۆ زیاتر وڵاتەكەی بە جیهان ناساند، ئاخر ئەوان شۆڕشیان بۆ كوبا بە ئایدۆلۆجیایەكی كۆپیكراو بەرپا كرد، ئەو لە ناخی قەرەجەكانی كۆڵۆمبیاوە سەری بەرز كردەوە.
خۆت بنووسەرەوە، كۆپی كەس مەبە. خۆت بە جیهاندا هەڵمەواسە، جیهان ناچار بكە بێتە ناو گەڕەكەكەی خۆتانەوە.