كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر دەروون

1 مانگ پێش ئێستا

  س: كەناڵی پەروەردەو دەروونی تاك
‎تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بون بە بەشێك لە ژیانی ڕوژانەمان، جگە لەوەی زورێك لە خەڵكی بە چەندان كاژێر لەبەردەم شاشەی موبایلەكانیان دادەنیشن بێ ئەوەی زانیاریەك و سودێكی لێ وەرگرن، تەنانەت بەرپرسیاری و خێزان و كارەكانیان پشتگوێ دەخەن، نكوڵی لەوەش ناكرێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زور ماڵپەڕی بەسود هەن و مروڤ دەتوانێ شتگەلێكیان لێوە فێر بێت، بەڵام زیادە ڕویی كردن لە بەكارهێنانی موبایل كاریگەری نەرێنی دروست دەكات لەسەر ژیان و تەندرووستی دەروونی و جەستەیی.
 
‎كاریگەرییە نەرێنیەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان 
1- خەموكی 
‎تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەگەری سەرەكی توشبونی مروڤن بە خەموكی و هەست كردن بە بێ توانایی و بێ هیوایی، چونكە بەسەربردنی كاتێكی زور بەردەم تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەبێ ئەنجامدانی هیچ چالاكیێك، ئەبێتە هۆی ماندووبونی مێشك و دەردانی هوڕمونی كورتیزول كە بەرپرسە لە دڵەڕاوكێ و شڵەژان.

2- كەمی متمانە بە خوبوون 
‎لەگەڵ بینینی هەزاران وێنەی فۆتۆشوب كراو و جورەها خانو و مودێلی جوان، كەسەكە هەست بە لاوازی دەكات، و هەروەها ڕەخنە گرتنی ڕوخێنەر و قسەی ناشرین بە گشتی بەشێكە لە خاسیەتی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بویەش كاتێك خەڵكانێك ڕەخنە لە كارەكانی یا ئەندامێكی جەستەی بگرن دەبێتە هۆی نائۆمێدی و متمانەی بە خۆی نامێنێ بە تایبەت هەرزەكار.
 
3- ئاڵودەبوون 
‎بەسەربردنی كاتێكی زۆر لەبەردەم تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خوی جۆرێكە لە ئاڵودەبوون و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، و ئەو ئاڵودەبوونە زور بە خراپی كار لە مێشك دەكات، و دەبێتە هۆی پەرتبوونی سەرنج و كەمبونی ئاستی زیرەكی و پوكاندنەوەی تواناكانی مێشك.
 
4- لە ناوبردنی پەیوەندییە كومەڵایەتیەكان 
‎ئێمە ئەوەندەی گرنگی بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەدەین ئەوەندە گرنگی و كات نادەین بە خێزان و هاوڕێ و دۆستەكانمان، تەنانەت پەیوەندییەكان ئەوەندە كاڵبونوتەوە لە كاتی ناخوشیەكانیش بە نامە و بە ڤویس لە ئەحواڵیان دەپرسین لە جاتی بڕوین بو دیدەنیان.
 
5- لەدەست دانی كاتە خۆشەكانی ژیان
‎كاتێ مروڤ دەچێت بو گەشت ئەوەندەی كە سەرقاڵی گرتنی وێنەیێكی جوانە هێندە سەرقاڵی دروستكردنی بیرەوەریەكی جوان نییە و چێژ لە كاتەكەی نابینێ.
 
6- خەوتن قورس دەكات 
‎بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان وەك موبایل، پێش خەوتن وا لە مرۆڤ دەكەن بە زەحمەت خەوی لێ بكەوێت، چونكە ئەو تیشكەی كە لە شاشەكەوە دەردەچێت و بەر چاومان دەكەوێ، وا دەكات میلاتونین دەرنەدرێ كە مادەیەكی بەرپرسە لە هەستكردن بە ماندوو بون، بەمەش مروڤەكە تا كاتێكی درەنگ هەست بە ماندووبون ناكات و توشی خەو زڕان دەبێت.

‎چارەسەركردنی هۆگربوون بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان 
‎یەكەم شت كە پێویستە بیكەیت دیاریكردنی چەند كاتژمێرێكی دیاریكراوە لە ڕۆژدا بو بەكارهێنانی موبایل، لە جیاتی ئەوە وەرزش بكە یا وێنە دروست بكە، یا خوت بە هەر جۆرە چالاكیەكی ترەوە سەرقاڵ بكە كە حەزی پێ دەكەیت تا بیرت لای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نەبێت، و هەروەها بچۆرە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێیان و موبایل لەگەڵ خۆت مەبە، و كاتێكی زیاتر لەگەڵ خێزانەكەت بەسەر ببە.