ئایا گۆشتی سوور تەرك بكەین كە نەخۆش كەوتین؟

1 مانگ پێش ئێستا

د. زانیار ئاغال
نەخێر و سەد جار نەخێر!
ڕۆژی 24 ی ٢، لە چاو پێكەوتنێكی هەر یەك لە پرۆفیسۆر خیمینێز كە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵە لەگەڵ پرۆفسۆر كۆپسكی كە پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەكانە، بە تەواوی كۆتا قسەیان كرد لەسەر ئەوەی كە نابێت پزیشكان بە نەخۆش بڵێن گۆشتی سوور تەرك بكەن. دەقی چاو پێكوتنەكە بە ڤیدیۆ لە سایتی (مێدسكەیپ) بڵاو كرایەوە.

چی روویدا؟
ساڵی ٢٠١٩ گۆڤاری نەخۆشییە هەناوییەكانی ئەمریكا، كە بە یەكێك لە لووتكەكانی پزیشكی دادەنرێت، لێكۆڵینەوەیەكی چڕی بڵاو كردەوە كە بە تەواوی یەكلای كردەوە كە گۆشتی سوور پێوویست نابێت تەرك بكرێت بە نەخۆش. دەنگۆی ئەم هەواڵە خەڵكی سەرقاڵ كرد، چوونكە زۆرێك وایان دەزانی دەبێت نەخۆش گۆشت تەرك بكات. بۆیە ئەم پرۆفیسۆرانە تاكیدیان كردەوە كە ئەوە حەقیقەتە و دەیان ساڵە هەروا بووە و نابێت دكتۆرەكان گۆشتی سوور لە خەڵك قەدەغە بكەن.

جاران چیان ئەوت؟
بە حوكمی ئەوەی گۆشتی سوور سەرچاوەیەكی چڕی چەوری و پرۆتینیشە، زۆرێك لە پزیشكان لە نەخۆشیان قەدەغە دەكرد. لەو نەخۆشیانەی كە وایان دەوت نابێت گۆشت بخۆن: جەڵتەی دڵ، پاش قەستەرەی دڵ، شەكرە، سستی گورچیلە، پەك كەوتنی گورچیلە بە فڕێدانی پرۆتین لە میزەوە، جەڵتەی دەماخ و زۆری تر. دەركەوت ئەمە هەمووی هەڵە بوو.

حەقیقەت چۆنە؟
هیچ كتێبێی پزیشكی بەناوبانگ كە ئێمەی دكتۆر لەسەرمان خوێندووە و فێر بووین، هەرگیز باسی ئەوە ناكات بۆ هیچ نەخۆشییەك گۆشتی سوور تەرك بكرێت تەنانەت بۆ نەخۆشی شاهانەش (دا الملوك). نازانم ئەمە لە كوێوە پەیدا بووە كە نەخۆش بە تەواوی دەبێت گۆشت تەرك بكات؟ لە لێكۆڵینەوەكە و لە چاو پێ كەوتنەكەش بە روونی دەری خست كە زۆر خواردنی گۆشتی سوور مەترسییە نەك كەم خواردنی، بە تایبەتی گۆشتی ئامادەكراو وەكو هەمبەرگر و گەس و ئەوانە زۆر كەمتر بن بەڵام گۆشتی شلە و كوڵاو ئاساییە نەخۆش جار جار بیخوات. 
هەندێك جار بیستوومە، كە نەخۆشی كورد دەبێت وای پێ بووترێت كە نابێت هەرگیز گۆشت بخۆن چوونكە ئەوان گەر پێیان بووترێت كەم بیخۆ ئەچن زۆر ئەخۆن. ئەمە هەڵەیە چوونكە بە فعلی بینیومە نەخۆش داماو بووە بە كەم خوێنی و لاوازی چوونكە گۆشتی تەرك كردووە بە تەواوی.