مالێنا: چیرۆكی تێكشكاندنی بەها جوانەكان

1 مانگ پێش ئێستا

ڕوانینێكی شیكارییانەی فیلمی مالێنا
هاوار نەسرەدین
ناوی فیلم: (Malena)
دەرهێنانی: (Giuseppe Tornatore) 
ساڵی دەرهێنان: 2000
وڵات: ئیتاڵیا
ئەكتەرەكان:
Monica Bellucci
Giuseppe Sulfaro
Gaetano Aronica
Luciano Federico

چۆن سەیری فیلم بكەین؟
سینەما لەلایەكەوە زۆربەی ژانرە هونەری و ئەدەبییەكانی گرتووەتەخۆ، لەلایەكی دیكەیشەوە تەواو سەربەخۆیە. هەروەها سینەما چەندین ڕەهەند و لایەنی جیاواز و تەبای هەیە. لە پشت هەموو ڕەهەندە جیاوازەكانەوە، ئایدیا و بیرۆكەیەكی تەبا هەیە و دەرهێنەر ئیشی لەسەر دەكات. واتە گێڕانەوە و نیشاندانی هەندێك لە ڕووداوەكان، لەچوارچێوەی فیلمێكدا، بۆ خزمەتكردن و نیشاندانی ئایدیایەكی سەرەكییە. ئەمە وێڕای ئەوەی زۆربەی دیمەن و وتووێژەكان، پەیام و نامەیەكی تایبەتیان پێیە. بە خستنە پاڵ یەك، دەتوانین لە كرۆكی ئایدیا سەرەكییەكە تێبگەین. لەڕاستیدا من بەو جۆرە سەیری فیلم دەكەم و بۆ ئەو ئایدیا ئاشنایانە دەگەڕێم، واتە ئەو ئایدیایانەی وا دەرهێنەر ئیشی لەسەر كردووە. خۆ ئەگەر دەرهێنەر، ئیشی لەسەر ئایدیایەكی نوێ كردبێت، ئەوە باشتر... لێكدانەوەی مانای هەندێك لەو ئایدیایانە، بە چاوێكی فكری و فەلسەفییەوە، ئیشێكی تازە نییە. بەڵام وا دیارە بۆ ئێمەی كورد، هەر وەك چۆن سینەما نوێیە، ئاوایش لێكدانەوەی فیكری و فەلسەفیی بۆ فیلم نوێیە.

لەم دەرفەتەدا هەوڵدەدەم. ئایدیا گشتی و هێڵە سەرەكییەكانی فیلمی مالێنا، بەو جۆرەی بەردەستە، لێك بدەمەوە. چونكە فیلمی مالێنا بۆ زۆرێك لە بینەری كورد، هەندێكجار فیلمێكی كۆمیدی یان ئیرۆتیكی پەتیی یان فیلمێكی ئیستاتیكییە. لە ڕاستیدا مالێنا سیاسیترین فیلمی دەرهێنەرەكەیەتی. تۆرناتۆرەی دەرهێنەری فیلمی مالێنا، سەرەنجمان بۆ چەند ئاریشەیەكی گرنگی مرۆڤیی ڕادەكێشێت، كە لەمەوبەر فەلسەفە و دەروونناسی لێیان كۆڵیوەتەوە. تۆرناتۆرە بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو ئاریشەیەلە لە شێوەی فیلمێكدا دەخاتەڕوو. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە، تا بە خستنەپاڵ یەكی هەندێك لەم تێڕوانینە جیاوازنە، ئەنجامێكی نوێ بخاتەبەرچاو. هەڵبەتە لەم وتارەدا، ئەو گریمانەیە لەبەرچاوگیراوە كە خوێنەر، فیلمەكەی بینیوە.

 

كورتەیەك:
لە نیگای یەكەمەوە وا دەردەكەوێت، كە ئەم فیلمە تایبەتە بە باسكردنی ژیاننامەی ژنێكی جوان. هەروەها لەمەڕ خواست و ئارەزووی پیاوان و ئیرەیی ژنانەوە دەدوێت. بەڵام پاش ئەوەی هەندێك لە كۆد و گرێكان دەكەینەوە، تێدەگەین دەرهێنەری ئەم فیلمە، ڕوانینێكی ئاڵۆزتر لەوەی هەیە وا ئێمە لێی گەیشتووین.

مالێنا سكووردیا (كە مۆنیكا بلوچی ڕۆڵی دەبینێت) ژنێكی جوانی ٢٧ ساڵەیە و بە تەنیا دەژێت. هاوسەرەكەی مالێنا (نینۆ سكووردیا)، سەربازە و لەسەنگەرەكانی جەنگدایە و سیمبوڵی كەسی خاوەن ڕۆڵ و بزوێنەرە لەناو كۆمەڵگەدا. باوكی مالێنا، مامۆستایەكی پیرە. گوێی گرانە و كەم دەبیستێت، سیمبولی كولتووری كۆنی ئیتاڵیا یان ئەوروپایە. مالێنا وەك مرۆڤێكی بێگەردی ئاسایی دەژێت و گوێ بە ڕوانینی خەڵك نادا. هەروەها سیمبوڵی بەهای جوان و چارەنووسی بەدەست نەهاتووە. واتە ئەو چارەنووس و بەها جوانانەی كە پێویستە كۆمەڵگە دەستی پێوە بگرێت و بیپارێزێت. هەرچەندە مالێنا بە تەواوی وەفای بۆ مێردەكەی هەیە، بەڵام پیاوان بەو هۆیەی دەستیان پێی ناگات و ناكەوێتە ژێر ڕكێفیانەوە، دەكرێتە ئامانجی قسەڵۆكی بێ بنەما. ژنانیش جوانییەكەی وەك هەڕەشەیەك بۆ تێكدانی شیرازەی خێزانیی خۆیان لێكدەدەنەوە و ترسی ئەوەیان هەیە پیاوەكانیان لێ بدزێت!. هەردوولا هەر زوو بەبێ هیچ بەڵگەیەك، لەسەر ئەوە ڕێك دەكەون كە مالێنا لەشفرۆش و خراپەكارە.

واتە ڕابردووە پڕسەروەرییەكەی ئیتاڵیا و ئەوروپا، وەك باوكی مالێنا پەككەوتە و نابیستە. بەرهەمی ئەو ڕابردووە ڕەنگینەیش، كە مالێنای كچی ڕۆڵی دەبینێت، لە هەلومەرجێكی ترسناكدایە. ئەو بەها بەرزانەی كە پێویستە ئەوروپا یان ئیتاڵیا پێی بگات، ڕۆژانە ئەتك دەكرێت و دەخرێتە پەراوێزەوە. ئەو كەسانەیشی خاوەن ڕۆڵ و بزوێنەرن، وەك نینۆ سكووردیا لە شەڕێكی بێ ئامانج، تێوەگلاون. زۆرینەی كۆمەڵگە یان ئەوروپا، مشەخۆرن و خۆیان بە بابەتی بێ بنەماوە سەرگەرم و سەرقاڵكردووە. ئەمە لەكاتێكدایە ئەوروپا لە سەدی بیستەم، هەڵوەدای بە دەستهێنانەوەی سەروەرییەكانی ڕابردووی بوو.

لە دەستپێكدا باس باسی شارێكی ئیتالیایە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا. ئەو كاتەی مۆسۆلینی، ڕابەری فاشیستەكان  لە دژی وڵاتە هاوپەیمانەكان دەچێتە جەنگەوە. ئاشكرایە جەنگیش زۆربەی پێوەر و پێودانگەكان دەگۆڕێت. لانی كەم ئێمەی كورد پێویستە زیاتر لەم لایەنە ڕامێنین. چونكە بۆ ماوەیەكی زۆر، شەڕ بەرۆكی بەرنەداوین و لەگەڵیدا ژیاوین. بەستێنی سەرەكی فیلمی مالێنا، بریتییە لە شار. شار وەك دەستكەوتێكی مۆدێرن و پانتاییەك بۆ بەریەككەوتنی مرۆڤەكان. شار لە دەمی نالەباریدا، لە سەردەمی جەنگدا، مرۆڤەكانی لە بەها دادەماڵێت. هەروەك چۆن دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەمەی ئیتاڵیا فاشیستانەیە، تۆرناتۆرەیش بۆ ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكانی فاشیزم دەگەڕێت لەناو خەڵكدا. واتە ئەوەی خەڵكی بەرامبەر بە مالێنا ئەنجامی دەدەن، هەمان كردەوەی فاشیانەیە و لە ئاستێكی بچووكتردا، خەڵكی بەرامبەر بە یەكتر دووبارەی دەكەنەوە.

 لێرەدا تۆرناتۆرە ڕەخنەیەك ئاراستەی فەیلەسوفە مۆدێرنەكان دەكات، بە تایبەتی ئەو فەیلەسووفانەی وا باوەڕیان بە گرێبەستی كۆمەڵایەتی هەیە. تۆرناتۆرە دەیەوێت بڵێت مرۆڤ لە هەموو كاتێكدا، لە دۆخی سروشتی خۆیدایە. غەریزە سروشتییەكانن مرۆڤەكان ئاراستە دەكەن جا لە شار بن یاخود لەناو سروشتدا. لێرەدا دوور نییە، تۆرناتۆرە هاوڕای "تۆماس هۆبز"ی فەیلەسووفی ئینگلیزی بێت، كە پێی وایە مرۆڤەكان هەمیشە بۆسەیان بۆ یەك ناوەتەوە چونكە مرۆڤ گورگن لە پێستی مەڕدا. مرۆڤی نێو شار، دڕندەتر و بێڕەحمتر نیشان دەدرێت. دیمەنە زۆرەكانی شار، بە تایبەتی نیشاندانی دەلاك، پزیشكی ددان، سەربازە یونیفۆرمپۆشەكان، پارێزەر و چایخانەكان، هتد... هەموویان ڕوخساری شارییەكی مۆدێرن بە مرۆڤ دەبەخشن. هەموو توێژەكانی شار، یەك پرس دەیانخاتە قسە، ئەویش مالێنایە. لەكاتێكدا شار و وڵات و جیهانەكەیان، گیرۆدەی جەنگێكی مەزن بووە. بە لێشاو گەنجەكانیان، پەلكێشی بەرەكانی جەنگ دەكرێن. گرانی و برسێتی و كۆچوڕەو شاری تەنیوە بەڵام بۆ خەڵكی شار، ئەمە گرنگ نییە. كەواتە مرۆڤ لە هەر دۆخێكدا بێت، دەروون و غەریزەكانی خۆی ئاراستەی دەكەن.!

 هەقیقەت لەكونی دەرزییەوە
چیرۆكی مالێنا، هەرزەكارێك بۆمان دەگێڕێتەوە ناوی (ڕەناتۆ ئامۆرۆسۆ)یە. ڕەناتۆ سیمبوڵی دواڕۆژ و داهاتووەیەكی سەر لێشێواوە. بەڵام زیرەكانە هەڵوەدای بەها جوانەكانە، هەروەها بزۆزانە بە دوای هەقیقەتەوەیە و ورد سەرەنج دەدات. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ نەوەیەكی نوێی زیرەك و بزۆز لە جیهانی دوای جەنگدا. ڕەناتۆ هەرزەكارێكە و خەریكە بالغ دەبێت و دەگاتێ. لە یەكەم بینینەوە، دەكەوێتە داوای خۆشەویستی مالێناوە و بەردەوام چاوی لەسەرێتی. حەزی ڕەناتۆ بۆ مالێنا، حەزێكی ڕاستگۆیانەی پیاوانەیە. تێكەڵێكە لە ئاڵۆش و خۆشەویستی، لە سێكس و ئەشق. ئاشكرایە ئەم هەستە پیاوانەیەیش، بێ ئیرەیی و پەژارە ناچێتەسەر. وێڕای ئەوەی ڕەناتۆ سەركێشی و بزێوی كوڕانەی زۆرە، هاوكات سیمبوڵی مرۆڤێكی بێتاوان و پاكە، تەقریبەن ڕەناتۆ پێناسەیەكی ئاشكرای پۆستمۆدێرنانەیە لە دیدی تۆرناتۆرەوە... ڕەناتۆ هێشتا نەبووەتە بەشێك لە كۆمەڵگە. چونكە باڵغبوون و پێگەیشتن وەك یەكەمین دەستپێك لێكدەدرێتەوە بۆ ئەوەی بێتە ڕیزەوە و ببێتە یەكێك لە ئەندامە دانپێدانراوەكانی كۆمەڵگە. ڕەناتۆی هاروهاج، هەر بەو هەستە پاكە مرۆڤانەیەوە مالێنا دەناسێت. چمانێ تۆرناتۆرە بانگهێشتمان دەكات، بۆ ئەوەی بە چاوێكی پاكەوە، بە هەستێكی ساكارەوە لەم فیلمە ڕامێنین، هەروەك چۆن ڕەناتۆ لە مالێنا ڕادەمێنێت... هەروەها لێرەدا تۆرناتۆرە ڕەخنەیەكی توند ئاراستەی "ئیمانوئیڵ كانت"ی فەیلەسووفی ئەڵمانی دەكات. كانت گوتبووی: (ڕزگاربوون لەو دۆخە هەرزەییەی مرۆڤی تێدایە، دەمانگەیەنێتە كەنارەكانی ڕۆشنگەریی و ڕووناكبوونەوەی ئایدیاكان...). تۆرناتۆرە لە ڕێگەی ڕەناتۆوە دەیەوێت بڵێت: دۆخی هەرزەیی، دۆخێكی بێگەردە. ئەوەتا ئەوانی تر كە دۆخی هەرزەییان تێپەڕاندووە و مرۆڤی كامڵ و جێنتەڵمانن، هێشتا گیرۆدەی خواستە پیسەكانیانن و بەها جوانەكان، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەهاڕن. دڕندەكان، ڕووكەش و جلەكانیان گۆڕیوە. ئەگینا لە ناخەوە، گورگن و لە پێستی مەڕدان. ڕەوتی فیلمەكە بە جۆرێكە، تەنیا ڕەناتۆ ئاگاداری هەقیقەتی شتەكانە. ڕەناتۆ لە كونێكی بچكۆلەوە، چاودێریی مالێنا دەكات. ئاگای لەوەیە كە پیاوانی كۆمەڵگە بە تۆبزی مالێنا دەستەمۆ دەكەن و تێكەڵی خواستە سێكسییەكانی خۆیانی دەكەن. دواتر لە نامەیەكدا بۆ مێردەكەی مالێنا، دان بەوەدا دەنێت، كە تەنیا ئەم ئاگای لە وردەكارییەكانە و قسەڵۆكەكان بنەمایەكی ئەوتۆی نییە. هەڵبژاردنی ئەو كونە تا لێیەوە لە هەقیقەتی شتەكان تێبگات، نموونەی ئەشكەوت و فەلسەفەی ئەفلاتۆنمان بیر دەخاتەوە. لەڕاستیدا وێكچواندنێكی ناوازەیشە. هەقیقەت لە درزێكی بچكۆلەیشەوە بێت، هەر دەگات. هەروەها دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت و تێگەیشتن لە كرۆكی شتەكان، وەك چۆن ماندووبوونێكی كەموچانی دەوێت، هەمان شێوە، پاڵنەرێكی بەهێزی دەروونیشی پێویستە. ئەگەر لێرەدا كەسایەتی مالێنا وەك سیمبولی پێوانەی هەقیقەت لێكبدەینەوە، تۆرناتۆرە پێمان دەڵێت خۆ هاوڕێ هەرزەكارەكانی ڕەناتۆ، پێش ڕەناتۆ مالێنایان ناسیوە، بەڵام چونكە وەك ڕەناتۆ پاڵنەرێكی دەروونی پاكژ و بەهێزیان نییە، زوو كۆڵ دەدەن و لەناو خەڵكی ڕەشۆكدا ون دەبن. وەك چۆن لەسەر شانۆی ڕووداوەكانی فیلمەكەیش نامێنن.

 
كۆمەڵگە چۆن دەمانكات بە بەشێك لە خۆی؟
دوور نییە پرۆژەی سەرەكی تۆرناتۆرە لە فیلمی مالێنادا، وەڵامی ئەم پرسیارە بێت. هەروەتر ڕوانینە ڕەخنەییەكانی تۆرناتۆرە سەبارەت بە ئاپۆڕە، سێبەری خستووەتە سەر كۆی فیلمەكە. ئاپۆڕە یان جەماوەر، هەمیشە ڕاست و لەسەر هەق نین. بۆیە گوێڕایەڵی جەماوەر، شكستی جوانی و بەهای بەرزی لێ دەكەوێتەوە. بە مانایەكی تر جەماوەر كاتێك دان بە تاكدا دەنێت، كە بووبێتە بەشێك لەخۆی. بەشێك یان پارچەیەك لە گشتێكی نەخۆش!. مالێنا وەك سیمبولی جوانی و بەهای بەرز، وەك تاك و سەرتەڵ، تا ئەو كاتە دەتوانێت بمێنێتەوە كە بەهێزە و پشتیوانی هەیە، بەڵام كاتێك هەلومەرج گۆڕا و گڵۆڵە كەوتە لێژی، یەكەمین شت پێشنیاری بۆ دەكەن، تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدانە.

شار لە گەندەڵیدا نگرۆ بووە و مالێنا ژنێكی تەنیایە لەبەردەم تۆفانێكی ڕەقدا. ژنان لە ئیرەیی و پیاوان لە حەزی سێكسیدا ئۆقرەیان لێ بڕاوە. پیاوان سنووری ئازادی و بڕیاردانی مالێنا بەرتەسك دەكەنەوە و ژنان زیاتر دەیخەنە پەراوێزەوە. ژیان بەهۆی جەنگەوە قورسە و خەڵكی لەسەر مالێنای قورستر دەكەن، ئەوەیش بەوەی ناهێڵن وەك خۆی بژێت!. ململانێی نێرەكان، مالێنا دەگەیەنێتە دادگا. جوانیی لەبەردەم دادگای گەندەڵاندا، ڕووت و تەنیایە. لەو دیمەنەدا وا مالێنا لەسەر كورسی تۆمەتبار دادەنیشێت و ڕەناتۆ بە ڕووتی دەیبینێت، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ تەنیایی مالێنا. لەم دادگایەدا، ئەوەی بزر بێت، دادی ڕەوایە. چونكە خودی دادوەریش، لە دیمەنی پێشووتردا بەچاوی تەماحەوە لە مالێنای ڕووانیوە. ئەوەیشی لەم پرسەدا، مالێنا ڕزگار دەكات، خودی گەندەڵییە. پارێزەرێكی زگورت، ڕۆڵەی شەرعی ئەو كۆمەڵگەیە و پاساوهێنەرەوەی گەندەڵییەكانیانە، مالێنا لەو دۆخەدا دەرباز دەكات. دەربازی دەكات بۆ ئەوەی بیكا بە هی خۆی.

ڕەوتی ڕووداوەكان بە كەیفی جەماوەرە. تا بێ، مالێنا لاواز و تەنیاتر دەبێت. دەڵاڵ یان قاچاخچییەكی خۆراك، لەپێناو بەدەستهێنانی نان و دەربازبوون لە برسێتی، پێشنیاری لەشفرۆشی بۆ مالێنا دەكات. ئیشی دەڵاڵ ناڕاستەوخۆ و تاڕادەیەك شاراوەیە، گەیاندنی ئەم پەیامە بە مالێنا، لەلایەن كاراكتەرێكی ناڕاستەوخۆوە، ئاماژەیە بۆ كۆنەستە شاراوەكەی كۆمەڵگە. تا ئێرە مالێنا خۆی لەبەرامبەر هەموو پێشنیارە سووكەكانی كۆمەڵگە ڕاگرتووە و هەمیشە وەڵامی نەخێر بووە. واتە بەردەوام خۆی لەوە پاراستووە نەبێتە بەشێك لە ناشیرینییەكانی كۆمەڵگە و خۆی بە جوانی هێشتووەتەوە.

دواجار مالێنا بڕیار دەدات لە پەراوێزەوە بێتە ناو كۆمەڵگەوە و ببێت بە بەشێك لەوان. كاتێكیش دەبێتە بەشێك لەوان، دەبێتە لەشفرۆش. تۆرناتۆرە دەیەوێ بڵێت: مرۆڤ تا ئەو كاتە جوان و بە بەهایە، كە سەرتەڵی و ڕەسەنیی خۆی دەپارێزێت. ئەو كاتەی لەناو ناشرینییەكاندا توایەوە، ئیتر شتێك نامێنێت شایانی باس بێت. هەروەها تۆرناتۆرە لێكچواندنێكی ناوازە پێشكەش دەكات، ئەوەیش ئەمەیە: كۆمەڵگەی فاشیستەكان، بەوجۆرە تۆ قبووڵ دەكەن، كە خۆیان دەیانەوێت. سەرەتا پەڕوباڵت دەكەن، دواتر سەركۆنە و سەركوتت دەكەن. سەرەتا هەموو تایبەتمەندییەكانت لێ دەسێننەوە، ئەوەی تۆ هەتە، لێت زەوت دەكەن، پاشان بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت، یاری بە چارەنووستەوە دەكەن. تۆرناتۆرە بە ئاشكرا لاف لێ دەدات و دەڵێت لەم كۆمەڵگەیەوە، لەناو ئەم چەشنە بیركردنەوەیەوە، فاشیزم ئاسنتر لە هەر شتێك سەرهەڵدەدات. بۆیە مالێنا ئەو كاتەی تەسلیم دەبێت، قژی كورت دەكاتەوە و لە سەنتەری شارەوە، بە گریان و كزۆڵەییەوە ڕایدەگەیەنێت كە ئامادەیە ببێتە بەشێكی كۆمەڵگە. (دوور نییە كرۆكیترین و پڕماناترین دیمەن، ئەوە بێت وا مالێنا جگەرەیەك دەخاتە سەرلێوی و هەموو پیاوە شیكپۆش و جێنتەڵمانەكان، ئاگری بۆ نزیك دەكەنەوە). هەر ئەم دیمەنە، چەندین پەیام و نامەی تایبەتمان دەداتێ.

زۆرینەی ئەو پیاوانەی وا جگەرەكەی مالێنا دادەگیرسێنن، لە دیمەنەكانی دیكەدا ونن. واتا زۆرینەی كۆمەڵگە، ئەگەر لەبەرچاوی ئێمەیش نەبن، هەمان خواستی ئەوانی دیكەیان هەیە. بە مانایەكی دی، كۆمەڵگە و ئاپۆڕە یەكپارچەیە و هاوڕان، مالێنای جیاواز و جوانیش تەنیایە.
ئاگر، سیمبولی سوتان و نابووتبوون و لەناوچوونە. كۆمەڵگە تێكڕا و پێكەوە، جوانییەكان لەناو دەبەن و بەها بەرزەكان دەشكێنن. ئەگەر لە هیچدا هاوڕا نەبن، لە سووتان و كۆتایی هێنان بە جوانی و دەنگی جیاواز، هاوڕان. هەروەها ئاگر ئاماژەیە بۆ جەنگ. جەنگیش ئەو ئیرادە زاڵەیە كە هەموو خاوەن ئاگرەكان بزوێنەرین.
تەنیایی؛ ئاماژەیە بۆ مەلەی دژەڕەوت لەناو نەریتدا. كۆ و زۆرینە، سیمبوڵی نەریت و چەقبەستووییە. تۆرناتۆرە بەم دیمەنە ململانێی نەریت و جوداخوازییمان نیشان دەداتەوە.
دەستی نەریت و جەماوەر دەتخنكێنێت. ئەو هەموو دەستە بە ئاگرەوە، بەرامبەر ڕوخساری پاكی مالێنا، ئاماژەیە بۆ خنكانی سەرتەڵبوون و جیاوازیی...
دەستی زۆرینە بۆ لادان و گەندەڵبوون چەپڵە لێ دەدات. بۆیە ئەگەر ئەو هەموو دەستە، بچووكترین ئیرادەیان بۆ چاكسازیی و ڕۆڵیان لە باشتركردنی ژیانی هەژارەكاندا هەبووایە، ڕەوتی ڕووداوەكان جۆرێكی تر دەبوو.

ئاماژەكان بۆ فاشیستی كۆمەڵگە لەنێو ئەم فیلمەدا، زۆرن. بەرچاوترینیان دوو دیمەنی تایبەتە. یەكەم: باوكی ڕەناتۆ سیمبوڵ و نوێنەری بێزاری و تووڕەییە لە دەسەڵات و دژی فاشیستەكانە. كەچی خۆیشی هەڵوێستی فاشیانە و توند بەرامبەر ڕەناتۆ دەنوێنێت. لەسەر بەكارهێنانی پانتۆڵێك، ڕەناتۆ تێهەڵدان دەكات و لە ژوورەوە زیندانی دەكات. (ئەم دیمەنە بۆ زۆرینە ئاشنایە!). دووەمیان: دوای ئەوەی مالێنا لەشفرۆشیی خۆی ڕادەگەیەنێت و نازییەكان دێنە شارەكەیانەوە، دەستیان لەگەڵ تێكەڵ دەكات. ئەمەیش پاساوێكی ناوازەیە بۆ ژنانی شار بۆ ئەوەی تووڕەیی و ئیرەیی خۆیان خاڵی بكەنەوە. نیشاندانی دیمەنی تێهەڵدان و سزادانی مالێنا لەلایەن ژنانی شارەوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی تۆرناتۆرە پێمان بێژێت: فاشیزم لەهەناوی كۆمەڵگەدا خۆی مات و مەڵاس داوە، بچووكترین دەرفەت بەسە بۆ ئەوەی خۆی نیشان بدات و وەك لەندەهوور بێتە نێو كایەكەوە. هەروەها هیچ شتێك لەناو مێژوودا، بەبێ هۆ ڕوونادات و هەمیشە پاساوێك هەیە، ئەگەرچی پاساوەكەیش ڕەوا نەبێت. بەتایبەتی ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەكان بە هەڵە هاتبن، بە هەمان شێوە پاساوەكانیش ناڕەوان... 
هەروەك چۆن كۆمەڵگە بەرامبەر بە مالێنا دڵڕەق و بێڕەحمن، هەمان شێوە بەرامبەر نینۆ سكووردیای مێردی مالێنایش هەمان شت دووبارە دەكەنەوە. سكووردیا خۆی لەپێناو خەڵكەكەیدا بەخت دەكات، كەچی خەڵكی شار بە لاقرتێ و سووكایەتییەوە وەڵامی دەدەنەوە. سكووردیا لەوەڵامی بێڕێزییەكانیاندا دەڵێت: كەسێك بۆ خەڵكێكی وەك ئێوە خۆی بەخت بكات، بێگومان جوامێر نییە. ئەمە وەك ئاماژەیەكە كە ئەو خەڵكە شایانی ئەوە نین خۆتیان بۆ بە كوشت بدەیت. لەو دیمەنەدا وا سكووردیا شار جێدەهێڵێت، ئاماژەیە بۆ داماڵینی جوامێری كە نینۆ ڕۆڵی دەگێڕێت، پێشتریش شار لە جوانی داماڵراوە، چونكە مالێنا كۆچی كردووە. هەروەها لە دیمەنە كۆتاییەكاندا، جەنگ كۆتایی دێت و كۆمەڵگە هێدی هێدی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی، مالێنا و نینۆ بە شكۆوە دەگەڕێنەوە، خەڵكیش سەری ڕێز بۆ جوانی و جوامێرییان دادەنوێن.

فاشیزم؟
فاشیزم لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن مۆسۆلۆنییەوە لە ئیاڵیا دامەزرا، ئامانجیان خۆی لە گەڕاندنەوە و بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریای ڕۆم وەك بەشێكی گرنگ و گەورەی سەروەریی وڵاتی ئیتاڵیا دەبینییەوە. دواتر وەك شێوازێكی ڕوانینی سیاسی لێهات، پاشان و تا ئێستایش وەك ناوناتۆرە بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت، كە وەك فاشیستەكان بیردەكەنەوە.

فاشیستەكان باوەڕیان بە دیموكراسی و ئازادی و سۆسیالیزم نەبوو. تاكە حزبێكیان بە شایانی حوكمڕانی دەزانی و لەناو ئەو حزب و حكومەتەیش، بڕیاری سەرەكی و گەورە، كەسێك بۆ خۆی زەوتی دەكات. لای فاشیستەكان هەموو خەڵك و هاووڵاتی دەخرانە خزمەت حكومەت و دەوڵەتەوە. تاكەكەس بەتەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا شایانی ڕێز و دانپێدانان و تەنانەت ژیانیشە. واتە بە تەواوی نكۆڵی لە جیاوازی و سەرتەڵبوون دەكەن.

لە فیلمی مالێنادا، ئیتاڵیا وەك لانكەی سەرهەڵدانی فاشیزم نیشان دەدرێت. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەو فاشیزمە شاراوە ئەوروپییە/ ڕۆژئاواییە كە تەنیا ڕوانینی خۆی دەسەپێنێت. جەنگەكان هەڵدەگیرسێنێت و بەڕێوەیان دەبات.

كۆتایی
 فیلمی مالێنا فرەتر لە ڕەهەندێكی هەیە. ئێمە دەتوانین لە ڕەهەندێكی تاكەكەسی، كۆمەڵایەتی، سیاسی و فەلسەفییەوە لێی ڕامێنین. لە هەموو ڕەهەندەكانییەوە، ڕوانینێكی ڕەخنەییانەی بەسەردا زاڵە. مالێنا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە سینەماكاندا نیشان دراوە. ئەمەیش بە ڕێكەوت نییە و بە دڵنیاییەوە پەیامێكی فەلسەفیی و سیاسیی لە هەناودایە. تۆرناتۆرە لە دەستپێكی سەردەم و سەدەیەكی نوێدا، مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم ئاوێنەی مێژووەوە. ئەو مێژووەی كە بە ئاسانی دووپات دەبێتەوە و كۆن نابێت، چونكە ئامرازەكان هەر ئەوانەن وا كات دەگۆڕن بۆ مێژوو. بۆیە دوای بینینی مالێنا تێدەگەین مێژوو ئێستایە.