فیلمی (خاتوو ماركس)

1 مانگ پێش ئێستا

پێشڕەو محەمەد
فیلمی "خاتوو ماركس" (Miss Marx) باس لە ژیان و چالاكیی كچەكەی ماركس، ئێلنور ماركس، دەكات. 

فیلمەكە هەڵوەستە لەسەر زنجیرەیەك لە ڕەهەندە سیاسیی و چالاكییە گشتییەكانی ئێلنور ماركس دەكات، بەڵام لێنزی كامێرا زۆر زیاتر دەچێتە سەر ژیانی هەستەوەریی و هەستیاریی ئێلنور. ئایدیایەكی بەهێزی فیمینیستیی لە پشتی فیلمەكەوە وەستاوە و دەیەوێت ئەم ئایدیایانە بخاتەوە ناو سیاقی ڕابردووەوە لەڕێگای بەوێنەییكردنی ژیانی سیاسیی، كۆمەڵایەتیی و هەستەوەریی ئێلنورەوە. 

ئێلنور وەك خەباتگێڕێكی سۆسیالیست پەیوەندیی بە مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەكات، پاشان، وەك وەرگێڕێكی بەرهەمە ئەدەبییەكانی فەڕەنسا بۆ زمانی ئینگلیزیی، دواتر وەك وەرگێڕی سەرمایەی ماركس بۆ زمانی ئینگلیزیی، دواتر وەك چالاكوانی فیمینیست و نووسەری كتێبی "دەربارەی پرسی ژنان". یەكەم كەس دەبێت لە دامەزراندنی ئەنتەرناسیۆنالی دوودا، پشتگیریی لە رۆزا لۆكسمبورگ دەكات، ئەوكات تەمەن ٢١ ساڵ، وەك ئەندامی كۆمیتەی سەرەكیی هەڵبژێردرێت. ژیانی ئێلنور، ژیانێكی ئێجگار سەرسوڕهێنەرە، ئەم فیلمە ببینن زۆر شتی سەیر و سەمەرە لە ژیانیدا دەبیننەوە. 

سوسانا نیكارلیی، ژنە دەرهێنەری فیمینیستی ئیتاڵیی، بەهاوبەشیی ستۆدیۆكانی ئیتالیا و بەلجیكا، كاری نووسین و دەرهێنانی بۆ فیلمەكە كردووە. 
لە پێنجی سێپتێمبەری ساڵی ڕابردوو لە فیستیڤالی فیلمی ڤینسیا بۆیەكەمجار پەخشكرا.