فیلم بۆ ٨ ی مارچ و شتی تریش...

1 مانگ پێش ئێستا

شادمان محەمەد
لە راستیدا لە ژیانمدا ئەوەندەی باوەرم بە كرداری مرۆڤەكان هەبووە هیچكات باوەرم بە بابەتی شیعارات و حەماسەت و وەهمی مرۆڤەكان نەبووە لە هیچ بوارێكدا. دانانی رۆژ و مانگ و ساڵ و یاد بۆ شتێك، یاخود بابەتێك كەم تا زۆر خۆی لە خۆیدا واتا كەمووكوری لەو پرسەدا!

ئێمەش وەك میللەتی كوردی كە دەكەوینە نەخشەی جیهانی سێهەمەوە، تا رادەیەك میللەتێكی نوێین بە زۆر بابەتی مۆدێرنە. بۆیە گەر سەرنج بدەین تا ئێستا ناوێكی یەكگرتوومان  بۆ زۆر شت نیە! بۆ نمونە ناو بۆ (رەگەزی مێ) تا ئێستا ناوێكی یەكگرتوومان نیە! ئەویش بەهۆكاری جودا جودا و وە بە هۆی بوونی ململانێیەكی قووڵی لایەنی كۆمەڵایەتی و ئایینی و كەلچەر و ناوچەیی و سیاسی كە من ناچمە ئەو جەدەلە بێكۆتاییەوە ئەوە كاری مرۆڤەكان خۆیانن با پێی بگەن!
لە جیهاندا كە دەڵێن؛ (Women) ئیتر واتا هەموو رەگەزی مێ! بەلام لێرە لای خۆمان دەڵێین؛ ژن، یاخود ئافرەت... هد...  ئەوەش خۆتان بەدواداچوونی بۆ بكەن!

رێزگرتن بابەتێكی تایبەت و دوولایەنەیە، هیچ كات بەیەك لایەنە ناكرێت، بابەتی یەكلایەنە لە هەموو شتێكدا سەقەت و پڕ كێشە و جێی بەزەییە، تەنانەت لە خۆشەویستی و رێزدانانیشدا هەر هەڵەیە چونكە بە زەلیلی و داماوی كۆتای دێت. رەنگە تاكە شتێكی تاك لانەیە كە شایستە بێت تەنها وتنی دادپەروەری و راستی و  حەقبێژیی بێت تاك لایەنی لێرەدا پیرۆزی تێدایە !

بە هەرحال قوڵ نابینەوە، ئەوە چەند ساڵە لە كوردستان بابەتی رەگەزی مێ، رۆژی جیهانی هومێن، وەك كاسێتی كۆن كە چۆن پەتی شریتەكەی بە مەكۆی لێدەری كاسێتەوە تێكئالاو  بێت و پاشان غەڵبە غەڵب و بڵمە بڵمیی بە هۆی خواردنەوەی شریتەكەوە لێ دروست دەبێت و وەك خەڕەكێكی لێهاتووە، تووتی ئاسا شیعاراتی لێدێتە دەرەوە! وە چونكە هەنگاوێكی زۆر مەزنی بۆ نەنراوە، بۆیە مەیدانی شیعرو شانامە كڵاشە دەكات، بابەتەكە بۆتە زەلكاوێكی وەستاو! ئەی كردار كوانێ! .. نیە! 
هەربۆیە ئەبێت بێین دیراسە بكەین و جۆری ئەو نەخۆشیە دیاری بكەین كە چۆن لە ماوەی (پانزە)ساڵدا (٥٠٠ ژن) كوژراوە! كاری من ڕادۆزی نیە! كاری من وتنە! هاوشێوەی ئێوە منیش ئەڵێم بێ كردار! كەواتە خێرە ئەم رێژەی بەرزی كوشتنە! كوشتنی یەك مرۆڤیش زۆرە! باشە بۆچی ئەم دیاردەیە كەمینەكردووە! بگرە زیادیشی كردووە! ئەمانە دەبێت كاری لەسەر بكرێت، نەك بە فەردە و گونیە شیعر هەڵرژنە مێشكی ماندووی خەڵكەوە، بە شیعیر و شیعارات بوایە ئێستا ئێمە لە كەشكەلانی فەلەك ئەبووین، یان هەر لە مەریخ دەبووین! ئەوەی جێی پرسیاری منە باشە (ژن- ئافرەت)ی كورد ئەم هەموو ئازارەی هەیە و بۆچی خۆیان ئازاری خۆیان نانووسنەوە، بۆ هەر ئەبێت پیاو بۆیان بنوسێتەوە! ئاخر تەنها ژن خۆی نوێنەری خۆیەتی، نەك پیاو! 

كوا ژمارە بێشومارەكەی ژنان لە نوسین و سینەمادا، كوان دەرهێنەرەكانی ژن لە سینەمادا! خەلكم بە پەنچە بۆ مەژمێرن! نوسەری ژنی فەیكمان ناوێ؟ هاوشێوەكانی( فەروغ و ئەلیف شافاق و جاین ئۆستۆن و ئۆریانا ڤالاچی و... هد... كوان...

لە كۆتایدا دێرێك هەیە دەلێت: وەرە با كار بكەین، نەوەك جەنگ و جەدەل ئەو كارو كردارە وایكردووە ژیان تەحەموولكراو بێت...

(سەركەوتن بۆ هەردوو رەگەز)