فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح

1 مانگ پێش ئێستا

پێشڕەو موحەمەد
ئۆدیسەی فەلسەفیی سەربەستیی و ئازادیی مرۆڤ. كتێبێكی پڕ لە سەركێشییە. لە ڕۆمان دەچێت، گەشتی عەقڵە بەرەو ڕۆحی ڕەها، لەو گەشتەدا كۆمەڵێك كێشە و سەرچڵیی و سەركێشیی دێتە پێشەوە، ڕێك لە ڕۆمانی فەنتازیی دەچێت. ئەم كتێبە ڕۆمانی هەژاران و كرێكارانە. ئەو خاكەی ئەم ڕۆمانە تێیدا ڕوودەدات، خاكی ئەفسانەیی و خاكی واقیعیی شۆڕشی فەڕەنسییە. ڕۆمانێكە دژی ناعەقڵانییەتی شەڕخوازی ئەڵمانیی. شەڕی نێوان عەقڵ و ئیمان، پاشا و خەلیفە لەبەرەیەك و جەماوەری شۆڕشگێڕ لەبەرەكەی دیكە. 

ئەم ڕۆمانە مانیفێستی ڕۆشنگەرییە، ئەگەرچی بە چەمكی ئایدیالیستیی و خەیاڵیی، بەڵام هاوكات بناغەی ماتریالیزمی مێژوویی ماركس و ئەنگڵسیشە، لەسەر بناغەیەكی واقیعییتر. بۆیە ماركس بۆیەكەمجار كە لە پاریس لە ١٨٤٤دا ئەم بەرهەمە دەخوێنێتەوە تێدەگات كە ڕۆمانێكە بۆ ئەو نووسراوە بەڵام سەراوبن وەستاوە و دەڵێت هێنامەوە سەرپێكانی خۆی، چونكە لەسەر سەر و بەراوەژوو وەستابوو. ئەمە شیعری ڕۆشنگەرییە، بەڵام ئێمە تەرجەمەمان كردووە بۆ پەخشانی ماتریالیستیی. بەو مانایە: بەبێ هێگل و ئەم كتێبە، لە ماركس دووردەكەوینەوە. هەروەها دەكرێت بڵێین ماركس پاڵەوانی ڕۆمانی «فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح»ە و لە نووسەرەكەی یاخیی بووە و هاتووەتە دەرەوە و لە جیهانی واقیعییتردا شەڕەكەی دەكات. 

ماركس و ئەنگڵس پێیانوابوو ئەمە ڕۆمانێكی جەماوەرییە، لینین پێیوابوو مانیفێستی كرێكارانە. نیچە پێیوابوو نووسەری ئەم كتێبە درۆزنترین ئەڵمانییە. شۆپنهاوەر دەیگوت فەیلەسوفێكی ساختەیە، پاشا فریدریشی مەزن، شێلینگی لەدژی هێگل بانگهێشتی خوانی بەرلین كردبوو، هیتلەر خۆشحاڵبوو بەوەی شۆپنهاوەر و نیچە توانیویانە فەلسەفەی ماڵكاولكەری هێگل لەناوبەرن. 

ئایا كەستان ئەم ڕۆمانەتان خوێندۆتەوە؟ بەكوردیی یان...؟
كراوە بە كوردیی، هیوادارم وەرگێڕانەكەی لە ئاستی ئەم ئۆدیسە فەلسەفییەدا بێت.