بۆ لە یەك تێناگەین؟

1 مانگ پێش ئێستا

هۆزان شەریفی
پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكە، گرنگە دوو چەمك بخەینە ڕوو. باس لە هەر یەكەیان بكەین و جیاوازییان بكەین. ئەوانیش ( مۆنۆلۆگ -   Monologue)هەروەها ( دایالۆگ -Dialogue  ) یەكەمیان لە واتا گشتییەكەیدا گفتوگۆی تاكە كەسێكە لەگەڵ خۆی. 

لەم وتووێژە كە هەر یەكەمان ڕۆژانە لەگەڵ خۆمان ئەنجامی ئەدەین، گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆمان ئەكەین لەسەر بنەمای بۆچوون یان ئەندێشەی خۆمان بۆ هەر شتێك، بە واتایەكی دیكە قسەكردنمان لەسەر بنەمای گوێگرتن لە بۆچوونی بەرامبەر نییە و كەسێكی دیكە بەدەر لە خۆت نییە كە مەبەستت تێگەیاندنی یان لێ تێگەشتنی بێت. چەمكی مۆنۆلۆگ لە ڕەهەندی دیكەدا بەكاردێت، كە ڕەنگە مەبەستێكی جیاواز لەمەی باسم كرد هەبێت بە نموونە لە شانۆدا. ئەوەی مەبەستمانە لێرە واتا گشتییەكەیەتی. چەمكی دووەم دایالۆگ، مەبەست لێی ئاخاوتنی نێوان دوو كەسە. دایالۆگ بۆ تێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گەیاندنی پەیامە، بەڵام ئەمە تەنها بەوە ڕوو نادا هەر یەك بۆخۆی بدوێ. لە دایالۆگدا پێویستە كەسی گوێگر لە پاش گوێگرتن لە قسەكەر و لێكدانەوە بۆ پەیامەكانی وەڵام بداتەوە و پاشان ڕۆڵەكان ( گوێگر - قسەكەر) ئاڵوگۆڕ بكرێن. بەم جۆرە لە ئاخاوتن دەگوترێ دایالۆگ و بەم شێوەیە لێكتێگەیشتن دروست دەبێت.

لە پاش تێگەیشتن لە هەردوو چەمكی مۆنۆلۆگ و دایالۆگ، دەكرێ وەڵامی پرسیارەكەمان دەست كەوێ. بۆ لە یەك تێناگەین؟ هۆكاری سەرجەم گرفتەكان لێكتێنەگەیشتنە، چارەسەری هەمووشیان تەنها لێكتێگەیشتنە. ئەبینین ڕۆژانە گرژییەكان ڕوو لە زیاد بوونن. سیاسییەكان، پیاوانی ئاینیی، هاوسەران و دڵداران ... تاد بە ڕووی یەكدا هەڵدەشاخنەوە و لە پاش گفتوگۆیەكی زۆر ناگەنە ئەنجام ! ئەوان پێكەوە قسە ئەكەن بەڵام قسە بۆ خودی خۆیان ئەكەن ! هەر كات دوو كەس پێكەوە قسە دەكەن مانای ئەوە نییە ئەوان دایالۆگ دەكەن.

وەڵامەكە ئەمەیە; ئێمە هێشتا گفتوگۆكانمان مۆنۆلۆگە، بەو واتایەی گوێ دەگرین تا تەنها وەڵام بدەینەوە. وەڵامەكانمان لە پاش تێگەیشتن نییە لە بۆچوونی بەرامبەرمان، ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆمانە و بە وەڵامەكانمان ویستی سەپاندنیمان هەیە بەسەر بەرامبەردا. وەك ئەوەیە تەنها لەبەر خۆمانەوە قسە بكەین! چونكە لەڕاستیا هەرچەند دوو كەس بە ڕواڵەت پێكەوە گفتوگۆ بكەن بەڵام قسەكانینا تەنها لەسەر بنەمای بۆچونە تاكڕەوانەكانی خۆیان بێت ئەگەر كاتژمێرێكیش بدوێن هێشتا ئەوان مۆنۆلۆگ دەكەن نەك دایالۆگ.

چارەسەر لێكتێگەیشتنە، لێكتێگەیشتنیش بە دایالۆگ دەبێت. دایالۆیش بەو واتایەی لە گفتوگۆكانمان گوێگربین بە مەبەستی تێگەیشتن لە پەیامی بەرامبەر نەك چاوەڕێ بین قسەكانی تەواوبن تا وەڵام بدەینەوە. وەڵامەكانمان لەپاش تێگەیشتن لە بەرامبەر بن و هەڵگری پەیامەكانمان بن لە چوارچێوەی بابەتی گفتوگۆكە. لە هەموو ئەمانەی باسمان كرد گرنگتر، لەسەرخۆیی و زاڵبوونە بەسەر توڕەبوونەكانمان.