ئایا نەریت، ڕەسەنایەتییە یان دۆخە؟

1 مانگ پێش ئێستا

جبار احمد
زۆركات نەریتپارێزان باس لەشوناسی نەتەوە دەكەن لە سۆنگەی پابەندبوون بەنەریتەكانەوە، و هەرجۆرە هەڕەشەیەك بۆسەر نەریت وەكو مەترسی بۆسەر مانەوە و شوناس و زیندوێتی نەتەوەكە دەزانن، واتا لەناوچون و كاڵبوونەوەی نەریتەكان وەكو هەنگاوی ڕووەو فەوتبوونی نەتەوە دەزانن، و تەواو گرێدانەوە و تێكەڵبوون و پێكەوە پەیوەستی نێوان نەتەوە و عاداتەكان وەكو ئەزەلی و ئەبەدی دەبینن كە هیچ كامیان بەبێ ئەوەی تریان ئیمكانی بوون و زیندوێتی و بەردەوامێتیان نییە، بۆیە لەپێناو پارێزگاری لەنەتەوە، دەخوازن نەریتەكان پارێزراوبن.

ئەگەرچی كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی نەریتییە، بەڵام ناكرێت نەریت وەكو چێوەی پارێزگار و هێشتنەوەی نەتەوە ببیندرێت، یاخود ناكرێت شوناسە نەتەوەیی و شوناسە نەریتییەكان پێكەوە گرێبدەین، چونكە ماهیەتی نەریتی كۆمەڵگەی ئێمە درێژكراوەی نەریتەكانی خێڵ و ئایینن، بەڵام ماهیەتی نەتەوە و ڕیشەكانی هاوتای ڕیشەكانی نەریت نین، واتا ڕەسەنایەتی نەتەوەیی هیچ ڕیشە و ڕەگێكی نییە كەتەواو بۆناو نەریت قوڵبووبێتەوە و مانای بەبوونی دابێت.

گۆڕان و گەشە یان نەمان و كاڵبوونەوەی بەشێك یان جۆرێكی نەریتەكان نابێت وەكو هەڕەشەی نەمانی نەتەوە، یان سەرەتایەكی ترسناكی نەمانی هەماهەنگی ببیندرێت، بەڵكو نەریت و نەتەوە دوو یەكە و ئاڕاستەی جیاوازن و تێكەڵبوونیان لەهەندێ دۆخ و قۆناغدا بەمانای پێكەوە پەیوەستی ئەبەدی نێوانیان نییە، دەشێت بۆ كاتێك، بۆ سەردەمێك نەتەوە نەریت وەكو ئومێدی مانەوەی و پارێزگاری لەخۆ بەكاربهێنێت، بەڵام ئەم كات و قۆناغە كۆتایی هاتووە و جێگیرنییە، واتا تەنها بۆ قۆناغێكی دیاریكراوە.

دونیای ئێستای هاوچەرخ دونیای تێكەڵبوون و پێكەوەكاركردنی نەریتەكان و كەوتنی نەریتە نامرۆییەكان و هاتنە پێشی ئەو نەریتانەیە كە هاوبەشێتی زۆریان لەناو گەلە جیاوازەكاندا هەیە، ئەمەش لەدەرەوەی شوناس و كیانی نەتەوەكان، واتا وەكو ئاڕاستە و ماهیەتێكی موستەقیل و پەیوەستنەبوو، ئەمەش واتای ئەوەی نەتەوەكانیش دەتوانن لەدەرەوەی نەریتەكانیان و بەجیاواز لە عورفەكانیان درێژە بەمانەوەی خۆیان و بەردەوامیان بدەن، واتا نەریتەكان ڕەسەنی نەتەوە پێكناهێنن، بەڵكو دۆخێكن لەمێژووی نەتەوەدا و تێدەپەڕن.