فیلمێكی دۆكیومێنتەری دەربارەی سۆشیال میدیا

1 مانگ پێش ئێستا

د. نیاز نەجمەدین
لەگەڵ هاوڕێكانت یان كەسوكارت دانیشتویت بۆ نانخواردنی بەیانیی، نیوەڕۆ یان ئێوارە و چەند جارێك دەست بۆ مۆبایلەكەت دەبەیت. دوو رەسم دەگریت و سناپێك دەكەیت، ڤیدیۆیەك دەبینیت و دەمودەست لەگەڵ گروپی هاوڕێكانت شەیری دەكەیت.

دایكت یان هاوسەرەكەت بانگت دەكات بۆ سەر سفرە، ئەو خەمێتی نانەكەت سارد ببێتەوە و تۆ سەرقاڵی مۆبایلەكەتی. تا ئەگەیتەسەر سفرەكە، چەند جارێك بانگت دەكات.

ئارام و بێ دەنگ دانیشتویت، لە خۆت رازییت، كاتێك دەزانیت توشی كێشەیەكی دەرونیی بویت و كەوتویتەتە شەڕ لەگەڵ جەستەی خۆت، بۆ نمونە لوتت، مەسڕەفكە و بیگۆڕە.

خەیاڵت، حەز و ئارەزووەكانت، تەنانەت مەزاجت لە ژێر كاریگەریی سۆشیال میدیادان و بڕیارەكانیشت تا رادەیەكی زۆر دیزاین كراون.

لەم سەردەمەدا دووركەوتنەوە لە مۆبایل لە سەخترین بڕیارەكانە.
ئایا ئەمانە تەنها ئالودە بوونن؟ نەخێر، مەسەلەكە زیاترە لە ئالودەبون. هێزێك هەیە ئاراستەت دەكات بەو شێوەیەی دەیەوێت.

ئەو هێزە كێیە و چی دەوێت و بۆ وادەكات؟
لە فیلمی دۆكیومێنتەری دایلەمای كۆمەڵایەتیی (the social dilemma)، بەشداربووان كە هەموویان خەڵكی بە ئەزمونی بوارەكەن، ئەوە رووندەكەنەوە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا (فەیسبوك، ئینستاگرام، گوگڵ، هتد) تەنها ئالودەی خۆیانمان ناكەن، بەڵكو ئاراستەمان دەكەن و لە بەرژەوەندیی خۆیان دەمانخەنەگەڕ.

سوپەردیزاینەرەكانی سۆشیال میدیا خولەك بە خولەك زانیاریی لەسەر بەكارهێنەرانیان كۆدەكەنەوە. وەزیفەی سەرەكییان ئەوەیە بە هەر رێگایەك بێت تۆ بە سۆشیال میدیاوە ببەستنەوە. ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە تەنها یەك شتە: ببیت بە یوزەری سۆشیال میدیا، بۆ ئەمەش ورد ورد چاودێریت دەكەن: حەزت لە سەیری چ ڤیدیۆیەك، فۆتۆیەك، نوسینێك، لینكێكە، رێك ئەوەت بۆ دەنێرن تا توانای بەرەنگاریی لە تۆدا تێكدەشكێت و ئەبیت بە یوزەریان، بە مرۆڤێك بە دەست ئەوانەوەیت.

بۆچی ئەم ئیشە دەكەن؟ 
چونكە سۆشیال میدیا بازاڕە نەك شوێنێكی ئازاد و قازانج و كەڵەكەكردنی سامان پایە سەرەكییەكەیتی. ئەوەی پارەی سۆشیال میدیاش دەدات كۆمپانیاكانی ریكلامكردنن. كێ هێندەی ئەوان لەم دنیایەدا دەوڵەمەندە؟
كەڵەكەكردنی قازانج لە ئەزەلەوە فێڵی خۆی هەبووە، یەكێكیان ئەوەیە ئایدیۆلۆجیایەك، گوتارێكی سیاسیی و كۆمەلایەتیی لە پشتییەوە بێت. ئەگەر بۆ هەندێك "رزگاربون لە داگیركەر" كەرەستەی دەوڵەمەندبوونە، ئەوا بۆ سۆشیال میدیا فێڵەكە فرەڕەهەندترە.

یەكێك لە جیاوازییەكانی ئەم بازاڕە لەگەڵ بازاڕە تەقلیدییەكانی دیكە ئەوەیە توانای هەیە خۆی وەك كەرەستەیەكی شۆڕشگێڕیی نمایش بكات، گوایە بە دەست شۆڕشگێڕانەوەیە لە دژی حكومەتەكانیان. بەبێ ئەوەی هەست بە خۆت بكەیت، خۆت لەناو جەرگەی خۆپیشاندانێكدا دەبینیتەوە، هاوار دەكەیت، پەلاماری هاوڕەگەزەكانت دەدەیت، شەڕی دەستەوئێخە دەكەیت، هتد، دواتریش خۆتت لێ دەبێت بە پاڵەوان. دەتدەن بە گژ داروبەرددا بە پاساوی جیاواز.

ئەوەی لە پشتی جوڵاندنی تۆوەیە كەمتر هۆشیارییە، زیاتر ئەو ئاگرەیە سۆشیال میدیا لە ناختدا كردویەتییەوە، ئەویش دوای ئەوەی زانیاریی لەسەر تۆ كۆكردۆتەوە و تێگەیشتوون لەوەی لەوانە نیت كە بە باسی جوانكاریی و سناپ بجوڵێنرێیت، بەڵكو لەوانەیت پێویستت بەوەیە وەك شۆڕشگێڕ خۆت نمایش بكەیت، یان یاخییەكیت و نادادپەوەریی قبوڵ ناكەیت، یان بەرگریی لە میللەت و تایفەكەی خۆت دەكەیت. لەم ئاستەدا، سۆشیال میدیا نایەكانگیریی كۆمەڵایەتیی دروست كردووە.

سوشیال میدیا خاڵی لێكچوونی هەیە لەگەڵ ئایینەكاندا. جیاوازییەكەی لەگەڵ ئایینە ئاسمانییەكاندا دوو شتە. یەكەمیان خوداكانی لەسەر زەوییە و دووەمیان لە ئاسمان.
یەكەمیان هەموو سەعاتێك و دووەمیان داوای چەند جارێك رۆژ و تاعەتت لێ دەكات لە رۆژێكدا .

زیاتر لەسەری ناڕۆم، قسەكە ئەوە نییە ئەكاونتەكەت دابخەیت، یان كەمتر بێیتە سۆشیال میدیا، یان لەبەرچاوتی بخەم، بەڵكو دوو شتە:
یەكەم، تێگەیشتن لەم بازاڕە ئەو هۆشیارییە دەچێنێت كە هەمیشە لەلایەن سیستم و پیاوەكانییەوە نەجولێنرێیت، كەسایەتیی خۆت و بڕیاری خۆتت هەبێت، ئەوەیە سنوری داگیركردنەكەت بەرتەسك بكەیتەوە.
دووەم، كۆمپانیاكانی سۆشیال میدیا ملكەچی یاسا و رێنمایی ئینسانیی بكرێت، باجیان لێ وەربگیرێت، هتد.

بینینی فیلمەكە شتی زۆر زیاترت پێ دەڵێت. هیوادارم ژێرنوسی كوردیی بخرێتەسەر ئەگەر نەخراوە.

كارێكی بە نرخ دەبێت ئەوانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر كۆمەڵگەی ئێمە (لەوانەش مامۆستایانی پەروەردە و فێركردن، میدیاكاران و مامۆستایانی ئاینیی) قوڵ رۆبچنە ناو ریشەی گەشەی تەكنۆلۆجیی و باشیی و خراپییەكانی بۆ جیلی نوێ بەتایبەت و خەڵك بە گشتیی لە گۆشەیەكی بەرفراوانی ئینسانییەوە، نەك خێڵەكیی و مەزهەبیی بەرتەسكەوە، شیی بكەنەوە.