نامەی مردوویەك كە یەكەمجارە تۆ بیخوێنیتەوە!

1 مانگ پێش ئێستا

چیرۆك/ هێمن مەحمود
لە لادێیەكی دوورە دەستی شارێكی دووری وڵاتی نەرویج و لە وێستگەیەكی لەكاركەوتووی شەمەندەفەرێكدا و لە شەوێكی زستاندا پەنابەرێك گیانی لەدەست دا.

پۆلیس دوای ئەوەی تەرمەكەیان پشكنی و بە ئەمبوڵانسێك ڕەوانەی پزیشكی دادوەرییان كرد بۆ لێكۆڵینەوە، بینیان مۆبایلەكەی ناكرێتەوە.چەند شارەزایەكی بواری مۆبایلیان بانگكرد و كۆدی مۆبایلەكەیان كردەوە بۆ ئەوەی بزانن ڕەحمەتیەكە كێیە و خەڵكی چی وڵاتێكە.

پۆلیسەكان یەكەمین شتێك بەرچاویان كەوت، فەیسبووكەكەی بوو، كرابوویەوە و پەنابەرەكە لە هەژمارەكەی خۆیدا بەبێ ئەوەی بهێڵێت كەس بیبینێت نامەیەكی نوسیبوو.

ئەوان نەیاندەزانی بەچی زمانێك نووسراوە، ناچار نوسخەیەكیان لەبەر گرتەوە بۆ ئەوەی پیشانی كەسێكی شارەزای بدەن بزانن چی نووسراوە؟

دوای ساڵانێكی زۆر وەرگێڕێكی كورد (كە حەز ناكات كەس بیناسێت بۆ ئەوەی كارەكەی لەدەست نەدات) لە ئەرشیفی خۆیدا نامەی پەنابەرەكەی پاراستبوو دوای ئەوەی پۆلیس پێیاندابوو تا بزانن چی نووسراوە، وەرگێڕەكە دواجار بۆ دڵنەوایی خۆی دەقی نامەكەی بە تایبەت بۆی ناردووم و حەزیكرد وەك یەكەم كەس لەلای خۆم بڵاوی بكەمەوە و ئێوەش بیخوێننەوە. (دەبێ ئەوەش بڵێم من وەك خۆم گومانم هەیە وەگێڕەكە ناونیشانی نامەكەی لادابێت و بۆی نەناردبم بەڵام با ئەمە نێوانی خۆمان بێت).

دەقی نامەكە:
"ئەو جارەی تۆ هاتیتە ناو خەونەكانمەوە… لەسەر سەفەر بووم.. پەلەم بوو.. هەموان پەلەیان بوو… تەنانەت شەویش پەلەی بوو زوو ڕۆژبێتەوە، تەنها تۆ نەبێت بە كاوەخۆ هاتیت.

دەمـەو بەیانبوو..
ساردبوو.. جانتاكەم پێچابوویەوە و دەمویست سەرخەوێك بشكێنم. لە وێستگەی شەمەندەفەرەكەدا تاق و تەنها چاوەڕوان بووم.. چاوەڕوانی تاقە شەمەندەفەرێكی تەنها.

تۆ هاتیت و هەروەك جاران لە تەنیشتمەوە وەستایت..

گەدەم ئازارێكی زۆری بڵاوكردەوە، دڵم داخورپا.. لێدانەكانی زیاتریان كرد.. سەرم گێژی خوارد و ئەوەی دەیان ساڵە لە دڵی خۆمدا دەیڵێمەوە بۆ ئەوەی كە تۆم بینی پێتی بڵێم لەبیرم چوونەوە… من سوور هەڵگەڕام و تۆش… هەروەك جاران هیچت نەوت و تەماشایەكت كردم و لە تەنیشتمەوە وەستایت.

دەنگی شەمەندەفەرێك لەدوورەوە هات.. وەك هەمیشە.. پێم سەیربوو.. تۆ چیتدەكرد لەوێ… ویستم بپرسم تۆ چی دەكەیت لێرە.. ڕووت لێ وەرگێڕام و هیچت نەوت.. وەكچۆن هەمیشە هیچ ناڵێت. وەك سێبەرێكی بێ گیان.. هیچت نەوت.

من پەلەم بوو..هەموان پەلەیان بوو.. تەنانەت شەمەندەفەرەكەش پەلەی بوو.. لەم وێستگەوە بۆ ئەو وێستگە.. بەردەوام موسافیرەكانی دادەبەزاند و تەنهاكانی سەردەخست.. بۆچی پەلەم بوو..؟ خۆشم نەمدەزانی.. نە بۆ ڕابوردوو دەگەڕامەوە و نە بۆ داهاتوو.. نە بیری شەوم دەكرد و نە خەمی ڕۆژم بوو..كەچی هەر پەلەم بوو، تۆ نەبێت.

هەموان پەلەیان بوو.. ساردبوو.. تەنانەت هەورەكانیش پەلەیان بوو.. جاروبار نمە نمە بارانیان دەباراند و دەڕۆیشتن… شەویش پەلەی بوو.. كەچی تۆ نەبێت.. وەك هەمیشە، بە بێدەنگی، بەبێ ئەوەی هیچ بڵێیت هاتیتە نێو خەونەكانمەوە و نەدەڕۆیشتی. دەمایتەوە و سەیرێكی تاریكی ئاسمانت دەكرد و لەژێر لێوەوە هەنێ قسەت دەكرد.. تێنەگەیشتم … دووربوویت.. بەڵام بەلێو جوڵانەوەكەتدا هەستم دەكرد نزا دەكەیت.

لە زۆر شوێندا تۆ لەگەڵمدا بوویت.. وەك سێبەرێكی چەسپیوو بە ڕۆحەوە.. وەك باڵێك بەلاشەیەكەوە، وەك خەونێكی تەواونەكراو كە هەمیشە خۆی بە شێوەی جیاواز جیاواز دووبارەكاتەوە و هەرگیز تەواو نەبێت، تۆم لەگەڵبوو..بەڵام ئەو دەمەوبەیانەی هاتیتە نێو خەونەكانمەوە.. بیرم لە تۆ نەدەكردەوە.. چاوەڕوانیشت نەبووم. حەپەسام… وەك كەسێكی نوێ.. وەك خەونێكی نوێ لەناو خەونێكی كۆندا… وەك مروارییەكی غەریب لەناو دەریایەكی گەورەدا خەریكبوو نەمدەناسیتەوە. باشبوو پەلەت نەبوو.. هێشتت بیرم بكەوێتەوە.

كورت و پوخت، هاتیت و وەستایت و تەماشات كردم و هیچت نەوت و بیرم كەوتیتەوە.. لە دڵی خۆمدا پرسیم بۆ لێم نابیتەوە. حەزیشم دەكرد لێم نەبیتەوە، هیچت نەوت.

هەر لە دڵی خۆمدا دەموت بۆ لێم نابیتەوە، من لە دەستی تۆ شارە و شار دەكەم، شەمەندەفەر شەمەندەفەر دەكەم، وێستگە وێستگە دەكەم.. لەدەستی تۆ هەڵدێم، كەچی حەزیشم دەكرد لێت هەڵبێم… حەزم دەكرد بەهۆی تۆوە ئازار بچێژم.. دەربەدەر بم.. شارە و شار بكەم و شەمەندەفەر شەمەندەفەر بكەم و وێستگە وێستگە بكەم.

ساردبوو.. دەمەوبەیان بوو.. تۆ لە شوێنێكی زۆر دوورەوە.. لە زەمەنێكی زۆر دوورەوە… لە دنیایەكی دوورترەوە هاتبوویت و لە تەنیشتمدا وەستابوویت.. من پەلەم بوو جێنەمێنم.. پەلەم بوو سەرخەوێك بشكێنم و فریای شەمەندەفەرەكە بكەوم.. تۆ هاتیت. بەبێ ئەوەی تاقە وشەیەكیش بڵێیت.. بۆ هەمیشە لەو وێستگە چۆڵەدا بەتاق و تەنها جێتهێشتم و لەگەڵ دەنگی هاتنی شەمەندەفەرەكەدا بۆ هەمیشە ئاوابوویت.. ئێستاش نەمزانی ئەوە من بووم هاتمە ناو خەونی تۆوە هیچم نەوت یان تۆ بوویت هاتیتە ناو خەونی منەوە و بۆ هەمیشە ئاوا بوویت."