خۆیان شوەیفاتیان هەیە

23/03/2021

كەمال چۆمانی
بیرم نییە قسەی كام ئابوریناسە، یەكێك لە ئابوریناسەكان دەڵێ بودجەی باشی هەر حكومەتێك بەوە دەپێورێ چی بۆ منداڵ و ژنان تەرخانكردوە. ئایا بودجەی وڵات چۆن دەیەوێت داهاتوی منداڵەكانمان دروستبكات و چۆنیش دەیەوێت ئێستا و داهاتوی ژنان باشتر بكا و لەو چەوساندنەوەیە دەربازیان بكات.

تەماشا بكەن، منداڵەكانی زۆربەی بەرپرسانی حكومەت و حیزب لە خودێندنگە ئەهلییەكان دەخوێنن. منداڵانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیی و قوباد تاڵەبانیی و ئەوانیدی، لە شوەیفات و كێیمبریج دەخوێنن. تەنانەت لە كاتی داخستن\لۆكداونیش منداڵەكانیان بێ خوێندن نەبون. چ لەڕێی ئۆنلاین و چ دواتریش كە لۆكداونەكە هەڵگیرا.
كەچی  ئەو بەرپرسانەی حكومەت، بۆ نمونە مەسرور و قوباد، هیچیان بە خەیاڵیاندا نایەت كە چۆن دەبێت منداڵەكانی خۆیان لە خوێندنگە ئەهلییەكان بخوێنن و منداڵی خەڵكیش تەنانەت لەو خوێندنگا گشتییانەش شوێنیان نەبێ كە وێرانترینن لە ناوچەكەدا.

كۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا دۆخی ناعەدالەتیی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی فراوانتر دەكات. چینی باڵادەستی سیاسیی و دەوڵەمەند منداڵەكانیان بەردەوامدەبن لە خوێندن جا چ ئۆنلاین چ بە ئامادەبون. واتا جیاوازییەكە فراوانتر دەبێ، خوێندن و مەعریفە چەكی داهاتوە. ئەو دۆخە لەوانەیە بەردەوامیی هەبێت بەتایبەت كە عێراق و هەرێمی كوردستان هێشتا نەیانتوانیوە ڤاكسین بەدەستبێنن. ئەگەر كۆرۆنا ڤاریەنتی نوێی بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەوا پێویستی بە داخستنێكی تر دەبێت. واتا دۆخی خوێندنگا و زانكۆكان وا بەخراپیی دەمێنێتەوە.

لەڕوی مۆراڵییەوە، ئەو سیاسییانە نوقستانییەكی گەورەیان هەیە كە پێیانوایە ئاسایییە ئەو جیاوازییە چینایەتییە گەورەیە رۆژ-دوای-رۆژ لە گەورەبون دابێت و هەوڵدەدەن زیاتر سیستەمی پەروەردە و تەندروستیی بدرێتە كەرتی تایبەت.

پەروەردە و فێركردن و زانكۆكان و تەندروستیی دەبێت ببنە سەنتەری گفتوگۆ. ئەندام پارلەمانەكان و خەڵكی دڵسۆز دەبێت دەنگهەڵبڕن. میدیا دەبێ جدیی بێ و واز لەوە بێنێت لاهور تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە یا نا، ئەوان ئێمە بەو شتە پوچانەوە مەژغوڵ دەكەن و كۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبەن.  داهاتوی نەوەكانمان لە هەمو شتێك گرنگترە. ئەوان شوەیفات و كێیمبریجیان هەیە، باكیان بە منداڵەكانی سەدا نەوەد و پێنجی گەل نییە. ئەوان لە دونیایەكی تر دەژین و خەڵك لە دونیایەكی تر. ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازن.