داننان بە جوانیدا

24/03/2021

یادگار واژەیی
بەو حوكمەی بەندە لەتەمەنی هەرزەكاریدا ساڵانێكی زۆر لە كاری هونەریدا خزمەتم كردووە و بەردەوام ئەو حەز و زەوقە هونەریە لەناخمدا چەكەرە دەكات و بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەرنامەی كورد ئەكتەر لای من تا ئێستا بەهێزترین بەرنامەیە لە دنیای هونەری كوردی و هونەری نواندن و نمایشی كوردیدا، كە بە ڕاستی بیرۆكەیەكی نوێیە لە ناو میدیای كوردیدا، تاكە بەرنامەیە سەرنجی ئەو بینەرانە ڕائەكێشێت كە زەوقی هونەریان هەیە هەتا كۆتایی بینەری بن، دەستخۆشی بۆ مامۆستا پێشڕەو و شوان عەتوف و تەلار خان كە ئەو داهێنانە جوانەیان هێنایە ناو میدیای كوردیەوە.

ئەم بەرنامەیە بە ڕاستی دۆزینەوەی توانا شارراوەكەی گەنجانە، دەرك پێكردنی ئەو ووزە و بەهرە جوان و ڕاستەقینەی گەنجانە لە بواری نواندن و نمایشدا، ئەم بەرنامەیە بە هیچ جۆرێك پێكەنینی ناڕێك و قسە و سوعبەتی بێ بنەما و فشقیاتی تێدا نیە وەك هەندێك بەرنامە لە كەناڵەكانی نێت و ئاڤا و كورد ماكس و كەناڵەكانی دی!
بەپێچەوانەوە ئەم بەرنامەیە پڕە لە جددیات، پڕە لە كاری ڕێكخراوەیی و بڕیاری هونەریانە، هەموو ئاڕاستەكان لە شێوازی هەڵسەنگاندن بۆ ئەكتەرەكان زۆر پڕۆفیشناڵ و هونەریانەیە.

كات لەم بەرنامەیەدا زۆر گرنگە و بە ئاسانی بەفیڕۆ ناچێت، هەرسێ ئەندامانی بەڕێزی لێژنە بە ئەوپەڕی كارامەیی و لێهاتوویانەوە ڕاستێتی ڕۆڵەكان لە ئەكتەركان دەدۆزنەوە، كەشفی هەموو ئەو توانا شارراوەیان دەكەن، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵێك وەك پێویست لەلایەن ئەكتەرەكەوە نواندنی جوانی بۆ نەكرێت هیوا و ئومێدەكانی ناكوژن و بێ ئەمەلی ناكەن، دنیایەك ئومێد و هیوای ئەدەنێ بۆ داهاتووی، هەلێكی تری پێ دەبەخشن بۆ جوانتر نواندن. 

ڕاستە لەوانەیە هەڵسەنگاندنەكان لە هەندێ شوێنی كەمدا لە شوێنی خۆیان نەبن، بەڵام بە گشتی دانانی بیرۆكەی هەڵسەنگاندن لەسەر كاری نواندن و نمایش كردن جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

ئەم بەرنامەیە یەكێكە لە جوانیەكان لە میدیای كوردیدا و پێویستە دانی پێدا بنرێت، چونكە هاوشێوەی ئەم بیرۆكەیە لە ڕابردووی هونەری كوردیدا نەبووە و داهێنانێكی نوێ و بەسوودە بۆ بەرەوپێشبردنی كایەی هونەر و ڕۆشنبیری.