پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢١

25/03/2021

لە لایەن هڵن میرەن، بەریتانیا
 ئەكتەری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆن
وەرگێرانی: ڕزگار حەمە ڕەشید
ئەمە كاتێكی زۆر سەخت بوو بۆ نمایشی زیندوو. زۆر هونەرمەند و تەكنیشن و ئەو ژن و پیاوانەی كاری دەستیی دەكەن، لە پیشەیەكدا خەباتیان دەكرد كە خۆی لێوانلێوە لە مەترسیی.
 ڕەنگە ئەو مەترسییە هەمیشەییە یارمەتی دابن تا بە زیرەكی و ئازایەتییەوە لەم پەتایە ڕزگاریان بێت.

لەم هەلومەرجە نوێیانەدا، توانییان ئەندێشەكانی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندیكردن بگۆڕنە سەر چەندین شێوازی داهێنەرانە و چێژبەخش و كاریگەر. بۆ ئەنجامدانی بەشێكی گەورەی ئەمەش، دەبێت سوپاسی ئینتەرنێت بكەین. 
مرۆڤەكان، لەوەتەی لەسەر ئەم هەسارەیەن هەمیشە چیرۆكیان بۆ یەكتر گێڕاوەتەوە، تا لەسەر ئەم هەسارەیەش بمێنین كەلتووری جوانی شانۆ هەر بەردەوام دەبێت.
ئارەزووی داهێنەرانەی نوسەران و دیزاینەر و سەماكار و گۆرانیبێژ و ئەكتەر و موزیكژەن و دەرهێنەرەكان هەرگیز خەفە ناكرێت. لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ئەو ئارەزووە بە وزەیەكی نوێ و تێگەیشتنێكی نوێی هەموومانەوە بۆ جیهان، جارێكیتر دەگەشێتەوە.
زۆر بەتاسەوەم! 

بایۆگرافی هەڵەن میرەن، بەریتانیا
 ئەكتەری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆن
هەڵەن میرەن یەكێكە لە ناسراوترین و ڕێزلێنراوترین ئەكتەرەكان لە جیهاندا، بەهۆی نمایشە بەهێز و فرە چەشنەكانییەوە لە بواری شانۆ و سینەما و تەلەڤزیۆندا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ئۆسكاری ٢٠٠٧ بۆ نواندنی لە فیلمی "شاژن" دا
شانۆ
هەڵەن میرەن دەستپێكی كارەكانی لەگەڵ شانۆی نیشتمانیی گەنجان بە بینینی ڕۆڵی كلیۆپاترا دەستپێكرد. دواتر لە مانچستەر وەك ئەكتەر دەركەوت و لەوێشەوە چووە ناو كۆمپنیای شاهانەی شكسپیرەوە. پاش چوار ساڵی بەرچاو كاركردن بۆ ئەو كۆمپانیایە، بەتەواوی ئاراستەی هونەریی خۆیی لەو كاتەوە گۆڕی كە دەستی بە كاركردن كرد لە كۆمپانیاكەی دەرهێنەری بەناوبانگ پیتەر برووك "سەنتەری توێژینەوەی شانۆیی" وە لەگەڵیاندا گەشتی بۆ ئەفریقا و ئەمریكا كرد.
لەوكاتەوە ئیتر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداریی كرد، وێست ئێند، فرینج، كۆمپانیای شاهانەی شكسپیری و شانۆی نیشتمانیی و برۆدوەی لە ئەمریكا، لەو كارانەی بەشداری تێداكردن شانۆیی "مانگێك لە لادێ" كە تیایدا بووە هەڵبژاردەی خەڵاتی تۆنی و شانۆیی "سەمای مەرگ" كە بەرامبەر ئییەن مەكاڵن نواندی دەكرد. 
لە بەرهەمەكانی داهاتووتریشی " دابەزینی ئۆرفیۆس بۆ بارگەی دەنمار"،  " ماتەم دەبێتە ئەلێكترا" كە تیایدا هەڵبژێردرا بۆ خەڵاتی ئۆڵیڤەر وەك باشترین خانمە ئەكتەر.
ساڵی ٢٠٠٩ گەڕایەوە بۆ شانۆی نیشتمانیی بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی سەرەكی لە شانۆیی "فیدرا"ی نوسەری فەرەنسی جان ڕاسین و دەرهێنانی نیكپڵاس هیتنەر. ئەم كارە توانی مێژوو دروست بكات، چونكە بووە یەكەم بەرهەمی شانۆی نیشتمانیی كە ڕاستەوخۆ وێنەی بگیرێت و لە زۆربەی سینەماكانی جیهاندا پیشان بدرێت.
لە نوێترین نمایشەكانیشی لە شانۆی وێست ئێند لە لەندەن، ساڵی ٢٠١٣ جارێكیتر ڕۆڵی شاژن ئەلیزابێپی دووەمی بینییەوە لە شانۆیی "چاوپێكەوتن" لە نوسینی پیتەر مۆرگن و دەرهێنانی  ستیڤن دالدری. 
بەم ڕۆڵە توانی خەڵاتی ئۆڵیڤەر و هەروەها خەڵاتی وەتس ئۆن ستەیج وەك باشترین خانمە ئەكتەر بەدەست بێنێت. لە ٢٠١٥ دا نمایشی "چاوپێكەوتن" گوازرایەوە بۆ نیۆیۆرك و لەسەر شانۆی جێراڵد شینفێڵد نمایش كرایەوە و هەڵەن میرەن هێشتا هەمان ڕۆڵی دەبینی. بەوەش توانی خەڵاتی "تۆنی" بۆ باشترین خانمە ئەكتەر بەدەست بێنێت.
فیلم و تەلەڤزیۆن
جگە لە كارەكانی لە بواری شانۆدا، هەڵەن میرین بە كارە ناوازەكانیشی لە  سینەما و تەلەفزیۆندا زۆر ناسراوە. 
ساڵی ٢٠٠٣ هەڵەن میرەن كرایە خانمی شاهەنشانشینی بەریتانیا.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ژیانی و كارە شانۆیی و سینەمایی و تەلەڤیزیۆنییەكانی و هەروەها كارە خێرخوازییەكانی دەتوانرێت لە وێبسایتەكەی خۆیەوە بەدەست بهێنرێت:
http://www.helenmirren.com/