بێنە بەرچاوی خۆت... بزانە كێ ‌ ئیدارەی قەیران دەدات؟!

29/03/2021

سەرتیپ قەشقەیی
هەرێمی كوردستان چوار پارێزگاری هەیە، سێ كەسیان ئەهلی قسە و قردێلە بڕینن، یەكێكیشیان  لە سلكی ئەمنییەوە هاتووە و بە كەلكی ئیدارەدان نایەت.

بەڕێوبەری گشتیی یەك دامەزراوەی گەورەی تەندروستییە (خۆی پسپۆڕ و بەرپرسە)، ‌پێویستە خۆی پێشنیاز بداتە حكومەت بۆ ئیدارەدانی قەیرانی كۆڕۆنا، كەچی گلەیی لە حكومەت دەكات!  لەگەڵ وەزیرەكەی خۆشی نێوانی  باش نییە‌؟!
پارێزگار دەڵێ: دۆخەكە ئاسایە 
بەڕێوبەری گشتیی دەڵێ: دۆخەكە لە مەترسیدایە
وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كۆڕۆنا و ژووری ئۆڕاسیۆنی پارێزگارەكان، دەرزەنێك وتەبێژیان داناوە، ماوەیەكە بڕیكاری وەزیری تەندروستیشی هاتۆتە سەرێ، هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن و لێدوان دەدەن !!! 

وتەبێژی حكومەتە، لەسەر كۆڕۆنا قسە دەكات !
وەزیری ناوخۆیە،‌ هەر قسە دەكات؟!
وتەبێژی وەزیری تەندروستییە،‌ هەر قسە دەكات لەسەر كۆڕۆنا ! 
وتەبێژی تەندروستی هەولێر و دهۆك و سلێمانی،‌  هەر قسە دەكەن!
پارێزگارەكانە، هەر قسە دەكەن !
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی شارەكانه،‌ هەر قسە دەكەن!
بڕیكاری وەزیری تەندروستیییه،‌ هەر قسە دەكات!
قائیمقامە، هەر قسە دەكات!
ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵایە لە پەرلەمان، هەر قسە دەكات!
پزیشكە لە بەشی نەخۆشی گواستراوەكان، هەر قسە دەكات!
وەزیری خوێندنی باڵاو پەروەردەیە، هەر قسە دەكەن!
لە یەكێتیی مامۆستایانەوە هەر قسە دەكەن!

ئەمەریكا بە 300 ملیۆن كەسەوە،‌ یەك كەس قسە لەسەر قەیرانی كۆڕۆنا دەكات، هی ئێمە پێنج ملیۆن كەسە، پەنجا كەس قسە لەسەر ئەو قەیرانە دەكات؟!
باشە كاتی خۆی كە حكومەت لیژنەی باڵای رووبەروبوونەوەی كۆڕۆنای دروستكرد، بۆچی ئەو لیژنەیەی دانا؟ ئەو لیژنەیە كاری چی بوو؟ چەند پسپۆر  بوونە ئەندام لەو لیژنەیە ؟! كێ بووە وتەبێژ ؟!...هتد.

بێنە بەرچاوی خۆت لە هەرێمێكی شڕەخۆری  بێ بناغە و بێ پلان و  گەندەڵ و  فرە كێخوا ، سیستەمی لامەركەزی پەیڕە و بكە، ئینجا‌ ئەو هەموو خەڵكە ئاست نزمە بكە بەرپرس و پاشان ‌ دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییان بدەرێ بزانە چی دەقەومێت؟!!!