دڵخۆشترین وڵاتەكانی جیهان

30/03/2021

د.كۆیار شێركۆ
لە كاتێكدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا، كە وڵاتەكانیان ساڵانە لە لیستی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهاندان، بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بە شێوەیەكی ئاسایی ژیان بەڕێ ناكەن، لە ڕۆژی 20ی 3 كە ڕۆژی جیهانی دڵخۆشییە، لیستی دڵخۆشترین وڵاتەكانی جیهان بڵاوكرایەوە. لە پلەی یەكەمی لیستەكەدا، بۆ چوارەم ساڵ لەسەر یەك، وڵاتی فینلەندا بە دڵخۆشترین وڵاتی جیهان هەڵبژێردرا. بە دواشیدا، ئایسلەندا لە پلەی دووەم و دانیمارك و سویسرا و هۆڵەندا پلەكانی سێیەم تا پێنجەمیان وەرگرتووە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش، بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، پێشكەوتنێكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و چوار پلە هاتووەتە پێشەوە. ئەمساڵ ئەمریكا لە پلەی 14یەمدایە و تەنانەت پێش كەنەدای دراوسێی كەوتووە.

ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی 2012ەوە ساڵانە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەنجام دەدرێت. هەرچەندە ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە نەتوانراوە ڕووبەڕوو چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵكیدا بكرێت و بابەتی كۆڤید-19 و ئەو ئاستەنگانەی دروستی كردوون خاڵێك بووە لە خاڵەكانی بڕیاردان لەسەر دڵخۆشی وڵاتەكان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ڕیزبەندییەكەدا ڕووی نەداوە و كۆرۆنا كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر ڕیزبەندییەكەوە نەبووە.

جۆن هێلویڵ، پرۆفیسۆر لە زانكۆی بریتیش كۆلومبیا دەڵێت: "ئەوە زۆر جێی سەرنجە كە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ڕیزبەندییەكە نەبووە. ڕەنگە هۆكار ئەوە بێت كە خەڵكی وەك بابەتێكی گشتی و گەردوونی تەماشای دەكەن كە كاریگەری لەسەر هەموو كەسێك هەیە بێ جیاوازی."

وڵاتی نەرویجیش، كە 2019 لە پلەی سێیەمدا بوو، 2020 چووە پلەی پێنجەم و ئەمساڵیش سێ پلەی تر هاتووەتە خوارەوە و لە پلەی هەشتەمدایە. ئەڵمانیا ئەمساڵ لە پلەی حەوتەمدایە و دە پلە چووەتە پێشەوە. بەریتانیاش پێنج پلە دابەزیوە و ئەمساڵ لە پلەی هەژدەیەمدایە.