كۆرۆنا و سیاسەت

30/03/2021

یادگار واژەیی
كۆرۆنا هەر لە كوردستان تێكەڵ بە سیاسەت نەكراوە، بەڵكو لە تەواوی جیهاندا و بەتایبەتی تر لە ئەوروپا ئەو دۆخە تێكەڵی سیاسەت كراوە و بە سیاسی كراوە، لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا پارتە ڕاستڕەو و كەمینەكان، حكومەتەكان تۆمەتبار ئەكەن بەوەی ساردن لە خزمەتكردن و بەڕێكردنی پڕۆژە و مامەڵەكان، چونكە هەمووجارێك كۆرۆنا و بابەتی ڕەتكردنەوەی ڤاكسینی ئەو ووڵات و قبوڵكردنی ڤاكسینی ووڵاتێكی تر دەكەنە بیانوو بۆ دواخستن یان شكستهێنانی كار و پڕۆژەكانیان.

زۆربەی خەڵكی لە دۆخێكی ناخۆشی ناجێگیردایە. لەبەر ئەوەی مرۆڤی ئەوروپی بە گشتی بەرگری كەمترە و ئەو وورە و غیرەتەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی نیە كە تەنانەت بە پارێزی لە ڕێنوماییەكانیشەوە خۆی لەسەروو هەموو ئەو بەڵا و دەردە ببینێ و بەردەوام بێت لە چالاكی ڕۆژانە، چونكە حكومەت بە بیانوی كۆرۆنا ڕێگرە لەبەردەمیدا و خۆشی لە ماڵەوە ئەو توانا و جورئەتی سوود وەرگرتنەی لە كاتەكەی نیە.

بیانووی بەسیاسی كردنی كۆرۆنا ڕاستە لە كوردستان زیاتر ململانێی سیاسیە و سوود وەرگرتنە لەو شكستە ئابووریەی كە چەندین ساڵە بۆ هەموو بیانوویەك تۆختر ئەكرێتەوە، خۆشبەختانە لە ووڵاتانی ئەوروپا دۆخە ئابووریەكە بەو ڕاددەیە تێكەڵ بە كۆرۆنا نەكراوە هەتا خەڵكی مووچەی لێ ببڕدرێت یان دوا بخرێت، تەنها ئەوەیە خەڵكێكی زۆر بەهۆی داخستنی فەرمانگەكان و كردنیان بە ئۆنلاین هەلی كاریان لەدەستداوە یان ڕۆژی كاركردنیان كەمتر كراوەتەوە، بەڵام بیمەی كۆمەڵایەتی بەردەوام جێگەی ئەو لەدەستدانی كارە ئەگرێتەوە و كەسەكە لەو ڕووەوە كێشەی نابێت بەڵكو لەچەند ڕوویەكی ترەوە كێشەی بۆ دروست ئەكرێتەوە.

بۆیە بە سیاسیكردنی كۆرۆنا هەر لە كوردستاندا نیە، بابەتەكە جیهانیە و چەند ووڵاتێكی ئەوروپی تەنانەت هاوڵاتیەكانیان خۆپیشاندانیشان كردووە و بەردەوام هەڕەشەی خۆپیشاندان لە حكومەت ئەكەن لە دژی توندكرنەوەی ڕێ و شوێنەكانی خۆپاراستن كە لە سنوری ئاسایی خۆی زیاتر توندتریان كردۆتەوە و هاوڵاتیانیان تووشی بێ ئومێدی و دوودڵی كردووە لە ژیانی ئاساییاندا.