بەكارهێنانی زمانی بازاڕیی لە ڕاگەیاندندا

31/03/2021

د. شوان ئادەم – د. مەهاباد كامیل
بەپێی نوێترین توێژینەوەی بڵاوكراوە، بەكارهێنانی زمانی بازاڕیی و جیاكاریی جێندەری؛ بوونەتە دیارترین بابەتی بەرنامە كۆمیدییەكان
ئاستی خراپ بەكارهێنانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامە كۆمیدییەكانی تەلەڤزیۆنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و كاریگەرییەكانیان لەسەر بینەران؛ دەبێتە ئامانجی سەرەكیی توێژینەوەیەكی نوێ.

لەنوێترین توێژینەوەی هاوبەشی د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیی و د.مەهاباد كامل عەبدوڵا لەزانكۆی هەڵەبجە كە لەدوایین ژمارەی گۆڤاری زانستە كۆمەڵایەتییەكان و مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی راپەڕین دا بڵاوبووەتەوە؛ بۆچوونی 145 بینەر و 12 ئەڵقەی (بەرنامەی بەزمی بەزم) لەكەناڵی كوردماكس-یان وەك مشتەی توێژینەوەكەیان بەكارهێناوە و شیكردنەوەی ناوەڕۆكییان بۆ بابەتەكانی ئەو بەرنامەیە و وەڵامی بەرتوێژان كردووە.

بەپێی دەرەنجامە بەدەستهاتووەكانی ئەو توێژینەوەیە؛ خراپ بەكارهێنانی ئاستەكانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامەی بەزمی بەزم ی كەناڵی كوردماكس-دا؛ كاریگەرییێكی نەرێنیی لەسەر بینەرانی بەرنامەكە هەبووە. بەجۆرێك زۆرینەیان ئەو بۆچوونانە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەگەرچی كوردماكس؛ وەك كەناڵێكی خۆشباری (ترفیهی) كوردیی لەلایەن زۆرترین بینەرەوە سەیری بەرنامە سەرەكییەكانی دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕان كە بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس؛ بووەتە سەكۆیەكی میللیی بۆ ئاساییكردنەوەی جنێودان، بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی كەس و گروپەكانی كۆمەڵگە و هۆكارێك بۆ شێواندنی زمانی كوردیی و شێوەزارەكانی، بەرهەمهێنانی توندوتیژی زارەكیی و دەروونیی و تۆخكردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەكانی نێوان نێر و مێ. ئەوە جگەلەوەی كە بەرنامەكە بووەتە هۆی تێكدانی زەوق و سەلیقەی بینەرانی و رێزنەگرتنی خواستەكانیان؛ زیاتر بەدگۆیی و لاساریی منداڵان و هەرزەكاران و هۆكاری بێبەهاكردنی ئەتەكێتی كاركردنی هونەریی و بنەما پەروەردەییەكان و سوكایەتییكردن بەخێزان و كولتوری كوردیی و تایبەتمەندییەكانی. 

لەناوەخنی بابەتەكانی ئەڵقە پەخشكراوەكانیشییەوە، ئەوە دووپاتبوەتەوە كە بەئامانجگرتنی پێكەنین، برەودان بە زمانی بازاڕیی، برەودان بە كولتوری باوی پیاوسالاریی و جیاكاری جێندەری، برەودان بە تابۆ كۆمەڵایەتیی و سێكسییەكان، شێواندنی یاسای زمان و تێكەڵاوكردنی شێوەزارەكان، برەودان بە ناو و ناتۆرەی كەسەكان، بەهەندوەرنەگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان و پێشێلكردنی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و پێوەرەكانی؛ ناسنامەی سەرەكیی بابەتەكانی بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس پێكدێنن.

هەر لەو توێژینەوە هاوبەشەدا چەندین راسپاردە ئاڕاستەی بەرهەمهێنەرانی بەرنامەكە و لایەنە پەیوەندییدارەكان كراوە، لەوانە؛ راگرتنی بەرنامەی بەزمی بەزم و بەرنامە هاوشێوەكانی دیكە بۆ ماوەیەك بەئامانجی هەرچی وردتر پێداچوونەوەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی بەرنامەكان لەرووی زمانەوانی، میدیایی، یاسایی و هونەرییەوە. هاوكات راسپاردنی لایەنە پەیوەندییدارەكان بەسەرلەنوێ هەمواركردنەوەی یاسا تایبەتمەندەكانی راگەیاندن و گەڵاڵەكردنی رستێك رێسای پیشەیی، بەلەبەرچاوگرتنی بڕگە و بابەتەكانی بەرهەمە كۆمیدییەكان و راگەیاندنی خۆشباریی لەهەرێمی كوردستاندا.
بۆخوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەكە كرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بكەن:


کلیک لێرە بکە

http://journal.uor.edu.krd/index.php/JUR/article/view/Vol%288%29.No%281%29.paper7/205?fbclid=IwAR2Xg2segFSAmphb-OXWOuQVmdWCcfdw95zs3paT3xxNH7HbpcpwOhdxuHo