حكومەتی مێینە یان نێرینەیەكی بێوێنە

01/04/2021

سەردەشت محمد
 تائێستاش تێڕوانینی زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی لەمەڕ كائینێكی وەك ژن، تێڕوانینێكی هەڵە و ناجۆرە، بەجۆرێك تائێستاش هەڵسەنگاندن بۆ ژنان لەڕوی دابونەریت و تێڕوانینە پیاو سالاریەكەوە بۆ ژنان دەكرێت و هەرئەم تێڕوانینەشە كەوای كردووە ژنان لە كۆمەڵگای كوردیدا بۆ مرۆڤی پلە دوو بگرە لەهەندێك شوێن و ناوچەش كەمتر لەو پلەیە تەماشا دەكرێت، تائێستاش لە تێڕوانینی بەشێك لە پیاوان، ژن بریتییە لە كائینێك كە توانای خۆبەڕێوەبردنی نییە و وەك مرۆڤێكی بێ دەسەڵات و بێئیرادە و لاواز و كەم توانا وێنا دەكرێت.

ئەمە پێچەوانەی بونەوەرێكی وەك پیاو كە كائینێكی بەهێز و خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوەیە، ئەم دوو وێنەیە بۆ دوو مرۆڤ كە یەكیان پیاو و ئەوی دیكەشیان ژن، وایكردووە هەركاتێك هێزێك گروپێك كەسێك نەتوانێت بەباشی كارەكانی ئەنجام بدات و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات وەك سوكایەتی پێكردنێك ووشەی ژنی لەبەرامبەردا بەكار دەهێنرێت وەك چۆن لەنێو هۆڵی پەڕلەماندا ئەندامێكی پەڕلەمان لەبەرامبەر سەرۆكی پەڕلەماندا حكومەتی هەرێمی وەكو حكومەتێكی ڕەگەز مێینە وەسف كرد، ئەمە وەك ئاماژەیەك بۆئەوەی كە ئەم حكومەتە توانایی بڕیاردانی دروست و جێبەجێكردنی ئەركو كارەكانی نەماوە، توانای ئەوەی نییە كە قسە لەبارەی گیروگرفتە سەرەكیەكانی كۆمەڵگاوە بكات.

دێت لەڕێگەی پەڕلەمانەوە دەست بۆ ئەو پرس و بابەتانە دەبات كەلاوەكی و بێبایەخن ئەم حكومەتە ئەوەندەی بایەخ بەژنانی مۆدێل دەدات ئەوەندە لەخەمی ژیان و گوزەرانی خەڵكدانییە، بەڵام پرسیارەكە لێردا ئەوەیە ئایە بەڕاست حكومەتی هەرێم حكومەتێكی مێیینەیە یان نێرێكی بێوێنەیە؟ حكومەتێك بەدرێژایی دەیان ساڵی دامەزراندنی هەمیشە لەكێشەو قەیران و شەڕ و ململانێدابێت، حكومەتێك بێگوێدانە ژیان و گوزەرانی خەڵكی دەستی بۆبڕینی بەشێك لە موچەی سەرجەم چین و توێژەكانی بردبێت، حكومەتێك تەنها لەبری دابین كردنی هەلی كار بۆ گەنجان كەچی هەزاران گەنجی بەبێكاری هێشتبێتەوە، حكومەتێك سەرەڕای ئەم هەموداهاتەی سەرزەوی و ژێرزەوییەی كە لەبەردەستیایەتی كەچی ئێستا بەدەیان ملیۆن دۆلار قەرزداربێت، حكومەتێك هەرخەریكی زیادكردنی باج و ڕوتانەوەی باخەڵی هاوڵاتیەكانی بێت و لەبەرامبەردا ئامادە نەبێت سەرەتایترین مافیان بۆ دابین بكات.

حكومەتێك بەبەردەوامی و لەڕێگەی بڕیارە لەناكەوەكانییەوە كار لەسەر تێكشكاندنی دەرونی هاوڵاتیەكانی و هەڵتەكاندنی كەرتی پەروەردەو سەرجەم كەرتەكانی دیكەبكات، حكومەتێك بەدرێژایی دەیان ساڵی دەسەڵاتدارێتی تەنها لەخزمەت كەمینەیەكدابێت و زۆرینەیەكی فەرامۆشكردبێت ئەمانە و دەیان بێ باكی ئەم حكومەتە بەرامبەر بەزۆرینەی گەلەكەی ئایە دەتوانین بەم حكومەتە بڵێین حكومەتی مێینە یان باشتروایە بڵێین حكومەتێكی نێرینەی بێوێنە؟ بەدڵنییاییەوە ئەوە حكومەتێكی نێرینەیە كە ئامادەیە هەرچی لەبەرژەوەندی خۆیدابێت لە چركەیەكدا بۆخۆی بڕیاری لێدەدات و جێبەجێی دەكات، ئەوەیشی كەدژی بەرژەوەندیەكانی بێت، پشتگوێی دەخات و فەرامۆشی دەكات.

ئەگەربێت و ئەم حكومەتە كە ناودەبرێت بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بكەین بە هەرچی ئەو حكومەتانەیە كە لەچواردەورێتی ئەوا دەگەین بەو ڕاستییەی كە بەڵێ ئەم حكومەتە حكومەتێكی نێرینەی بێوێنەیە لەناوچەكەدا، چونكە بەدرێژای ئەم دەیان ساڵەی كە ئەم حكومەتی هەرێمە دروست بووە تائێستا ڕێك نەكەوتووە نەك تەنها لەناوچەكەدا، بەڵكو لە هەموو دنیادا حكومەتێكی هاوشێوەی دروست ببێت كە ئامادەبێت دەست ببات بۆ بڕینی موچەی سەربازێكی كە خۆی لەپێناویدا كردبێتە قوربانی، كەچی ئەم حكومەتی هەرێمە بەبێگوێدانە ئەو هەمو قوربانی و ماندوبونەی كە گەلی كورد لەپێناو دروستبونیدا داوێتی دێت و بەبڕیارێك هەرچی خۆزگەو هیوا و ئاواتیان هەیە بەبای دەدات و ئامادەش نیە لەبەرامبەردا داوای لێبوردن لە گەلەكەی بكات