ڕق لە دەق و ترس لە دەزگا

01/04/2021

هاوڕێ توانا
دەق و دەزگا دوو چەمك و واتان كە لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرن لە دایك دەبن، كاتێك ئیمپڕاتۆریەت دەرۆخێت، لەسەر كەلاوەكانی ئیمڕاتۆریەت، كۆمەڵێك دەوڵەت و دەوڵەتۆچكە دروست دەكرێت.
خسڵەت و تایبەتمەندی دەوڵەتی نوێ بەراورد لەگەڵ ئیمپڕاتۆریەت زاڵ زەدەی دەزگا و دەقە، لەلایەكی تر هەیكەلی
ئیمپڕاتۆریەت ستونیە، لەباری جوگرافیا ئیمپڕاتۆریەت سنور نەناسە، ئەوە پێچەوانەی دەوڵەتی نوێ كە سنوری كێل بەندە.
ئەگەر ئیمپڕاتۆریەت ڕەوایەتی حكومڕانی لەدەقی دینی یان نەریت(ترادیسیۆن) وەرگرتبێت، ئەوا ڕەوایەتی دەوڵەتی نوێ لەدەق و یاسای خەڵك بەندە.

ئیمپڕاتۆریەت و دەوڵەتی نۆێ، تەنانەت تەعریفیان بۆخەڵك جیاوازە لە ئیمپڕاتۆریەتدا خەڵك (ڕەعیەت) و لە دەوڵەتی نوێ چەمكی (هاوڵاتی) بوون بەركارە، ئیدی ڕوونە كە فەلسەفەی حكومڕانی هەردووك دەسەڵات جیاوازیان زۆرە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: چی وادەكات ئێمە وەك كورد ڕقمان لە دەق و ترسیشمان لە دەزگا بێت؟ 
هەڵبەت ڕوونە ئێمە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەت دا چەندان میرنشینمان هەبووە، جۆرێك لە حكومی خۆكردن لە ئارادا بووە، بەڵام دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەت و دروست كردنی دەوڵەتی مۆدێرن كە دەوڵەتە بە شوناسی نەتەوە، كورد لەم بەركەوتی ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتدا تەریك دەبێت و دابەش و بەش دەكرێت بەسەر دەوڵەتی تردا، ئیدی لێرەوە ڕق و ترس لە دەق و دەزگا سەرهەڵدەدا، چونكە بەكردەی كورد دەكەوێتە ژێر جەبر و زەبری دەق و دەزگا و دەپلیشێتەوە هەر ئەم رق و ترسە دەگاتە ئاستێكی (ئەنارشیستی) دەوڵەت بە بەڵای سەدە، ناو دەبرێت، ئیدی بۆیە دەبینین كەوا ئێستاش لە ئەكتی ڕۆژانەی خەڵك دا ڕق و ترس لە حكومەت و دامەزراوەكان و و یاسا بۆتە خویەكی نەگۆڕ و لەو قسە كلێشەیانەدا خۆی بەیان دەكات گوێی پێ مەدە ماڵی حكومەتە.