بووكی ئاتەخان چیرۆكی بەریەككەوتنی دوو كلتوری جیاواز

01/04/2021

هۆشیارجەمال
چیرۆكی بووكی ئاتەخان لە نووسینی خاتوو " گەلاوێژ"ە كە زەمەنی نووسینی ڕووداوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو كە لە وڵاتی بەریتانیا نووسراوە، بەشێكی سەرەكی شوێنی ڕووداوەكان هەردوو شاری سلێمانی وەك نوێنەری كلتوری ڕۆژهەڵات و شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا وەك نوێنەری كلتوری ڕۆژئاوایە. كە هاوسەرگیری كوڕە كوردێكی پەنابەر كە خەڵكی شاری سلێمانی لەگەڵ كچێكی شاری لەندەن دەبێتە هەوێنی ڕووداوەكان.
هەروەها زۆربەی كارەكتەرەكانی ئەم چیرۆكە ژنان و كچانن، كە زۆربەی گفتوگۆكانی ناو چیرۆكەیان داگیركردوە.

ڕووداوەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكەن كە "حەسەن" و ژنە ئەوروپیەكەی بە ناوی "جێنیی" دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و لەوێ دەژین ماوەیەك لێرەوە جیاوازیەكانی نێوان هەڵسوكەوت و كردار و ڕەفتاری دوو خێزانی جیاواز بەیەك دەستپێدەكەن كاتێك كە ژنێكی جیاواز بە كلتور و ئاین و دابونەریتی كوردەواری دەكەوێتە ناو خێزانێكی كوردەوە، كە هێمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ناو ژنانی كوردا ئەوەیە زۆرترین خواردن بدەن بەم بووكەیان جلوبەرگی كوردی بە زۆر لەبەر بكەن و هەردەم بیخەنە دۆخێكی سەختی دەرونیەوە.

نووسەر لە چیرۆكەكەیدا بە وردی ئیشی لەسەر شوێن و گەڕەكەكانی ناو شاری سلێمانی كردوە وەك گەرەكەكانی سابونكەران و سەرچنار و قلیاسان، وەك جوگرافی ناسێكی شارەزا بە ناوچەكە باسی كردوە ، هەروەها بۆ وڵاتی بەریتانیاش بەهەمان شێوە باسی شەقام و كوچە و كۆڵانی ئەو وڵاتەی كردوە كە ئەمەی دووەمیان هۆكاری ئەوەیە كە نووسەر خۆی چون لە سلێمانی ژیاوە لە تاراوگەش بەشێكی ژیانی بەسەربردووە.

كاتێك كە شوێنی ڕووداوەكان هەر شاری سلێمانیە و بوكی ئاتەخان "جێنیی" هێشتا لە سەردانەكەیان نەگەڕاونەتەوە بۆ شاری لەندەن، مانگی ڕەمەزان دێت و ئیتر پرسی ئاین پاتنایی چیرۆكەكە داگیر دەكات و ئیسلام بوون و نەبوونی "جێنی" دەبێتە بابەتی قسەی ژنان و لۆمە دەكرێت لەسەر ئەوەی بە ڕۆژو نیە و نوێژ ناكات، ئایا بەڕاستی بووە بە ئیسلام یان ئیسلام نیە، بەڵام كاتێك كە گفتوگۆكان زیاد دەبێت دەردەكەوێت زۆربەی ئەوانەی لەو شوێنە دانیشتون وسەركۆنەی " جێنیی" دەكەن . لە هەمان كاتدا خۆیان لە قۆناغێكی تەمەنیاندا نوێژیان نەكردوە و ڕۆژویان نەگرتووە یان نایكەن لێرەوە تێدەگەین كە نەتەوەی كورد ئاینی هێندەی لە زادەی كلتور وەرگرتووە، ئەوەندە لە زادەی نێو دەقەكانی وەرنگرتوە كە ئاینی ئیسلام مسوڵمان ناچار دەكات و فەرمانی پێدەكات بە نوێژی بەردەوامی ڕۆژانە و ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان بگرێت، كە ئەمەش دەیسەلمێنێت بەشێكی كۆمەڵگای كوردی هێندەی مەبەستێتی ئاین بە كەسی بەرامبەر جێبەجێ بكات هێندە مەبەستی نیە خۆی ئەركە ئاینیەكان جێبەجێ بكات.


بەشێكی تری چیرۆكەكە ژیان كردنە لە شاری لەندەن كە ئەمەش دوای ئەوە دەستپێدەكات كە "حەسەن و جێنیی" بە هاوەڵی "پەخشان"ی خوشكی حەسەن و "سۆزان"ی ئامۆزای دەگەڕێنەوە وڵاتی بەریتانیا كە دووبارە بەركەوتنی دوو كلتور ڕوودەدا كاتێك وەك ماڵی دایكی "جێنی" سەگ بەخێو دەكەن و لە ناو ماڵەكەیان لەگەڵیان دەژی و بۆ خوشكەكەی "حەسەن" ئەم دیمەنە نامۆیە و پێی نائاسایە، بەڵام پاش ئەوەی "جێنیی" دایكی ئاگادار دەكات كە ئەم كلتورە لە كوردستان نیە سەگەكە دەبەنە دەرەوەی ماڵە لە بەر ڕێزگرتن لە كلتوری كورد، كە لێرەوە ئەو جیاوازیە زۆرە دەردەكەوێت لە نێوان تاكێكی ڕۆژهەڵاتی و تاكێكی ڕۆژئاوای لە یەكەمیاندا كاتێك " جێنیی" میوانیان بوو سەركۆنەی جۆری جلوبەرگی و نان خواردن و دانیشتن و هەستان و دیندار نەبوونی دەكرا كە كلتوری ڕۆژهەڵاتی بوو، بەڵام لە دووەمیاندا كە كلتوری ڕۆژئاوایە لە بەر ڕێزی ئەوان ئاژەڵەكەیان ناردە ماڵێكی تر بۆ ئەوەی ئەمان بێزار نەبن.

هەر لەم چیرۆكەدا نووسەر كاری كردوە لەسەر نیشاندانی دۆخی بەشێك لە ژنان لە ئەوروپا كە چۆن ژیانێكی سەختی پڕ لە ئیش دەبنە سەر و لە ژیانیاندا سەختی دەبینن، بەڵام ئاژەڵان گرنگی تایبەتیان پێ دەدرێت لە خزمەتكردن و ڕێزگرتنیان لە ماڵەوە لە دەرەوەش كە زۆرجار بوونەتە هۆی پیسكردنی ژینگەش.