تۆی پیاو، خاوەنی ژن نیت!

01/04/2021

ناسك واحید
پێمان خۆش بێت یاخود نا، ژن لای زۆرینەی پیاوی كوردو لە نەستی زۆرینەدا، وەك ڕەگەزێكی كەم و كورت و نەزان و زەعیفە  لێی دەڕوانرێ.
ووشەی (ژن) لە زۆرترین نوكتە و سوكایەتی و جوێندا بەكاردێت، كوردستان پێویستی بە شۆڕشێكی ژنانەیە، چونكە ئەوەی وای كردووە ئەم تێڕوانینەی  زۆرینەی پیاو بە خوێندەوارو نەخوێندەوارەوە درێژەی هەبێت، ملكەچی خودی ژن خۆیەتی، كەمترین ژن هەن لەم كوردستانە كە دژ بە كلتوری بەكەم سەیركردنی ژن دەجەنگن و بەرەنگار دەبنەوە.
ئەم ژمارە كەمەی ژنە یاخیبوەكان لە عەقڵە ڕزیوەكان، ڕوبەڕوی دژایەتی نەك پیاوە كۆنە پەرست و بیرتەسكەكان، بەڵكو ژنی بوێر توشی دژایەتی ژنە كۆیلەكانیش دەبێتەوە، لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن ژن لەو پێناسە پوچ و نوكتەو سوكایەتیانە دەرباز بكەن، بوون بە ڕێگر لەبەردەم كرانەوەی عەقڵی پیاوەكان و زیادبوونی ژمارەی ژنە ئازادەكان، هەربۆیە ژنی ئازاو بوێرو یاخی لەم كۆمەڵگایەدا زۆرترین، باج ئەدات لەسەر ئاستی ڕۆحی خۆیی و كۆمەڵگا و خێزان و زۆرترین ئیهانەی ڕۆحی دەكرێت،لە لایەن ژن و پیاوە مێشك چەق بەستوەكان.

-داخی گرانم بۆ ئەو ژنانەی كە هێشتا ئامادەن خزمەتی (پیاوێك بكەن)كە وەك عەیبەیەك و نوقسانیەك لە جیاوازی ڕەگەزی و ژنبونیان  دەڕوانن.
- داخی گرانم بۆ ئەو ژنانەی كە هێشتا خەریكی ئامادەكردنی سفرەو خواردنی گەرمن بۆ ئەو پیاوانەی كە بەگەرمی سوكایەتیان پێ دەكەن.
- داخی گرانم بۆ ئەو ژنانەی كە ماچ و ئامێزیان ئەبەخشن بە پیاوێك، كە بە عەقڵ كەم و زەعیفەیان دەزانن.
- داخی گرانم بۆ ئەو ژنانەی كە هێشتا ئامادەن خزمەتی پیاوێك بكەن، كە تەنها وەك خزمەتكارو چێشتلێنەر لە ژن دەڕوانێت.

زۆرینەی پیاوی كورد بە جۆرێك نەخۆشن، كە خۆیان بە خاوەنی هەموو ژنی خێزان و بنەماڵەكەیان دەزانن، وەك ئەوەی ژنەكان خۆیان عەقڵ لەسەریاندا نەبێت و ئەم فەیلەسوف بێت و بۆ خاوەنداری ژنەكان خوڵقابێت، زۆرینەی پیاوی كورد بەجۆرێكی هێندە قوڵ و پوچ خۆی بە خاوەنی ژن دەزانێت، وەك ئەوەی ئەم ژنی دروستكردبێت.

لێگەڕێن با ژن گەر هەڵەش بوو، خۆی هەڵەی خۆی ڕاست بكاتەوە، وەك چۆن تۆ ڕۆژی دەیان هەڵە دەكەیت و هێشتا خۆت بە پیاو دەزانیت.
..ئەی هاوار ئەو كەلەی سەرەتان بۆ مێشكی تێدا نیە!؟ كەمێك فراوانتر لە دونیا بڕوانن،،ئاخر تۆ خۆت چیت تا خۆت بە خاوەنی ژن بزانی !