بەكارهێنانی منداڵ لە میدیا و دابڕینی لە سرووشتی دنیای منداڵیی

03/04/2021

ئەرسەلان ڕەحمان
بەكارهێنانی منداڵان لە پێشكەشكردنی چەپكێكی گوڵ بە میوانە سیاسییەكان لە فڕۆكەخانەدا تا دەگاتە بەكارهێنانیان بۆ بانگەشەی سیاسی و تێكەڵكردنیان بە دنیای گەورەكان و لەویشەوە تا وەرگرتنی لێدوان لێیان بە بێ رەزامەندی دەستنووسی دایك و باوكیان تاوانە دەرهەق بە منداڵان دەكرێت.

لە هەندێك كەناڵدا چاوپێكەوتن لەگەڵ منداڵ كراوە و براوەتەوە ئەو شوێنەی تێیدا دەستدرێژی سێكسی لێ كرابوویە سەر و پرسیاری لە بارەی وردەكاری تاوانەكە لێ كراوە. 
هێنراوەتە ستۆدیۆ و باسی خیانەت و خۆشەویستی لەگەڵ كراوە. 
لە بانگەشەی سیاسییدا بەكارهێنراوە و خراوەتە ریزی خۆپیشاندەران. 
فێری رەخنەی سیاسی كراوە و لە گەعدەكاندا شەڕە جوێنی پێكراوە. 
لە كێشەكانی توندوتیژی خێزانییدا دەكرێنە شاهێد و لە پرسەكاندا پرسیاری باوك مردن و دایك مردنیان لێ دەكرێت...

لەوەش سەیرتر، مناڵان دەهێنرێتە سەر شاشە و بێ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دەروونی خێزانەكان، شەڕی باوك یان دایكیی پێ دەكرێت. ئەمانە هەمووی ئەڵقەی بەدوای یەكداهاتووی ئەو پێشێلكارییە ئەخلاقیانەن بەرامبەر بە مافی منداڵ دەكرێن.