پاراستنی سۆزخوازی یان ڕەگەزخوازی؟

03/04/2021

یادگار واژەیی
لە پەیوەندی سۆزداریدا هێندەی پاراستنی پەیوەندیەكە و بە تایبەت هێشتنەوەی پەیوەندیەكە پێویستە و گرنگە، هێندە ئەوە گرنگ نیە كە لە نێوان كێ و كێدایە! ئیتر پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی بێت یان جیاڕەگەزخوازی بێت یان هەر پەیوەندیەكی تر لەگەڵ خودا یان سروشت یان ئاژەڵ یان هەر شتێكی دیكە بێت.

لە پەیوەندی سۆزداریدا خۆنمایشكردن و خۆخستنە بەردەم كامێرا و كردن بە بابەتی بەرنامەی تەلەفزیۆنی هیچ گرنگیەكی نیە و هیچ چێژێكیش نادات بە ناوەڕۆكی پەیوەندیەكە، چونكە پەیوەندی سۆزداری بریتیە لە چێژ، چێژ بۆ گیان و بۆ جەستە، ئەمەش مافێكی تاكەكەسی و شەخسیە هەتا گشتی، بۆیە هێندەی پاراستن و بەتایبەت هێشتنەوەی پەیوەندیەكە گرنگە و بەچێژە هێندە كەسەكان و شتەكان گرنگ نین چونكە چێژ لە ڕۆحدایە نەك لە كەسدا!
بە نموونە تۆ كە یادگاریەكی تایبەتیت لەگەڵ دایكی كۆچكردووت یان كەسێكی نزیكت هەیە ئەوەندەی حەز ئەكەیت بە نهێنی و تەنها خۆت ئەو یادە بكەیتەوە هێندە پێت خۆش نیە خەڵك بەم یادەوەریەت بزانێ و ئاگای لە یادكردنەوەكەت بێت. هەر بەهەمان شێوەش دوو هاوژین ئەوەندەی گرنگە بەلایانەوە خۆشەویستی و سۆز لە نێوان خۆیاندا بە شەخسی و تایبەت بهێڵنەوە ئەوەندە پێیان خۆش نابێت كە لەبەردەم كامێرا و نمایشكردن بۆ خەڵك سڕ و فڕی پەیوەندیەكانیان ئاشكرا بكەن و خەڵك ئاگای لەهەموو چێژ وەرگرتنێكیان بێت.
لە كوردستان هەردوو پەیوەندیەكەی سۆزداری كەسی ئیتر هاوڕەگەزخوازی بێت یان جیاڕەگەزخوازی هێندەی وەك نمایشكردن و خۆدەرخستنێك دەرئەكەوێت هێندە وەك مافێكی كەسی دەرناكەوێت. ئەمەش زیاتر ئەوەی لێ ئەخوێنرێتەوە كە لێدان بێت لە پەیوەندیەكانی تر هەتا پاراستنی پەیوەندیەكەی خۆت! تەنانەت لە زۆری ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانیشدا ئەوەندەی چاولێكەری و ژیان بۆ ئەوی تر لەجیاتی بۆ خۆت كێشە دروست ئەكات ئەوەندە لایەنەكانی تر كێشەیان دروست نەكردووە.

هاوڕەگەزخوازیش ئەوەندەی مافێكی تاكەكەسی و شەخسیە، هێندە خۆنیشاندان و خستنە بەردەم كامێرا و نانەوەی پشێوی لە پەیوەندی تردا و كردن بە ڕاپۆرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و خستنە ناو قەڕەباڵغی نیە! 
بەهەمان شێوە خۆشەویستی نێوان ژن و مێردێكیش، ئەوەندەی خۆشەویستنێكی عاشقانە و پەیوەندیەكی ڕۆحی و پاك و ڕاستگۆییانەی ژن و مێردەكەیە هێندە خۆخستنە بەردەم كامێرا و خۆدەرخستنیان بۆ خەڵك و لێدان لە پەیوەندیەكی خۆشەویستی بەرامبەر نیە! هەموو چێژێك بۆ خۆیانە و هیچ مومارەسەیەكی خۆشەویستی بۆ دەرەوەی خۆیان ناكەن. 

لێرەدا كاتێك ئەو پەیوەندیە دروست ئەبێت كە لە پەیوەندیەكانی دەرەوەی خۆی نەدا و نەبێتە تێكدەر بۆ پەیوەندیەكانی تر! چونكە كە پەیوەندی نێوان دوو كەس پەیوەندی تری تێكدا و بووە هۆی پشێوی و ئاڵۆزی بۆ پەیوەندیەكانی تر، ئەوا ئەو پەیوەندیە هەڵئەوەشێتەوە و هیچ چێژێكی ڕۆحی و تایبەتی لەو پەیوەندیەدا نامێنێتەوە، چونكە پەیوەندیەكە لە ئەساسدا بۆ لێدان لە پەیوەندی تر دروست بووە نەك بۆ مانەوەی پەیوەندیەكە وەك خۆی.

لە ئەوروپا هاوڕەگەزخوازەكان ناچن لە ڕقی سەر ڕەشێكی وەك تۆ یان لە ڕقی بێگانەبوونت بە ووڵاتەكەی خۆیان مومارەسەی هاوڕەگەزخوازی خۆیان بكەن! بەڵكو وەك هەر ژن و مێردێك بۆ چێژی خۆیان و ژیانی تایبەتی خۆیان ئەو مومارەسەیه ئەكەن و ژیان و پەیوەندی تری پێ تێكنادەن.
من لە وشوێنەی كاری لێ ئەكەم  دوو هاوڕێم هەیە یەكێكیان لێزبیانە لەگەڵ كچی ووڵاتێكی تر بۆ ماوەی دوانزە ساڵە پەیوەندی سۆزداریان هەیە، ئەویتیریشان گەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵە پەیوەندی لەگەڵ كوڕێك هەیە لە ووڵاتەكەی خۆی، هەرچواریان لە هەمان كابینە و باڵەخانەن كە كاریان لەگەڵ ئەكەم، مامەڵە و هاوڕێیەتیان هێندە خۆشە هەرگیز لێیان بێتاقەت نابیت، بوونەتە سومبولی سەلامەتی لە دائیرەكە چونكە هێندە بێوەین، هێندە ڕێزدارن تەنانەت ئێمە وەك ستافی ئەو كابینەیە كە ئەنواع و ئەشكالمان تیایە زۆر جار ئازادمان كردوون لە مامەڵەی مومارەسەی خۆیان لەگەڵ یەك بە بەرچاوی ئێمەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام ئەڵێن لەبەر ئەوەی لە كەلتوری هەندێك لە ستافەكە ئەم بابەتە قەدەغەیە نامانەوێت ئازاری كەسی پێ بدەین، پێشتر وایان ئەزانی ئێمە ئازارمان پێ ئەگات بەڵام دواتر بۆمان ڕوون كردنەوە كە زۆر لامان ئاساییە و ئەوان مافی خۆیانە و زۆر ئازادن، بەڵام ئەوان هەر نكوڕ بوون لەسەر ئەوەی ڕێز لە تەواوی ستافەكە بگرن( وا دەیانبینی كە ئەوە ڕێز بێت بۆ ئێمە) دواتر زۆر پێمان ئەوتن كە هەر زۆر ئاساییە لای ئێمە و مرۆڤ ئەبێ بۆ خۆی بژی نەك بۆ كەسی تر.
ئێستا ئەوان هەر لە پەیوەندی سۆزداریانەی خۆیان بەردەوامن و ئێمەش هەموو ستافەكە بە گشتی لە هاوڕێیەتی ئەوان بەردەوامین و هەمیشە جوانی مامەڵە و سەلامەتی هاوڕێیەتیان لێوە فێر ئەبین. ئەمانە دەكرێ بە هاوڕەگەزخوازی ڕاستەقیە ناویان بەرین چونكە سروشتی مومارەسە و پەیوەندیەكەیان سروشتیە وەك هەر ژن و مێردێكی تر.
ئەسڵەن مومارەسە و پەیوەندیەكەشیان بۆ نمایشكردن و خۆخستنە بەردەم كامێرا نیە! یان لە ڕقی ئێمە و ئازاردانمان نیە! بەڵكو بە تایبەتی و نهێنی بۆ خۆیان ئەو پەیوەندیەیان پاراستووە، ڕاستە لە ئاسایی بوونی دەستور و یاساكانی ووڵاتانی ئەوروپادا ئەوان لە دەرەوە ئاسایی مومارەسەی پەیوەندی خۆیان ئەكەن بەبەرچاوی خەڵكەوە بەڵام خۆ ئەمەش هەموو مومارەسەكە نیە و هەر بەشێكی دەهێڵنەوە بۆ خۆیان بە تەنها و نایەڵن هەموو كەس بە هەموو شتێكیان بزانن، ئەمەش مافی هەموو خۆشەویستێكە. 

لەوانەیە من و تۆ هاوڕای ئەم بابەتە نەبین بۆ خاو وخێزانی خۆمان و بمانەوێت بەو شێوەیە خێزان پێكبهێنین كە دەمانەوێت، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی ئەم مافە لەوانی تر قبووڵ نەكەین و دژیان بوەستینەوە.
ئەوەی لە كوردستان هەیە زیاتر نمایشكردن و زەقكردنەوەی بابەتەكەیە هەتا ئەوەی وەك مافێكی سروشتی سەیر بكرێت. هەر ئەو زەقكردنەوەشە كە ئەو پەرچە كردارە توندە لە بەرامبەریان دروست ئەبێ و وەك زیانێكیش بەسەر خۆیاندا دەشكێتەوە.
ڕاستە بە دڵنیاییەوە ئەكرێ چەند كەسێك بەو سروشت و مافە ئاساییەی خۆیان هەروا دروستكرابن و خۆیان هیچ دەستێكیان تیایدا نەبێت، ئەمانە بە دڵنیاییەوە لە كوردستانیش نكوڵی لە بوونیان ناكرێت، بەڵام كە تێكەڵ بە خەڵكی تر دەكرێن كە بۆ خۆنمایشكردن و بەردەم كامێرا بابەتەكە زەق ئەكەنەوە ئەوكات ڕەش و سپی پێكەوە دەبنە ئامانجی ئەو پەرچەكردارە.
ئەوانەی تریش ئەگەر هاوڕەگەزخوازی ڕاستەقینە بن و سروشتی پەیوەندی و چێژیان بەو جۆرەیە ئەوا ئازادانە ئەتوانن دوور لە كامێرا و نمایشكردن و خۆخستنە بەر خەڵكی، هەر بۆ خۆیان و دوور لەبەرچاوی خەڵك مومارەسەی پەیوەندی خۆیان بكەن.

ڕاستە بەپێی یاساكان و دەستووری عێڕاق ئەم كەسانە قەدەغەن و مافی دروستكردنی هیچ پەیوەندیەكی هاوڕەگەزخوازیان نیە ، ئەوەی دەزگای ئەمنیش ئەیكات لە گرتن و خستنە بەردەم دادگا، ئەوە هەر بەپێی یاسای باری كەسێتی عێڕاقی ئەو كارە كە قەدەغەكراوە دەكەن و لە خۆوە نایكەن، بۆیە خەلەلەكە لە یاساكەیە نەك لە ڕێ و شوێنی پۆلیس! 
هەر گۆڕانكاریەكیش ئەگەر پێشنیار بكرێ و بگۆڕدرێت دەبێ هەر لە ڕێی یاساكەوە و لە پەرلەمانەوە بكرێت نەك لە ڕێی هێزە ئەمنیەكانەوە، یان لە ڕێی زەقكردنەوەی بابەتەكە و نمایشكردنی!

هەموو پەیوەندیەكی سۆزداری لە نێوان هەر كەس و شتێكدا بێت كە دوور بێت لە چاوی كامێراكان و نمایشی خەڵكی، وە تەنها بۆ خۆیان بێ و پەیوەندی دەرەوەی پێ تێك نەدەن و كارنەكەنە سەر پەیوەندی ئەوی تر و لە دژی هیچ پەیوەندیەكی تر دروست نەكرێت، ئەوا مومارەسەكردنی ئەو پەیوەندیە مافێكی كەسیە و كەس مافی تەداخول و تێكدانی ئەو پەیوەندیە كەسیە و تایبەتەی نیە.