یادی یڵماز گونەی و چەند سەرەقەڵەمێك

03/04/2021

هێژا دڵشاد
یڵماز گونەی سینەماكاری كۆچكردووی گەلی كورد، بەتەنها ئاكتەر و سینەماكارێك نەبوو، ئەو نوسەر و شۆڕشگێڕێكی یاخی بوو، ئەو كوردێكی چاونەترس و بوێر بوو. هونەرمەندێكی داكۆكیكاری گەلی كورد بوو توانی لەڕێگەی فیلمەكانییەوە رەهەندەكانی پرسی كورد پیشانی جیهان بدات.
هەڵبەتە لە وڵاتێكی وەك توركیا ئەم كارە گەلێك ئاستەم و مەترسیدارە، كاتێ دەوڵەتێك بەهەموو توانایەكییەوە بە پۆلیس و عەسكەر و بەندیخانەكان و دواتریش كۆمپانیاكانی فیلم و ڕۆژنامە و میدیاكانی ئەو وڵاتە هەموویان دژایەتی یڵماز گونەی یان دەكرد. بەڵام ئەو توانی لە زیندانەوە فیلمێك بەرهەمبهێنێت كە هەموو سینەماكانی ئەوروپا بهەژێنێت و بەو فیلمەش خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونی لە فێستیڤاڵی كان بباتەوە.

ئەوەی توانای یڵماز گونەی لە سینەماكارەكانی ئەو وڵاتە جیادەكاتەوە ئەوەیە كە باشترین فیلمەكانی لە زیندانەوە نوسیوە و كاری بەڕێوەبردنی بۆ كردووە، دیارترینیان فیلمی مێگەل و رێگا-یە، كە خاوەنی چەند خەڵاتێكی جیهانین و لە بەناوبانگترین فیلمەكانی یڵمازە لە سینەماكانی ئەوروپا.
یڵماز گونەی لە ١ ی نیسانی ١٩٣٧ لەدایك بووە و لە ٩ ی ئەیلولی ١٩٨٤ كۆچی كرد. ئەو تەنها ٤٧ ساڵ ژیا، لەو تەمەنە كورتەی ژیانی، توانی خاوەنی ١١٤ فیلم بێت. ٢٦ لەو فیلمانەی وەك وێنەگرتن و بەڕێوەبردن، ١٥ فیلمی وەك دەرهێنەر، هەروەها سیناریۆی بۆ ٦٤ فیلمیتری نوسیووە. 
زۆرێك لە فیلمەكانی وەك دەرهێنەر، سیناریست و ئاكتەر رۆڵی تیاگێڕاوە. 

خاڵێكیتری گرنگی ئەم كەڵە سینەماكارە، ئەوەیە لە پاش ١٠ ساڵ لەكاری نواندن، ئیتر خۆی فیلمی خۆی بەرهەمدەهێنێت و زۆر ئیش لەسەر رەهەندە سیاسی، كۆمەڵایەتییەكانی پرسی كورد لەتوركیا دەكات و باشترین فیلمەكانیشی ئەو فیلمانەن كە لە زیندانەوە كاری بۆ كردوون. 

یڵماز گونەی بە یەك لە ئایكۆنەكانی سینەمای كلاسیكی توركی دادەنرێت لە زۆر كافی و رێستۆرانت و ناوەندە هونەرییەكانی ئەو وڵاتە وێنەی یڵماز گونەی تیا دەبینرێت. 

لەمڕۆدا زۆربەی سیناریۆی فیلمەكانی كراونەتە كتێب و لە توركیا جاپ كراون لە رەفەكانی كتێبخانەكانی ئەو وڵاتە دانراون. هەروەها لە سیڤەرەكی باكووری كوردستان پەیكەرێكی شایستەی بۆ كراوە و لەم ساڵانەی دوایدا پەیكەرێكی نوێی بۆ دروسكرا. هەروەها لە مۆزەخانەی سینەمایی ئەدەنە، پەیكەری مۆمی یڵماز گونەی، سینەماكاری گەورەی كورد دروسكراوە و لەپاڵ پەیكەرەكەش پۆستەری زۆرێك لە فیلمەكانی هونەرمەند نمایش كراوە. 
زۆرێك لە سینەماكارانی كورد، یڵماز گونەی بە باوكی رۆحی سینەمای كوردی ناوی دەبەن.