لێگەڕێن هاوڕەگەزخوازان (لە دۆڵاب بێنە دەرێ)٭

04/04/2021

دلێر محەمەد نوری
لەم ڕۆژانەی پێشوو هەواڵێكمان بەر چاو كەوت سەبارەت بە گەڕان بە دوای هاوڕەگەزخوازان و گرتنیان لە شاری سلێمانیدا، لە لایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسەوە. ئەم هەواڵە هەم سەرنجی ڕاكێشام و هەم هێندەی هەوڵێكی خەمهێن بوو هیچ جێی خۆشحاڵی و دەست خۆشی من نەبوو وەكو دەستخۆشییەكانی زۆربەی خەڵك.

ئەگەر چی هیچ كەسێكی هاوڕەگەزخوازم لە ژیانمدا لە نزیكەوە نەناسیوە و پێشتر هەڵسوكەوتی ئەم جۆرە لە مرۆڤ بۆ منیش وەكو زۆربەی خەڵكی كوردستان جێگەی قبووڵ نەبووە بگرە مایەی شەرمەزاری زۆریش بووە. بەڵام خۆشحاڵم كە ئێستا و لە پاش ئەوەی لە چەندین سەرچاوەی تەندروستی دەروونی و زانستییەوە بۆم دەركەوت كە ئەم دۆخی بیركردنەوە لە ژیانی سێكسی لای بەشێك لە مرۆڤەكان نە نەخۆشییە و نە نەنگییە، بگرە ڕەنگدانەوەی خودی پێكهاتەی لەشی مرۆڤەكانە بۆ جۆری پێداویستی حەزە سێكسییەكانیان نەوەك گوناهە كردن یان لادانی ئەخلاقی. ڕەنگە ناوهێنانی ئەم جۆرەش‌ لە خەڵك بە لادەر یان شاز لە حەزی ژن و پیاوی ئاسایی، لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەمانە هێندەی نەبوون شاراوە و نادیار بوون لە چاوی تانە و تەشەر و سزای كۆمەڵایەتی و ئایینی و یاسایی، دەنا بەشێك ئەگەر‌بە ڕێژە كەمیش بووبن لە مرۆڤەكانی هەر كۆمەڵگایەك هاوڕەگەزخواز‌ بوون بە هەموو جۆرەكانییەوە و بە درێژایی مێژوو بەڵام بە شاراوەیی و دوور لە چاوی كەسوكار و كۆمەڵگا و دەسەڵات.

ئەگەر چی من بە وردی ئاگاداری ئەو كەمپەینەی هێزەكانی ناوخۆ نیم كە مەبەستیان گرتنی هەر هاوڕەگەزخوازێكە یان ئەو كەسانەی كە بە دوای مناڵی خوار تەمەنی هەژدەساڵەوەن لە ڕەگەزی نێر ئەوەی كە بە زمانە گشتییەكە پێی دەڵێن (مناڵباز-هەتیوباز)(pedophile) كە ئەمە بۆ خۆی تاوانێكی قێزوەنە كە لە ژێر سایەی هەر سیستەم و كۆمەڵگایەك جێگەی ڕەزامەندی نیە. یاخود ئەگەر مەبەست لەم كەمپەینە گرتنی خەڵكانێكە كە بازرگانی بە مەسەلەی هاوڕەگەزخوازییەوە دەكەن ئەوا ئەوەش جێگەی دەست خۆشییە بەڵام دەكرێ چاوێكیش لەو هەموو بێ سەروبەری یانەی لەشفرۆشییانەش بكەن كە هەندێكیان بەرپرسی باڵاشیان لە پشتیانەوەیە وەك ئەڵێن، كە ئەمە لادانە و بە هەدەردانی دەرامەت و تەندروستی تاكەكانی لێدەكەوێتەوە نەك هاوڕەگەزبازی ئارەزوومەندانە.

بەم پێشەكییەش ویستم تێگەیشتنێك لای خوێنەر دروست بكەم كە ئەو هاوڕەگەزخوازییەی ئارەزوومەندانە دوو پیاو یان دوو ژن بە پەیوەندییەكی سۆزداری بە یەكەوە دەبەستێتەوە هەق نیە بەر شاڵاوی گرتن و سزای یاسا بكەون یاخود بەر‌تانە و تەشەری كۆمەڵگا و پیاوانی ئایینی بكەون. چونكە دواجار ئەوان نە تاوانبارن بەرانبەر‌ بە خودا كە ئەو بەهرەیەی پێ بەخشیوون و نە تاوانباریشن بەرانبەر‌ بە كۆمەڵگا چونكە ئەوە كۆمەڵگاكانن كە نەزانن بە دۆخی ئەمان و مامەڵەیەكی تەندروستییان لە گەڵ ناكەن، دەنا ئەمانە مامەڵەیەكی تەندروستی لە گەڵ لەشی خۆیان ئەكەن و هیچ زیانێكیان بۆ كەسی دیكە نیە.

ئەگەر تا ئەمڕۆش ئایین تەنها ڕەگەزی ژن و پیاو ئەناسێت و كۆمەڵگا دواكەوتووەكان و یاسا و ڕێسا نەریتییەكانیان لە دەرەوەی پەیوەندی ژن و پیاو نەزانن بە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی دیكە، ئەوا زانستی فسیۆلۆژی و ڕەوانشوناسی گەیشتوونەتە بەرئەنجامی گەلێك سەیر و سەمەرە كە لە نێوان ژن بوونی سەدد دەر سەدد و پیاوبوونی سەد دەر سەد دەیان دۆخی دەروونی وسێكسوالتی و فسیۆلۆژی جۆراووجۆر هەن كە هەموویان مایەی هەم بەزەیی و یارمەتی دانن و هەم دەشبنە پاڵنەرێك تا لە ڕێگەی سەلماندنە دەروونی و زانستییەكانەوە كار بۆ دۆزینەوەی جێگەی شیاو بۆئەم مرۆڤانە لە كۆمەڵگادا بكەنەوە. بەمەش بەدەرلە جیاوازییان وەك هەر ژن و پیاوێكی ئاسایی تەماشایان بكەن و ڕێزیان لێ بگرن. هەموو ئەمانەش بەوە دەكرێت كە هەم پیاوانی ئایینی و دەزگا ئایینییەكان لەم پێگەیشتنە زانستییانە ئاگادار‌بكرێنەوە و بەرچاوڕوونییان پێ بدرێ و هەم یاسا و ڕێسایەك ڕێك بخرێت بۆ ڕێكخستنی ژیانی هاوسەرگیری و پێكەوەبوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە.

چونكە بۆ هەمووان ئاشكرایە كە هەر سێ ئایینە ئیبراهیمییەكە بە نەشیاوترین شێوە مامەڵەی لە گەڵ ئەمانە كردووە و بە شاز و لادەر و تاوانبار‌ وێنای كردوون. یاسا نەریتی و یاسا دانراوەكانیش دوای ئایینەكان كەوتوون لە چارسەری ئەم كەسانە لە كۆمەڵگا دواكەوتوو و باوەڕدارەكاندا. بەڵام ئەم حاڵەتە بە جۆرێكی دیكە گۆڕاوە لە دونیای ڕۆژئاوادا ئەمڕۆ بە دوو هۆكاری سەرەكی، ئەویش بە هۆی سیستەمی پیادەكراوی سێكولار كە مەودای داوه بە مرۆڤایەتی دوور لە بڕیاری پێشوەختەی بێ بنەمای ئایینی ڕێگەچارە بۆ كێشەی مرۆڤەكان بدۆزێتەوە. هۆكاری دووەمیش ئەو پێشكەوتنە زانستییانە لە تێگەیشتن لە دۆحی ئەم مرۆڤانە مەڵبەندەكەی ڕۆژئاوا بووە. بۆیە دەبینین ئەمڕۆ لە ئەوروپا پەیوەندی هاوڕەگەزخوازان بە یاسا رێكخراوە و ئەوان وەكو خوشك و براكانیان لە ژن و پیاو چالاكن لە هەموو بوارەكانی ژیان و خاوەن پێگە و ڕێزی خۆیانن. هەر تانەو تەشەرێكیش لەم كەسانە لە لایەن هەركەس و لایەنێكەوە ئەچێتە خانەی ڕەگەزپەرستی و سزای توندی بۆ دانراوە.

ئەمڕۆ لە وڵاتێكی وەكو نەرویج ساڵانە ڤیستیڤاڵێكی گەورە لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا بۆ هاوڕەگەزخوازان یان لادەرەكان وەكو خۆیان ناویان لێ ناوە (مەبەست لەم لادانەش تاوانباركردن نیە، بەڵكو مەبەست لێی لادانی سروشتی لەشی ئەمانە لە دوو ڕەگەزە باوەكە)، دەگێڕن، مەبەست لەم ڤیستیڤاڵە دەربڕینی خۆشییە بۆ ئەوەی كە لە كۆمەڵگادا جێگەیان بۆتەوە. لەم ساڵانەی پێشوودا وەزیری‌ تەندروستی نەرویجی BENT HOYE  كە بە شێوە پیاوە، بەڵام وا دیارە خۆی وەكو ژن ئەبینێت، دەركەوت لە گەڵ پیاوێكدا كە ئەو واتا جەنابی وەزیر بە پیاوەكەم ناوی هێنا و ڕایگەیاند كە ئێمە لە 2000ەوە هاوسەرگیریمان كردووە. ساڵانە لەم ڤیستیڤاڵەدا چەندین كەسی نوێ ڕەگەز و هەستی ڕاستی خۆیان ڕائەگەیێنن بۆ یەكەم جار. ئەوەی جێگەی داخە بۆ هاوڕەگەزخوازان لە كوردستان ئەوەیە كە زانست سەلماندوویەتی كە ئەوان تاوانبار نین و خودا وەهای دروست كردوون، تۆ بڵێی هێندەمان دكتۆر و دەرونناسی بە ئاگانەبێت لە كوردستان تا دەسەڵات و كۆمەڵگا لەم دۆخە وشیار بكەنەوە تا ئەم ستەمە لەم مرۆڤانە نەكەن؟ بۆ ئەوەی ڕۆژێكیش بێت و هاوڕەگەزخوازی كوردیش خۆی ئاشكرا بكات و لە دۆڵاب بێتە دەرێ.

٭ تێبینی/ لە وڵاتی نەرویج گوزارشتێك بەكاردەهێنن بۆ ئەو كەسانەی كە ڕەگەز و مەیلی ڕاستی خۆیان بۆ یەكەم جار ئاشكرا ئەكەن پێیان دەڵێن فڵانە كەس (لە دۆڵاب هاتە دەرێ) واتا خۆی ئاشكرا كرد.