بنەما ئیتیكییەكان و رەچاوكردنیان لە ئامادەكردنی هەواڵ و راپۆرتی میدیایی لە بارەی منداڵەوە

04/04/2021

بەشی دوەم
ئا: ئەرسەلان ڕەحمان
پرۆسەی ئامادەكردنی ژانرە رۆژنامەوانییەكان لە بارەی منداڵ و تازە پێگەیشتووان و گەنجانەوە رووبەڕووی ئاڵنگاری تایبەت بە خۆی دەبێتەوە. ئەو پرۆسەیە رەنگە منداڵان رووبەڕووی مەترسی و سزا و بەندوباری كۆمەڵایەتی بكاتەوە.

رێكخراوی یونیسێف هەندێك بنەمای ئیتیكیی پەرە پێداوە بۆ ئەوەی لە كاتی ئامادەكردنی ژانرە میدیاییەكان سەبارەت بە پرسەكانی منداڵان لەبەرچاو بگیرێن. ئەم بنەمایانە دەشێت هاوكاری میدیا بكەن بۆ ئەوەی رێگەیەكی درووست بگرنە بەر و بە رەچاوكردنی هەستیاری پرسەكە مامەڵە لەگەڵ بابەتەكانی پەیوەست بە منداڵان بكەن.
هەروەها ئەم بنەمایانە دەشێت هاوكاری ئەو میدیاكارانە بن، كە دەیانەوێت پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەن و كارەكەیان بۆ خزمەتی گشتی بێت و ئامانجیان پاراستنی مافەكانی منداڵان بێت.

یەكەم: بنەماكان:
1- پێویستە رێزی كەرامەتی هەموو منداڵێك بگیرێت، جا لە هەر دۆخێكدا بێت. 
2- لە كاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ منداڵدا، یاخود لە كاتی ئامادەكردنی راپۆرت لە بارەیانەوە پێویستە بایەخێكی تایبەتی بۆ مافی هەموو منداڵان دابنرێت بە تایبەتی لە رووی تایبەتمەندی كەسیی و نهێنییانەوە، لە گوێگرتن بۆ بیروڕایان لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی بڕیارەكان و لە پاراستنیان لە هەر ئازار و سزایەك كە دەشێت رووبەڕوویان ببێتەوە. هەروەها پاراستنیان لە هەر گریمانەیەك و ئەگەرێك كە رووبەڕووی ئازار و سزایان بكاتەوە.
3- پێویستە پارێزگاری لە بەرژەوەندی سەرجەم منداڵان بكرێت و ئەولەویەت بەو بەرژەوەندیانە بدرێت و بخرێنە سەرووی هەر ئیعتبارێكی دیكەوە. ئەگەر ئیعتباری بەدەستهێنانی پشتیوانی و لایەنگری بێت بۆ پرسەكانی منداڵان و پاراستنی مافەكانیان.
4- لە كاتی هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی راپۆرت سەبارەت بە بەرژەوەندییەكانی منداڵ پێویستە مافی ئەوە بدرێتە منداڵ بۆچوون و تێگەیشتنی لەبەرچاو بگیرێت و ئەوەی پێویستە لە رووی بایەخپێدان بە گوێرەی تەمەن و ئاستی پێگەیشتنی پێی بدرێت.
5- پێویستە پرس و را بە كەسانی نزیكی منداڵ بكرێت لە بارەی رەوشییەوە و پرسیان پێبكرێت لە بارەی ئەو لێكەوتانەی بە هۆی راپۆرتە میدیاییەكەوە دەكەونەوە، جا لێكەوتەی سیاسی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بن یان هەر جۆرە لێكەوتەیەكی دیكە بێت.
6- وازهێنان لە بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و چیرۆكێكی هەواڵی یان وێنەیەك، كە دەكرێت بە هۆیەوە منداڵ، یان خوشك و براكانی یاخود نزیكەكانی بە هۆیەوە بكەونە مەترسییەوە. تەنانەت ئەگەر هاتوو ناسنامەی منداڵەكەش گۆڕا یان چیدیكە بەكار نەهێنرا.