بەهۆی خوێن مەیینەوە وڵاتانی ئەوروپی بەكارهێنانی ڤاكسینەكەیان راگرتووە

04/04/2021

ڤاكسینی كۆمپانیایەكە "گومانی لەسەرە"
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێك بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆڕۆنا واژو دەكات 
س: بوار نیوز
لەگەڵ ئەوەی چەندین وڵاتی ئەوڕوپی، ڤاكسینەكەی كۆمپانیای ئەسترازینكا_یان ڕاگرتووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیاكە واژو كردوە بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆڕۆنا.
بەهۆی مەترسییەكانییەوە، وڵاتانی (فڕەنسا، هۆڵەندا، ئیرلەندا، نەمسا، نەرویج و بولگاریا) بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆڕۆنای كۆمپانیای ئەسترازینكا_یان بەشێوەیەكی كاتی ڕاگرتوە، بەڵام دوێنی سێشەممە، 16ی ئازاری 2021، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینكا كردوە بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆڕۆنا. 
دكتۆر ئارام ڕۆستەم عەبدوڵڵا، سەرۆكی لێژنەی زانستی دابینكردنی پێكوتەی دژە كۆڕۆنا لە هەرێم تایبەت بە بواری ڕاگەیاند: ڕاستە بەهۆی خوێن مەینەوە، چەند وڵاتێكی ئەوڕوپی ڤاكسینی كۆمپانیای ئەسترازینكایان ڕاگرتووە، بەڵام ڕاگرتنەكە بەشێوەی كاتی و تاوەكو 25ی ئازاری ئەمساڵە. 
گوتیشی: "ئێمە ماوەیەكە لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر و ئەسترازینكا قسەمان كردوە و دوێنی ڕێككەوتنێكی سەرەتاییمان لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینكا كردوە بۆ كڕینی ڤاكسینەكەیان، هەروەها هەر دوێنی ئێمە نووسراوێكمان ئاڕاستە چینەكانیش كردوە بۆ كڕینی ڤاكسینەكەیان، چونكە ڤاكسینی كۆمپانیای ساینۆ فارمكای چینی پێكوتەكەی زۆرباشە". 
لەبارەی ئەگەری مەترسی لەسەر وەرگرتنی ڤاكسینی كۆمپانیاكە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، دكتۆر ئارام گوتی: "ئێمە جاران زۆرتر لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینكا نزیكبووین بۆ كڕینی بەرهەمەكەیان، بەڵام ئێستا بە سلەمینەوە قسەیان لەگەڵ دەكەین، بۆیە ئێمەش وەكو وڵاتانی ئەوڕوپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، ئەگەر ڤاكسینەكەیان مەترسی هەبوو ئەوا قەدەخەی دەكەین، بەپێچەوانەوە بەكاری دەهێنین". 
حكومەت و وەزارەتی تەندروستی ئامادەنین ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینكا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرابكەن، چونكە وەك دكتۆر ئارام باسیكرد "ڕێكەوتنەكە نهێنییە". 
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت، دوو ملیۆن و 270 هەزار كەس لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە و بەبێ بەرامبەر و بە دووجار ژەمە ڤاكسینەكەیان پێبدرێت. 
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، وڵاتی چین پێنج هەزار ڤاكسینی كۆڕۆنای بۆ هەرێمی كوردستان نارد، هاوكات بڕیارە لەو ملیۆن ڤاكسینەی كە عێراق لە كۆمپانیای ئەسترازینكا كڕیویەتی، پشكی هەرێمی كوردستان بدرێت كە 180 هەزار ژەمە ڤاكسینە.