نجیرەی تاریكی ٢٠١٧ - ٢٠٢٠

04/04/2021

ئەمیر موحەممەد و هاوڕێ كەمال
س: سینەما تیولیپ
دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی، زنجیرەیەك نین لەدوای یەك هاتبن، بەڵكو پەیوەستن بە بازنەیەكی كۆتایی نەهاتوو

نجیرەی ئەڵمانی دارك ـ دارك زنجیرەیەكی تۆڕی نێتفلیكسە، سەر بە ژانری خەیاڵی زانستی، نهێنی ئاڵۆزە. بەگشتی دەتوانین بڵێین چیرۆكەكەی دەربارەی گەشتی كات - تایم تراڤڵ و فرەگەردوونی - مەڵتیڤێرس یە، و لەسەر كۆمەڵێك بیردۆز داڕێژراوە كە بە درێژایی بابەتەكە هەموو بیردۆزەكان دەخەینەڕو و شیكردنەوەی بۆ .دەكەین

سپۆیڵەر ئەڵێرت 
ڕووداوەكان لە شارۆچكەیەكی ئەڵمانیا بەناوی (ویندن) ڕوودەدەن، چیرۆكی سێ نەوەی ئەم شارۆچكەیە دەگێڕنەوە لە چەند كاتێكی جیاوازدا كە هەموویان پەیوەستن بەیەكەوە، ڕووداوەكان بە وردی لەم ساڵانەدا ڕوودەدەن (١٨٨٨، ١٩٢١، ١٩٥٣، ١٩٨٦، ٢٠١٩، ٢٠٥٢) لە سوڕێكی ٣٣ ساڵیدا هەمیشە دووبارە دەبنەوە، هەندێ لە كارەكتەرەكان توانیویانە گەشت بكەن بەناو كاتدا لە ڕێگەی ئەشكەوتەكە، یان ئامێری كاتەكە، یان كورسی ناو ژێرزەمینەكە، ئەمانە دەتوانن ٣٣ ساڵی بتگەڕێننەوە بۆ دواوە یان ٣٣ ساڵ بۆ داهاتوو، بەڵام لە هەموویان پێشكەوتووتر كونە كرمیەكەی ئادەمە كە ئەم سوڕە ٣٣ ساڵیە تێكدەشكێنێت و دەتوانیت بۆ هەر شوێن و كاتێك بتەوێت گەشت بكەیت.

وەك وتمان زنجیرەكە ئەڵمانیە وە پاشخانی زنجیرەكەش پشتی بە بیردۆزەكانی دوو زانا و فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی بەستووە ئەوانیش فریدریك نیچە و ئەلبێرت ئاینیشتاینی بلیمەتن، بزانین چۆن؟ نیچە بیردۆزێكی هەیە بەناوی دووبارەبوونەوەی هەتاهەتایی ـ ئیتێرناڵ ریكورێنس بەپێی ئەم بیردۆزە گەردوون و هەموو وزە و بوونەكانی ناوی بەردەوام بە شێوەیەكی دوانەهاتوو لەناو ژمارەیەك شوێن - كاتی بێكۆتاییدا خۆیان دووبارە دەكەنەوە، بەپێی ئەم بیردۆزەی نیچە من چەندەها جاریتر لە ڕابردوودا ئەم وتارەم نووسیوە و تۆش خوێندووتەتەوە و لە داهاتووشدا ئەمە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

گەشتی كات لەم زنجیرەیەدا پشتی بە كونە كرمیەكان ـ ۆرم هۆڵس بەستووە كە ئەمەش یەكێك لە بیردۆزەكانی ئاینیشتاینە، یەكەمجار بیرۆكەی كونە كرمیەكان ساڵی ١٩١٦ سەری هەڵدا كاتێك (لودویك فلام) بە پشت بەستن بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینیشتاین پێشنیاری هەبوونی كونە سپیەكان ـ وایت هۆلس هۆلس كرد كە پێچەوانەی كونە ڕەشەكان ـ بلاك هۆلس شت فرێ دەدەنە دەرەوە كە كونە ڕەشەكان شت هەڵدەلوشن، دواتر لە ساڵی ١٩٣٥دا ئاینیشتاین و فیزیازانی ئیسڕایلی نەیسن ڕۆوزن هەر بە پشت بەستن بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی پەرەیان بە بیرۆكەكەدا و وتیان لەناو كات/شوێن ـ تایم/سپەیس دا كۆمەڵێ پرد بوونی هەیە كە دوو خاڵی جیاواز پێكەوە دەبەستێتەوە، ماوەی كات و دووری نێوان ئەم دوو خاڵە كەم دەكەنەوە ناویان لێنا پردەكانی ئاینیشتاین/ ڕۆوزن ـ ئینستاین/رۆسن بریدگ كە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەم پردانە دەڵێین كونە كرمیەكان، كە دەتوانن دوو خاڵی جیاواز پێكەوە ببەستنەوە كە دووری نێوانیان هەزاران ساڵی ڕووناكی بێت، یان چەند مەترێكی كەم بێت، یان لە دوو گەردوونی جیاوازدا بن، یان دوو خاڵی جیاواز لەناو كاتدا؛ وەك ئەمەی زنجیرەی دارك.

بەگشتی ڕوداوەكان ئەو كاتە دەستیان پێكرد كە باوكی (یۆناس) خۆی كوشت، بەڵام دواتر بۆمان دەركەوت ئەوە سەرەتا نەبووە، كەواتە تا ئێستا نازانین لەكوێوە ئەم دووبارە بوونەوەیە دەستیپێكرد، لە كۆتایی وەرزی دووەمدا بینیمان نامۆكە (یۆناسی تەمەن مامناوەند) لەگەڵ ماگنەس و فرانزسیسكا و بارتۆز گەشتیان كرد بێگوومان گەڕانەوە بۆ ساڵی ١٩٢١ و نامۆكە بووە ئادەم و ئەوانیش بوونە هاوكارەكانی وەك لە وێنەی گەشتیارەكاندا دەیبینین ئادەم لە ناوەڕاستدا دانیشتوە و ئەوانیش لە دەوری ئەون. لێرەوە ئادەم ڕێبازێك دادەمەزرێنێت بەناوی جیهان ئاوا دروستبووە كە ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە دەتوانن گەشت بە كاتدا بكەن. كەواتە ئادەم چی دەوێت؟ ئادەم نایەوێت بە هیچ شێوەیەك ڕێڕەوەی ڕووداوەكان بگۆڕێت بەڵكو دەیەوێت هەمووی وەك خۆی ڕووبدات میكڵ ون ببێت، مایكڵ خۆی بكوژێت، كۆتای جیهان ڕووبدات، تەنانەت مردنی خۆشەویستەكەشی مارتا ڕوبدات، كە بە یۆناس دەڵێت (ئازاری مردنی مارتا وایلێدەكات لە داهاتوودا ببێت بە ئادەم) هەروها دەیەوێت ئەم جیهانە بەتەواوی لەناوبچێت و جیهانێكی نوێ دروست بكات بەبێ كات(كە كات لەلای ئەو خودایە) كەواتە ئادەم پێشتر بە هەموو ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیووە و دەزانێت هیچی لەدەست نایەت، پێویستە تا كۆتای هاتنی ئەم سوڕە چاوەڕێ بكات. دەزانێت هەموو داهاتووی تۆ هۆكار و بەرەنجامی ڕووداوێكی ترە بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە دژی كات دەجەنگێت و دەیەوێت مرۆڤەكان لە زیندانی كات ڕزگار بكات.

جا ڕێبازەكەی ئادەم تاقیگەیەكیان هەیە كە بارستەیەكی ڕەشی گەورەی تێدایە(من لە سەرەتای وتارەكەدا بە كونە كرمیەكەی ئادەم ناوم هێنا) ئەم بارستە ڕەشە دوا قۆناغی گەشەسەندنی ئامێری كات ـ تایم مەشینە كە بە سوود وەرگرتن لە (كۆیلی تێسلا) دەتوانێت بۆ هەر شوێن و كاتێك ئارەزووی دەكەی گەشت بكەیت. ئەم كونە كرمیەی ئادەم لە ساڵی ٢٠٥٣دا واتە دوای كۆتای جیهان لەناو نەچووە، یۆناس بەكاری دێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەڵام ئەو خەڵكانەی ماونەوە هیچیان ئاگاداری ئەمە نین، چونكە شوێنەكەی قەدەغەكراوە و ئەو خەڵكە ڕێبازەكەی ئادەم وەك ڕزگاركەر دەبینن و ئیلیزابێسی كچی شارلۆت سەركردایەتیان دەكات كە نوح بەڵێنی پێداوە ڕێگەی ناو ئەشكەوتەكە ڕۆژێك دەكرێتەوە و خەڵكی لەوێوە بەرەو بەهەشت دەڕۆن. لە سەرەتای وەرزی دووەمدا بینیمان كاتێك گروپەكەی ئیلیزابێس دوو پیاو لە سێدارە دەدەن چونكە چوونەتە ناوچەی قەدەغەكراو یەكێكیان دەڵێتتۆ ناتوانیت خودا بشاریتەوە، ئەو بەتەنها هی تۆ نیە مەبەستیان لە خودا مادە ڕەشەكە بوو.

بەپێی ئەو وردەگۆڕانكاریانەی لە سوڕخواردنە گەورەكەدا ڕودەدەن كەسێكی یاخی دروست دەبێت بەناوی (كڵاودیا تیدمان) كە ژنێكی پیرە وادەردەكەوێت لە زۆربەی بڕیارەكانی ژیانی پەشیمان بێت، یەكەم ژنە لە ساڵی ١٩٨٦دا دەبێتە بەڕێوبەری وێزگە ئەتۆمیەكە و تێبینی حاڵەتێكی تیشكدانی نائاسایی دەكات لە داتاكانی ساڵی پێشوودا، كە ئەو حاڵەتەش بەڵگەیەكە بۆ هەبوونی تەنۆلكەی خودا ـ گۆد پارتیكڵ ئەو مادەیەیە ئامێری كات ـ تایم مەشین بەكاریدەهێنێت بۆ گەشتەكان. ئەم تەنۆلكەی خودایە لە جیهانی زانستدا پێی دەوترێت بۆزۆنی هیگز كە لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن سێ زانای فیزیاییەوە پێشبینی هەبوونی كرابوو، كە دەڵێت: تەنۆلكە سەرەتاییەكانی وەك پڕۆتۆن و ئەلیكترۆن بەهۆی كاریگەریان لەگەڵ بۆزۆنی هیگزدا بارستاییان هەیە. بەڵام بوونی ئەم تەنۆلكەیە تا ساڵی ٢٠١٢ نەسەلەمێندرا كاتێك لەو ساڵەدا بەهۆی پێكدادەری گەورەی هایدرۆنیەوە - ئێج ل سی دۆزرایەوە.

كلاودیا هەرخۆشی ئامێری كاتەكەی دروست كردووە چونكە ئەو بوو نەخشەی دروستكردنەكەی دا بە سەعاتچیەكە و داوای لێكرد ئامێرەكەی بۆ دروست بكات. جا كڵاودیا لە دژی ڕێبازەكەی ئادەمە و هەوڵدەدات ڕێڕەوی ڕووداوەكان بگۆڕێت تا سوڕە ٣٣ ساڵیەكە تێكبشكێنێت و وا پێدەچێت نامۆكە(یۆناسی تەمەن مامناوەند) هاوپەیمانی بێت، كەواتە ئادەم و كلاویا هەردووكیان هەمان ئامانجیان هەیە ئەویش شكاندنی سوڕەكەیە بەڵام بە دوو ڕێگەی جیاواز.

كاتێ لە وەرزی یەكەمدا منداڵەكان ونبوون وتمان پرسیارەكە لەكوێ و كێ و چۆن نیە بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كەی ڕوویدا؟ بەڵام لە كۆتای وەرزی دووەمدا بینیمان كاتێك مارتا مرد، دوای كەمێك مارتایەكەی تر هات و یۆناس پرسیاری لێكرد لە چی كاتێكەوە هاتوویت؟ بەڵام وتی پرسیارەكە كەی نیە بەڵكو ئەوەیە لە چی جیهانێكەوە هاتووم؟ كە ئەوە هێندەی تر زنجیرەكەی ئاڵۆز كرد و بیردۆز�ێكی تر هاتە ناوەوە كە پێی دەڵێن گەردوونی هاوبەر یان هاوتەریب - پارارێڵ یونیڤێرس كە پێیوایە جیهانی ئێمە تەنها نیە و هەر جیهانێك هاوسێیەك یان زیاتری هەیە لەكاتێكی جیا و بەهەمان ناوەڕۆكی ئەوەی ئێمە كە مرۆڤەكانی ناوی سەرپشكن لە بڕیاردان و ئەنجامی جیاشیان تێیدا دەست دەكەوێت. كە ئەمەش زیاتر وەرزی سێی زنجیرەكە پشتی پێدەبەستێت.

واتە لە وەرزی سێیەمدا مەسەلەكە دوو ئەوەندەی تر ئاڵۆز بوو، چونكە بیردۆزی فرەگەردوونی ـ مەڵتیڤێرس هاتە ناوەوە، بۆیە لەباتی سێ كارەكتەر بۆ هەر كەسایەتیەك شەش كارەكتەرمان هەبوو! وە ڕوبەڕوی سێ جیهان بووینەوە ئەوانیش جیهانی ئادەم و جیهانی ئێڤا(حەوا)و جیهانی بنەڕەت. زنجیرەكە پشت دەبەستێ بە كۆمەڵێك بیردۆز و بنەمای تر لە گرنگترینیان كوانتەم ئینتێنگلمێنت - گیرۆدەیی كوانتەمی كە بچوكترین یەكەی وزەیە بە بیردۆزی بڕەبیردۆز كە پەیوەندی لەنێوان تەنۆلكەكانی دوو جیهان یان زیاتر دروست دەكات ئەم دیاردە فیزیاییە دەڵێ; دەكرێ دوو تەنۆلكەی بەیەك بەستراو كاریگەریان لەسەر یەكتری هەبێ، و لە یەكێكیان تێبگەین بە تێگەیشتن لەوەی تریان، تەنانەت ئەگەر مەودایەكی زۆریش لەنێوانیان بێت. لە ڕاستیدا دەكرێ بڵێین تێكهەڵچونی ڕاستیە جیاوازەكانە، بەجۆرێك دەكرێ كات بۆ ماوەیێكی كورت بوەستێ و ببێتە هۆی لێكجیابونەوەی هۆكار و ئەنجام، لە كاتی بەردەوامبوونەوەی كاتەكەدا دابەشبونی كات ڕوبدات و ڕوداوەكان بەردەوام ببن، بەڵام بە دوو ڕێگای جیا، هەروەك پشیلەكەی (تانهاوس) باسی دەكات كە ئەویش بیردۆزێكی فیزیای كوانتەمە ناوی پشیلەكەی شرۆدینگەرە كە لەهەمان كات دەتوانێ مردوو و زیندوو بێت.

كوڕەكەی تانهاوسی سعاتچی لە جیهانی بنەڕەتدا - ۆرجیناڵ ۆرد بەهۆی گرژیەك لەگەڵ باوكی توشی ڕوداوێك دەبێ، خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵەكەی دەمرن. تانهاوسی باوك خەفەتبار دەبێ بەم ڕوداوە و ئامێرێكی كات دروست دەكات لە ساڵی ١٩٨٦ بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، تاوەكو ڕێگری لە ڕوداوەكە بكات. واتە لە ڕاستیدا جیهانی ئادەم و ئێڤا(حەوا) بوونیان نیە، بە پشتبەستن بە بیردۆزی پارارێڵ یونیڤێرس - جیهانی هاوبەر دروست بوون، لەبەرانبەردا یۆناسی تەمەن مامناوەند لە جیهانەكەی خۆیدا لە ساڵی ١٩٨٦ كونە كرمیەكە دەخاتەكار، هەڵبەت ئەوەش سەرەتاكەی دیار نیە، ئەوەی ئێمە دەیزانین یۆناسی تەمەن مامناوەند لە ساڵی ١٨٨٨ نەخشەسازی كۆیل و كونە كرمیەكەی كردوە بەڵام پێویستی بەو سوڕ خواردنە ٣٣ ساڵیە بووە تاوەكو ماددە كارپێكەرەكەی پێ وەچنگ بخات، كە دواجار لەلایەن مارتای جیهانی ئێڤاوە دەستیكەوت.

شتێك كە گرینگە بیزانین ئەوەیە ئەم سوڕە ٣٣ ساڵیە �زۆرجار خولی خواردوە ڕەنگە سەدان جار یان هەزارن، تاوەكو لەكۆتا سوڕ كلاودیای پیر دروست بووە، ئەمەش بە گۆڕانكاری بچوك لە سوڕەكاندا ڕویداوە تاوەكو دەگەینە كلاودیای پیر و یارمەتی ئادەم(یۆناسی پیر) دەدات بۆ تێكشكاندنی سوڕەكە. وە كات یەكسان نیە لەنێوان جیهانەكان واتا ئەو ڕوداوانەی لە سوڕە گەورەكەی نێوان جیهانی ئادەم و ئێڤادا ڕودەدەن، دەكرێ لە جیهانی بنەڕەتدا چەند كاتێكی كەم تێپەڕیبێت.

بە وردی ئەوانەی گەشت دەكەن بەكاتدا و سوڕەكە بەهۆیانەوە گۆڕانكاری تێدەكەوێت بریتن لە (یۆناس، بارتۆز، ئۆلریك، هانا، مارتا، میكێل، شارلۆت، ئێلیزابێس، نوح، كلاودیا) لە جیهانی ئێڤاشدا (مارتا، فرانسیسكا، ماگنەس، بارتۆز) ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە و لە جیهانی بنەڕەتیشدا تانهاوسی سعاتچی.

جیهانی ئێڤا و جیهانی ئادەم دوو جیهانی بەیەكەوە بەستراون كە كارەكانی یەكتری تەواو دەكەن بۆ سوڕ خواردنە گەورەكە لەنێوانی دوو جیهانەكەدا، كە تیایدا ئادەم و ئێڤا دەگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا بە زیندوویی، چونكە بینیمان لە وەرزی دووەم بەهۆی سەركێشی یۆناسەوە ئادەم; مارتا دەكوژێ تا یۆناس ناچار بكات شوێن فەرمانەكانی بكەوێ و سوڕەكە بەردەوامی هەبێ.

كوشتنی مارتا وا لە ئێڤا(مارتای جیهانەكەی تر) دەكات لەو سوڕە ٣٣ ساڵیانەی لە جیهانەكەیدا هەیە ئامێرێكی كاتی جیهانبڕ دروست بكات كە پێی دەڵێن ئامێری كاتی ئاڵتونی - گۆڵدن تایم مەشین بۆ ئەوەی مارتا گەنجەكەی خۆی ئاڕاستەی جیهانی ئادەم بكات و یۆناسی گەنج لەگەڵ خۆیدا ببات پێش ئەوەی سوڕەكەی جیهانی ئادەم دەست پێبكاتەوە.

ڕونكردنەوەیەك: (پشت بەستن بە بیردۆزی جیهانی هاوبەر - پارارێڵ یونیڤێرس هەموو شتەكان وەك خۆی ڕونادەن و گۆڕانكاری تێدەكەوێ بۆ نمونە: لە جیهانی ئێڤادا; مارتا لە شوێنی یۆناسە و تەجرەبەی ڕوداوەكانی یۆناسی جیهانی ئادەم دەكات) واتە ئادەم و ئێڤا هەمان بیرۆكەیان هەیە بۆ دوبارە بوونەوەی ڕوداوەكان.

ئادەم لە جیهانەكەی خۆیدا نوحی ڕاسپاردوە نەهێڵێت ڕوداوەكان گرژی و گۆڕانكاری گەورەی تێكەوێ، بە پەیمانی ئەوەی شارلۆتی كچی نەبێتە قوربانی سوڕەكە. شارلۆت نازانێ نوح باوكیەتی چونكە شارلۆتی ٢٠١٩ و ئیلیزابێسی ٢٠٥٢ی كچی شارلۆت، هەڵساون بە ڕفاندنی شارلۆتی ساوای ٢٠٥٢ بۆ گەڕاندنەوەی بۆ لای تانهاوسی سعاتچی جیهانی ئادەم لە ساڵەكانی ١٩٨٠كان تاوەكو سوڕەكە كێشەی تێنەكەوێت، و ڕایبگرن لە دروستكردنی ئامێرێكی كاتی تر كە ئەگەر ڕاینەگرن تانهاوس بەهۆی ئازاری لەدەستدانی خێزانەكەی ئامێرێكی تر دروست دەكات لە جیهانی ئادەمدا، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك جیهانی تر و كارەكان ئاڵۆزتر دەبن.

بە گشتی كوشتنەكان و ئاسایشی سوڕەكە نوح سەرپەرشتی دەكات، بۆ ئەوەی بتوانێ داهاتوی كچەكەی بگۆڕێ، بەڵام بێخەبەرە لەوەی ئەویش یەكێكە لەو ئەندامانەی سوڕخواردنەكە پشتی پێ دەبەستێت و بەكاردەهێنرێ، تەنانەت ساتی هەڵگەڕانەوەكەشی لە ئادەم بەشێكە لە پلانەكە كاتێك نوح كڵاودیای پیر دەكوژێت و پارچە كاغەزەكانی دەست دەكەوێت، كە دڵنیای دەكاتەوە ئەم سوڕە بەردەوامی دەبێت، نوح لەلایەن ئەگنەسی خوشكی خۆیەوە دەكوژرێت، چونكە ئەگنەسیش بەرژەوەندی لە سوڕەكەدا هەیە.

ئەوەی جێی ئاماژەیە كاركتەرە بێ ناوەكە;نەناسراوەكە(كە یەك كەسە لە سێ تەمەنی جیادا و دایمە پێكەوەن لە گەشتاكانیاندا) وادەردەكەوێ كار بۆ ئێڤا دەكات، كوڕی یۆناس و مارتای جیهانی ئێڤایە، كار بۆ ئەوە دەكات خاڵی سەرهەڵدانی گۆڕانكاریەكان ببڕێت (بەهەمان شێوەی نوح بەڵام دوو ڕێگەی جیاوازیان هەیە یەكێكیان بە ئایین و ئەویتریان بە توندوتیژی و جەنگ) چونكە ئێڤا خۆی هاوێنەی یۆناسە و عاشقی مارتایە(كە لە سەرەوە ئاماژەم پێكردوە ئێڤا لەجێی یۆناسە لە جیهانی هاوبەردا)

لەگەڵ ئەوەشدا كڵاودیا زیاتر بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە بە پەیوەندی كردن بە جیهانەكەی ئێڤاوە، كە هەڵساوە بە كوشتنی كڵاودیای جیهانی ئێڤا و خۆی لە شوێنی ئەو كار دەكات، و ئامێری كاتە ئاڵتونیەكە - گۆڵدن تایم مەشین ی دەستكەوتوە كە دەتوانێ بۆ هەر خاڵ و جیهانێك بیەوێ گەشت بكات. كڵاودیا دەیهەوێ ئەوە بۆ ئادەم دوپات بكاتەوە ئەم سوڕە بێسودە تاوەكو تانهاوسی جیهانی بنەڕەت ڕانەگرێ لە دروستكردنی ئامێری كات، بۆیە ئامێری كاتەكە دەدات بە ئادەم بۆ ئەوەی ئەویش بیدات بە یۆناسی گەنج تاوەكو یۆناسی گەنج مارتای جیهانی ئێڤا بڕفێنێت و بچنە جیهانی بنەڕەت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕودانی ئەو كارەساتە بكەن كەبەسەر كوڕەكەی تانهاوسدا دێت.

:ەنجام و كۆتاییەكەی

لە كۆتایدا بینیمان لە ئێوارە خوانێك هانا و ڤۆلەر و كاترینا و ڕێگینا و پیتەر و بێنی كۆبونەوە لە جیهانی بنەڕەتدا - ئۆرجیناڵ وۆرد كاتەدا كۆمەڵێك پرسیار بۆ بینەر دروستبوو بۆچی ئۆلریك بوونی نیە؟ بۆچی میكێل بوونی نیە ؟بۆچی شارلۆت بوونی نیە؟ بۆچی ئەلێكسانەر تیدەمان بوونی نیە؟ ئایا فرانسیسكا و ئیلیزابێس و یۆناس و مارتا و میكێل و ماگنەس دوبارە لەدایك دەبنەوە لە جیهانی بنەڕەت؟ بێگ

بێگومان وەڵامەكەش نەخێرە، لەدایك نابن چونكە لە جیهانی بنەڕەتدا گەشتی كات بوونی نەبووە، بەهۆی ئەوەی تانهاوس خێزانەكەی لەدەست نەداوە تا ئامێری كات دروست بكات، لەبەر ئەوەیش هێندێك لە خانەوادەكان بەرهەمی گەشتی كاتن و بەهۆی گەشتی كاتەوە دروست بوون وەك; خانەوادەی نێلسن، هەروەها خانەوادەی كانوالد و دۆبلەرەكان و خانەوادەی تیدمان لەدایك نابن. واتە شارلۆتیش بوونی نابێت چونكە ئەویش لە داهاتوو لەدایك بووە. هەروها بارتۆز بوونی نابێت چونكە ئۆلریك بوونی نەبووە تاوەكو بەهۆیەوە ئەلێكساندەر; ڕێگینا بناسێت كاتێك لە ساڵی ١٩٨٦دا گرژیەك ڕویدا لەنێوان ئولریك و ئەلێكساندەر و كاترینا و ڕێگینا كە بووە هۆی ناسینی ئەم دووانە و بەهۆیەوە ئەلێكساندەر دەستی بەكاركردن كرد لە وێزگە ئەتۆمیەكە.

هەر لە كۆتا دیمەندا دەبینین (هانا) سكپڕە بە منداڵی ڤۆلەر و هەڵسوكەوتی نائاسایی و گوماناوی دەردەكەوێ، وە كاتێك لێی دەپرسن منداڵەكەت ناو دەنێی چی؟ دەڵێت; پێموابێ یۆناس! كە ئەوەش كۆمەڵێ پرسیاری تر دروست دەكات، گریمانەی من ئەوەیە( تەنها ڕای خۆمە) ئادەم و ئێڤا بوون بە خودا و لەناو كاتدان، بۆیە دەبنە هۆی دروستبوونی (دێژا ڤوو) كە دیاردەیەكە كەسی ئاسایی لە نەستەوە هەستی پێدەكات لە كاتی ڕودانی هەر شتێكی ئاسایی لە ژیاندا، كە وا هەست دەكات پێشتر ئەو ڕوداوەی بینیوە، ئەوەش وادەكات لە نەستەوە ئادەم و ئێڤا كاریگەری خۆیان لەسەر دوو كەسایەتی دابنێن كە لەخۆیانەوە نزیكن، كە ئەوەش وادەكات بگەڕێینەوە بۆ بنەمای گیرۆدەیی كوانتەمی - كوانتەم ئینتێنگلمێنت كە وادەكات دوو كەس هەست بەناسیاوی یەكتر بكەن وەك ئەوەی بڵێی; ماوەیەكی زۆر لەمەوبەر گەردیلەكانی من گەردیلەكانی تۆیان ناسیوە، لە كات و سەردەم و شوێنێكی تردا. بە گشتی زنجیرەی دارك دەپرسێت مرۆڤ چیە؟ خودا چیە؟ لە كوێوە گەیشتین بە ئێرە؟ ئایە بەڕاستی ئێمە لە ڕەفتارەكانمدا ئازادین؟ یان لەلایەن هێزێكی بان سروشتیەوە ئاڕاستە دەكرێین؟ ئەو هێزە خودایە؟ یان پڕەنسیپێكی فیزیایە و بەشێكە لە سروشت؟ دەتوانین ئەو خودایە تێپەڕێنین؟

/فەرهەنگۆك

فەرهەنگۆك/ پێكدادەری گەورەی هایدرۆنی ـ یەكێك لە گەورەترین ئامێرەكان كە مرۆڤ توانیویەتی دروستی بكات تا ئێستا، بۆ لێكۆڵینەوە لە جیهانی وردی گەردیلەیی 'مایكرۆسكۆپیك' دواتر بووە هۆی دۆزینەوەی تەنۆلكەكانی بۆزۆنی هیگز، ئەم تاقیگەیە لەسەر سنوری نێوان فەرەنسا و سویسرایە، بریتیە لە تونێلێك كە درێژییەكەی حەڤدە میلە و بۆ ماوەی دە ساڵ كار لە دروستكردنیدا كراوە.

LHC = Large Hadron Collider

سینەمای تولیپ