بۆچی مامەڵەی لایەنە شیعەكان تەنها لەگەڵ پارتییە؟

05/04/2021

بۆچی پارتی و یەكێتیی تەعبیرن لە كورد؟ 
سەرتیپ وەیسی

س: بوار
پەسەندكردنی یاسایی بودجەی 2021ی عێراق و جێگیركردنی خواستی حكومەت و پارتی لە نێو بودجەدا، ئەوەمان نیشاندەدات هەوڵەكانی هاوپەیمانی هیوا و بەشێكی یەكێتیی، لە رووی ستراتیژییەوە هیچ شتێكی لێ شین نابێت ئەویش لەبەر دووهۆكار:
هۆكاری یەكەم؛ لایەنی شیعە قەزیەی كورد بە بەیەك پاكێج و پارچە سەیر دەكەن، لەم حاڵەتەشدا پارتی لە پێش هەمووان و دواتریش یەكێتیی بە لاوازی، تەعبیر لە كورد دەكەن، چونكە دواجار ئەوان حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمیان لەبەردەستە.
خۆ جیاكردنەوەی هاوپەیمانی هیوا و بەشێكی یەكێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هئیچ ئەنجامێكی نابێت، چونكە فراكسیۆنی هیوا‌، كاتێك دێنە سەر قەزیەی مافەكانی كورد، وەكو دەڵێن : دارێكیان بە دەستەوەیە هەردوو سەری پیسە، بۆیە‌ نازانن لەم حاڵەتەدا بەرگری بكەن، یاخود دژی ئەو پێشنیازانە‌ بوەستنەوە كە پارتی پێشكەشی دەكات، چونكە ئەوكات شەقامی كوردی بە جۆرێكی هەڵە تەفسیری پێشنیازەكانیان دەكات، لەو لاشەوە ماشێنی ئیعلامی بەوەی ئەوان دژی قەزیەی كوردین لە بەرامبەریان دەجولێندرێت. بەغداش پارتی و یەكێتیی دەخوێنێتەوە و ئەوانیش بە حاكمی یەكەم و دووەم دەزانێت.
هۆكاری دووەم؛ كاتێك شاندی حكومەت دەچێتە بەغدا ئەگەر بۆ خۆنواندنیش ( واتە بە درۆزنانەش وا نیشان بدەن بەرپرسێكی باشن بۆ هەرێم) دواجار ئەوان بە ناوی حكومەت و هەرێم قسە دەكەن.

پارتی براوەی یاریەكە بوو
هەر لە سەرەتاوە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان جگە لە ( محەممەدی حاجی محمود ) هەموویان لەگەڵ بژاردەی رێككەوتن بوون لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەسەر شێوازی پێكهاتنەكە بۆچوون و پێشنیازی جیاوازیان هەبو‌، بەڵام دواجار ئەو شێوازە پەسەندكرا، كە پارتی دەیویست و سەركردایەتی دەكرد. بۆیە ئەوانەی شانازی دەكەن بە پێكهاتنی هەرێم وبەغدا و بەیاننامە بڵاودەكەنەوە، كەواتە دەبێت‌ شانازی بە سیناریۆیەكەی پارتیش بكەن. ئەگەر پارتی لەم گفتووگۆیانەدا هیچیشی دەستنەكەوتبێت ئەوەی دەستكەوتووە كە فرۆشتنی نەوتی خستە ناو چوارچێوەیەكی یاسایی.

یەكێتیی و رێككەوتنی بەغدا و هەرێم
ئەو كەسەی لە گفتووگۆكانی بەغدا و هەولێر، رۆڵی واجیهەی بینی و پشكی شێری دەستكەوتەكانی بۆ دەگەڕێتەوە قوباد تاڵەبانی و تیمەكەیەتی (‌ لە نێویان دوو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی تێدایە). لەگەڵ ئەوەی قوباد تاڵەبانی و دوو وەزیری دیكەی یەكێتیی رۆڵیان هەبوو، بەڵام لە بەیاننامەكەی لاهور شێخ جەنگیدا، بە تایبەت سوپاسی ئەو سێ كەسە نەكراوە، لەكاتێكدا ئەوان ‌ تەعبیرن لە یەكێتیی و تیمی یەكێتیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بری ئەوە هاوسەرۆكی یەكێتیی ئەو فەزڵەی‌ بۆ خودی خۆی گەڕاندۆتەوە.
ئەگەر هاوسەرۆكی یەكێتیی ئەو رێككەوتنەی بەغدا و هەولێری بۆ تیمی یەكێتیی لە حكومەت و سیاسەتی یەكێتیی بگەڕاندبوایە باشتر بو، چونكە ئەوكاتە تۆماتیكی دەستكەوتەكە بۆ خودی خۆی دەگەڕایەوە، لەبەرئەوەی دواجار هەر خۆی هاوسەرۆك و كەسی یەكەمی ئەو حزبەیە ‌و باشی و خراپی ئەو حزبە بۆ بەرپرسی یەكەم دەگەڕێتەوە‌.
پێویستی دەكرد هاوسەرۆكی یەكێتیی، لە بری ئەوەی لە بەیاننامەكەدا خۆی بە براوە نیشان بدات و بە جێناوی " من " قسە بكات، هەر لە سەرەتای بەیاننامەكەیدا سوپاسی ئامۆزاكەی و دوو ئەندامەكەی دیكەی سەركردایەتی حزبەكەی بكات.

هەوڵە بێ ئەنجامەكانی هاوپەیمانی هیوا
سەبارەت بە هەوڵەكانی فراكسیۆنی هیوا،‌ بەهۆكاری ئەوەی حكومەت بە ناوی هەرێمەوە دەچێتەوە بەغدا و لایەنەكانی بەغداش هەموو كورد بە یەك پارچە ‌و پاكێج سەیر دەكەن، هەر بۆیە دەرەنجامی ئەو كار و سیاسەتانەی ئەوان لەماوەی رابردوو گروتوویانەتەبەر، چ بە گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بێت، یاخود هەر هەوڵێكی دیكە، چاوەڕێ ناكرێت نە‌ لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا هیچ دەرەنجامێكی ئەوتۆی لێبكەوێتەوە‌، بۆیە دەرەنجامی كارەكانیان ئەوەیە، كە چەند پەرلەمانتارێك لەو نێوەندەدا دەبنە ژمارەی گەورە و پاڵەوان، بەشێك لە ئەندامانی ئەو فراكسیۆنەش‌ بە ناچاری یاری پۆپۆلیستی دەكەن. هەر بۆیەش هەوڵەكانیان لە چوارچێوەی قسە ‌و هەوڵی بچووك و شەخسی دەمێننەوە.

سوتانی كارتی لامەركەزیەت
یەكێك لە خراپییەكانی ئەو رێككەوتنەی هەولێر و بەغدا‌ بۆ یەكێتیی و لایەنەكانی دیكه،‌ سوتاندنی كارتی فشاری لامەركەزیەت و جیاكردنەوەی سلێمانی بو، چونكە پارتی و حكومەت بە جێبەجێكردن و جێبەجێنەكردنی ئەو ماددە و بڕگانەی لە یاسایی بودجەدا هاتووە و تایبەتن بە كورد‌ براوەن و هیچ رێگەیەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر پرسی لامەركەزیەت و جیاكردنەوەی سلێمانی وەكو كارتێكی فشار بكرێت. بە جێبەجێكردن و جێبەجێنەكردنیش ماددەكانی تایبەت بە كورد لە بودجەدا ئەوكات دەیخەنە ئەستۆی بەغدا.