باسكردنی كۆندۆم عەیبە، بەڵام..!

05/04/2021

ئەژین عەبدولخالق
لە دونیای مۆدێرندا، منداڵ لە سەرووی هەموو شتێكە. دروستكردنی منداڵیش گەورەترین بەرپرسیارێتییە، كە ساڵانێك دایك و باوك پلان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژن. وە كە دایك و باوكیش جیادەبنەوە هەردووكیان بە شێوەێكی یەكسان ئەركی منداڵەكانیان هەڵدەگرن و كەمجار ڕوودەدات پاساو بۆ نا بەرپرسیارێتی خۆیان بهێننەوە. 

لە نێو دونیای كوردی، تا ئێستاش ناوهێنانی كۆندۆم عەیبە، بەڵام دروستكردنی منداڵێك و دواتر خۆدزینەوە لە ئەرك و بەرپرسیارێتی منداڵ هیچ عەیبەێك نییە. بە تایبەت گەر بكەرەكەمان پیاو بێ. 
بۆیەش دەبینین زۆربەی جار دوای جیابوونەوە، منداڵ لەلای دایكی دەبێ و باوكەكە وا تێدەگات لە ئەرك و ماف و خۆشەویستی پێدانی منداڵەكەش جیادەبێتەوە. كارەسات لەوێیە تۆ وەك باوكێكی گەورەو سالم لەوە تێنەگەیت كە سەدان جۆر تراوما لە ژیانی ئەو منداڵەت دروست دەكەی، كاتێك ناچیتە بەردەمی قوتابخانەو چاوەڕوانی منداڵەكەت نیت، كاتێك ئامادە نیت لە هەفتەێكدا یەك چیرۆكی بە تەلەفۆنیش بۆ بخوێنیەوە، كاتێك تۆ وەك كوڕێكی چواردە ساڵە خەریكی ژیانی خۆتی و ئەوەی بیرت نییە منداڵەكەتەو ئامادە نیت یەك بەرژەوەندی سەفەر، كار و كاسبی، و پۆست و خۆشی خۆت لە پێناو منداڵەكەت لە دەست بدەی. سەیرە پێت وابێ و چاوەڕوان بی ئەو منداڵە ڕێزت بگرێ لە داهاتوودا.
یان بە هەموو عەقڵ و مەنتقی خۆتەوە پێتوایە منداڵەكەت عەقڵی نییە و هەست بەو هەموو ساڵەی بێ باوكایەتی خۆی نەكا و بتوانێ وەك باوكێكی دڵسۆزیتر مەرحەبایت بكا. 
منداڵەكانمان لە ئێوە ژیرتر و چاوكراوەترن، ئەوان جیلی تیك تۆكن ڕۆژانە دەیان چیرۆكی وایان بەرچاو دەكەوێ چۆن خەڵكانی پسپۆر و شارەزا لەبواری سایكۆلۆژی و پەروەردەی مناڵ باسدەكەن ئەو جۆرە تراومایانە مناڵ تێكدەشكێنن. و باوك و دایك و گەورەكا تاوانبارن و ناكرێ بە هیچ پاساوێك دەستبەرداری ئەركی باوكایەتیت بیت.
بۆیە چاوەڕێ بكە بە تیك تۆك و سناپچات پێت بڵێ چۆن ڕۆیشتی هەر وا بڕۆ.